ئەمڕۆ ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی (19ی شوباتی 2016)، هەر پێنج فراکسیۆنی (گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی) لە پەرلەمانی کوردستان، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردۆتەوە و تێیدا هاتووە: "پاراستنی ئارامی و بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە ئاڵۆزە، لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەولێرە".
ئەوەی بۆ ئێمە جێگەی پرسیارە ئەوەیە، مەبەستی ئەم پێنج فراکسیۆنە، لە "دەسەڵاتدارانی هەولێر"، چییە؟!
بەکارهێنانی ئەم دەستەواژە لە کاتێکدایە، کە زۆربەی ئەو حیزبانەی ئەو پێنج فراکسیۆنە نوێنەرایەتییان دەکەن، لە پرۆسەی دەسەڵاتداری و حوکمڕانی کوردستان بەشدارن و بە گوێرەی قەبارەی خۆیان، پێگەی خۆیان هەیە و هیچ پاساوێک بۆ بەکارهێنانی دەستەواژەی دەسەڵاتداری ئەم شار و ئەو شار و ناوچەگەرێتی ناهێڵێتەوە، ئێمە ئەم جۆرە موخاتەبەیە، بەجۆرێکی دیکەی خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی دەزانین و پێمانوایە دەچێتە خانەی موزایەدەنامەوە، چونکە بە زمانێک داڕێژراوە، پڕە لە بوهتان و چەواشەکاری و دوور له ڕاستی و پرەنسیپی ئەخلاقی سیاسی باسی هێرشکردن بۆ سەر بارەگای حیزبی دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا هێرش کرایە سەر بارەگاکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بە سوتاندن و تەقەکردن، چەند ئەندام و لایەنگر و کادیرێکمان شەهید و بریندار بوون و بارەگاکانمان زیانییان پێگەیووە، کەچی ئەو لایەنانە هەم بێدەنگی و هەم بێهەڵوێستییان هەڵبژارد و بەوەیش ناسنامەی دوو فاقییان هەڵگرت.
جگە لەوەیش لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی کە لە نزیک شاری ئورفەی باکوری کوردستان، کرایە سەر بۆرییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و بەو هۆیەیشەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان ڕاوەستاند، کە بە شادەماری ئابووری هەرێمی کوردستان و بە بەشێک لە ئەمنی قەومی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، بێدەنگ بوون و لەوبارەوە هیچ لێدوان و هەڵوێستێکیان نەبوو.
ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بەرانبەر هەموو دۆخێکدا، خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین، چونکە ئەوە ئێمەین کە لە پێناو ئێستا و چارەنووسی ئەم وڵاتەدا، قوربانیمان داوە و قەدری ئەم وڵاتەیش تەنها لای ئێمەیە، نەک ئەو لایەنانەی، کە جگە لە خۆ دزینەوە و سیاسەتی دوو فاقییانە، توانای هەڵگرتنی هیچ بەرپرسیارێتییەکییان نییە.
بە هەموو لایەکیشی ڕادەگەیەنین، لە بەرانبەر هەر لایەنێک، کە لە مانای شەراکەتی حوکمڕانی تێدەگات، بڕوامان بە شەراکەتی حوکمڕانی هەیە و بەوپەڕی متمانە بە خۆبوونەوە، لەگەڵ پێشهاتەکاندا هەڵسوکەوت دەکەین، پێیشمانوایە بەم چەشنە سیاسەتکردنە دووفاقییانەی کە بووەتە پیشەی هەندێک لایەن، سیاسەتێکن کە دەیانەوێت ڕۆژ بە ڕۆژ هەوڵی خاوکردنەوەی ئەو هەنگاوانە بدەن، کە گەلی کوردستان لە خاڵی گەیشتن بە ئامانجەکانی نزیک دەکاتەوە، ئەمەیش لە خەیاڵێکی خاوەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەو لایەنانەیش کە پانای بۆ دەبەن، دەبێت تێبگەن کاروانەکە لە ئامانج نزیک بووەتەوە.
هاونیشتیمانییانی خۆشەویستی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوه، کە بە هیچ شێوەیەک موزایەدەنامەی هیچ لایەنێک، ناببێتە هۆی لە دەستدانی ئەو دەستکەوتانەی کە بەرهەمی خەبات و خوێنی چەندین ساڵەی ئەم گەلە ستەم دیدەیەن و ناتوانن لە گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانمان خاومان بکەنەوە.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان
19-02-2016