ماوەیەکە چەند لایەن و پێگەی ئەلکترۆنی هەوڵ دەدەن بە شێوازی جۆراوجۆر گومان بخەنە سەر پرۆسەی ڕزگارکردنی (مارلین ستیڤانی نیڤەرلاین) ئەو کچە سویدییەی لەرێکەوتی 17-2-2016 لەلایەن هێزێکی تایبەتی دژەتیرۆرەوە لە قوڵایی سنووری ژێر دەسەڵاتی داعش ڕزگارکراوە.
لێرەدا بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین کە چەند کەسێکی هەڵپەرست هەبوونە پێش ئەو پرۆسەیە ویستوویانە دۆخی دەروونیی خانەوادەی کچە سویدییەکە بقۆسنەوە و بەڵێنیان بە مامی کچەکە دابوو کە، بەرامبەر بە پارە ڕزگاری دەکەن و بەم هەوڵەشیان نەک سەرکەوتوو نەبوونە، بەڵکو گیانی کچەکەیان خستبوویە مەترسییەوە.
دوای ئەم هەوڵە خانەوادەکە و لایەنە فەرمیەکانی سویدی پەیوەندییان بە ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە و داوای ڕزگارکردنی کچەکەیان کردووە، ئەوە بوو دوای بەدواداچوونی ورد ئەرکەکە لە لایەن هێزێکی تایبەتی دژەتیرۆرەوە سەرکەوتووانە جێبەجێ کراوە و لایەنە فەرمییەکانی هەردوولاش ئاگاداری وردەکاریی ئۆپەراسیۆنەکەن.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
03-03-2016