نووسینی: د.جەمال نەبەز
ئامادەکردنی بۆ گرووپی زمانی ستانداردی کوردی لە فەیسبووک: سەریاس ئەحمەد
"رەقیب "کە بە وشەیەکی ئارەبیی دەدرێتە قەڵەم و، ئارەبەکان بۆ چاودێر بەکاری دەبەن (سەرنجی وشەی "رقابة" بدەن کە بە مانای "چاودێریی" و "چاوپێداگرتن"ە. فارسەکان بۆ "ناحەز" و "بەربەرەکانیکەر" بەکاری دەبەن. ئەم وشەیە؛ نە ئارەبییە و نە فارسیی، بەڵکو وشەیەکی کوردییی چەکوشکارییکراوە. وشەکە لە وشەی "رق"ەوە هاتووە کە "رق" و "رک" یەک بنچینەیان هەیە. وشەی "رەقیب"، "رقێو"ی کوردییە، واتە، کەسێک کە ڕقدار و ڕقلەدڵ بێ. پاشکۆی " –ێو eew (êw) کە کورتەی " خێو xêw / xeew "ە لە زمانی کوردییدا نیشانەی خاوەنێتیی شتێکە. "خاوەن" بە کوردیی "خێو"ە، سەرنجی وشەی "بزێو bzêw" (bz-êw) بدەن، واتە "خاوەن بزووتنەوە"، "بزووتنەوەدار". ڕقێو، خاوەن ڕق.
زمانی ئارەبیی دەنگی و / ڤ (w/v) لە هێندەک وشەدا دەکا بە (ب/b)، وەک ئەوەی ئاڤێستا (avêsta)ی کردووە بە "ئابستاق abstaq". "سەراو seraw"ی کردووە بە "سراب"، "رقێو"یشی کردووە بە "رەقیب". شایەنی باسە، وشەی خێوxêw لەخودێ وەند xudê-wend ەوە بووە بە خودێو xudêw ئەوجا بەخدێو xdêw، پاشان بە خێو xêw. (سەرنج: خدێو، نازنێوی بنەماڵەی پاشاکانی میسر بوو، کە بنەماڵەیەکی بە ڕەچەڵەک کوردبوون).
وشەی "دین" وشەیەکی ئارەبیی نییە، بەڵکو کوردیییەکی کۆنە. وشەی "دین" لە "دیوان"ەوە دێ. "دیوان" ئەو شوێنە بووە کە ئەگەر خەڵک لەسەر کارێک، یان شتێک لەگەڵ یەک ناکۆکییان هەبووایە، دەچوونە ئەو شوێنە بۆ ڕێکخستنیان لەگەڵ یەک. ئەم "دیوان"ە لەسەردەمی ساسانییەکاندا هەبووە. وشەکە کەوتووەتە زمانی ئارەبییەوە. ئەوەتا وشەی "دین" لە قورئاندا هەیە بەمانای "دادگە" (محکمة). سوورەتی "فاتیحە" کە بەیەکەمین سوورەتی قورئان دادەنرێ، خوا بە "خاوەنی ڕۆژی دادگەییکردن" (مالک یوم الدین) نێو دەبا، واتە خاوەنی ڕۆژی دادگەییکردن و لێپرسینەوە، مەبەست ڕۆژی "پەسلان" (قیامەت)ە. لە زمانی کوردییدا بۆ "دین" وشەی کێش هەیە.
وشەی "ئاین" گەلێک مانای هەیە، ئەوەش وشەیەکی کوردییە، کە بە مانای "باوەڕ"، "رێباز"، یان "رەوشی" کارکردن" و... هتد دێ، وەک لەسەرەوەش ئاماژەکرا بۆی.
پیرەمێرد (1867 – 19-06-1950) لە هەڵبەستێکدا گوتوویەتی:
"جوولەکە شەمووی هاتبوو بە سەردا،
موسڵمان ئاگری لە ڕیشی بەردا.
گاور جگەرەی پێ داگیرساند.
شیعە بە کێردە کولە دەیترساند.
رەسم و ئاینی زەمانە وایە، لە ڕۆژی ڕەشدا کێ بە وەفایە".
"رەسم" کە لێرەدا بۆ یەکەمجار بنچینەکەی باسدەکرێ، وشەیەکی کوردیی تەواو کوردییە.
"رەسم" لە "رێ-ئاسا-مەند" "Rê-asa-mend"ەوە دێ "رێ-ئاسا" بووە بە "رێسا"
رێسامەند/رێساوەند، واتە شتێک، یان کارێک، کە پەیوەندیی بە "رێسا"وە هەیە.
"رەسم" (رسم) کە لە زمانی ئارەبییدا، بەکاردەهێنرێ، بەو پارەیە دەگوترێ کە بە پێی ڕێسایەک (قانوونێک) دەبێ بدرێ، وەک کرێیەک بۆ تەواوکردنی هێندەک کاروبار لە فەرمانگەیەکدا.
سەرنجی وشەی "رسوومات (رسومات)" بدەن کە گەل (جمع)ی "رسم"ە.
"رەسم" (رسم) لە ئارەبییدا بە مانایەکی ئاینییش دێ کە وشەیەکی دیکەش بۆ ئەمە هەیە (طقس/طقوس). شایانی باسە، لە زمانە ئەوروپاییەکاندا وشەی Ritual، Ritmus، Ritus هەن بۆ "رێسا" و "رەسم". کە وشەی "رەسم"ی کوردیی و ڕیتموس (ریتم)ی ئەوروپایی، یەک بنچینەیان هەیە.
"زەمان" وشەیەکی کوردییی کۆنە. "زەمان zem-an" گەل (جمع)ی وشەی "زەمZem "ە. "زەم" شێوەیەکی کۆنی وشەی (دەمdem)ە کە مانای "کات"ە. دەنگی (زZ) کۆنترە لە دەنگی (د d)، سەرنجی وشەی زاوا Zawa و داماد damad، زەریا zerya و دەریا derya، زانا zana و دانا dana بدەن.