ڕۆژی 8 ی شوبات دەستەی ناڕەزایەتی خەڵک، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان سازدا، سەبارەت بە نەخشەی حکومەت بۆ نانبڕینی خەڵک لەژێر ناوی ’’پاشەکەوتکردنی موچە‘‘ دا. وەک پیشەی هەمیشەییان هێزەکانی ئاسایش سەرەتا ویستیان پێش بە کۆبوونەوەکە بگرن، بەڵام زانیان سوربوونی هەڵسوڕاوانی دەستەکە و بەشداربووان پێشی پێناگیرێت، ناچار کۆڵیان دا. هەر لە کاتی ئەنجامدانی ئەم چالاکیەوە کەوتنە چاودێریکردنی خەڵک و هەڵسوڕاوان.
بە دوای تەواوبوونی کۆنگرەکەدا، چەند کەسێکی ئاسایش بە جلی مەدەنی و بە ئۆتۆمۆبیل دوای چەند هەڵسوڕاوێک کەوتن و هەڵسوڕاوانی دەستەی ناڕەزایەتی خەڵکیان خستبووە ژێر چاودێریەوە، بە ئۆتۆمۆبیلێکی جۆری مازدا، ژمارە (20255) کە دوو کەسی تێدا بوو، ناویان لای ئێمە هەیە.
ئێمە لە کاتێکدا کە جەماوەری توڕە و ناڕازی لەم کار و ڕەفتارانەی ئاسایش و دەزگا جاسوسیەکان ئاگادار ئەکەینەوە، لەهەمان کاتدا ڕایئەگەیەنین که دەست لەم کارانە هەڵبگرن.
دەسەڵاتی حکومەتی کوردایەتی نان و موچەی خەڵک ئەبڕێت و بە خەیاڵی خۆی ئەشیەوێت بە سەرکوت و چاوسورکردنەوه پێش بە ناڕەزایەتی خەڵک بگرێ بەڵام ئەبێ باش بزانن کە برسیکردنی خەڵکی دەستەنگ و پیادەکردنی سیاسەتی سک هەڵگوشین، نەفرەت و توڕەیی خەڵکی گەیاندۆتە لوتکە و بەم ڕەفتارانە نەک پێشی پێ ناگیرێت و بەڵکو تورەیی خەڵک زیاتر دەکات، سەرکەوتن هەر بۆ جەماوەری ناڕازی ئەبێت.
10-02-2016