دوای 24 ڕۆژ لە وەستان، ڕۆژی هەینی11-3-2016، هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەستیپێکردەوە. لەو ماوەیەشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 360 ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە، تورکیاش وەک یارمەتیدانی خێرا بڕی 200 ملیۆن دۆلاری گەیاندووەتە هەولێر.
کاژێر 04:00 ی ئێوارەی ڕۆژی هەینی 11-3-2016 هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا دەستیپێکردووەتەوە. هێشتاش حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ لێدوانێکی فەرمی نە لەبارەی زیانەکان و، نە لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت نەداوە.
دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی ڕووداو)ی ڕاگەیاند، هەرێمی کوردستان بەهۆی وەستانی نەوت ڕۆژانە نزیکەی 15 ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە، بەو پێیەش ئەگەر لەماوەی 24 ڕۆژدا هیچ بڕە نەوتێک هەناردە نەکرابێت، زیانەکە دەکاتە نزیکەی 360 ملیۆن دۆلار.
پێشتر سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەرباز کۆسرەت، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاندبوو بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت ڕۆژانە نزیکەی 15 ملیۆن دۆلار زیان بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت.
لەبەرامبەریشدا ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان پاڵپشت بە چەند سەرچاوەیەکی پیشەسازی نەوتی لە تورکیا ڕایانگەیاندووە "حکومەتی تورکیا بەهۆی ئەو زیانە داراییەی لە ئەنجامی وەستانی هەناردەکردنی نەوت بەر حکومەتی هەرێمی کوردستان کەتووە، بڕی 200 ملیۆن دۆلاری وەک یارمەتی بەپەلە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە".
دەنگۆی پێدانی 200 ملیۆن دۆلار بە هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو هەواڵەی ڕەت یان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
رۆژی 16-02-2016، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان وەستێنرا و سەرەتا وابڵاوکرایەوە لە سنووری شاری ڕووهای باکووری کوردستان هێرشکراوەتە سەر بۆری هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان، کە ئەو بۆرییە بە شادەماری ئابووری هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت، دواتریش گوترا بۆرییەکە کونکراوە و نەوتی لێدزراوە.
بەڵام ڕووداوەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان PKK لێدوانی جیاوازی لەسەر درا، هەرچەندە تورکیا ئۆباڵەکەی خستە ئەستۆی پەکەکە، بەڵام دەمهات عەگید، گوتەبێژی کاروباری دەرەوەی کەجەکە ڕایگەیاند، ئەوان بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانیان نەتەقاندووەتەوە و، تەقاندنەوەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕووها هیچ پەیوەندییەکی بە ئەوانەوە نییە، ناشزانن کێ شتی وایکردووە..
هەر لەو بارەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارەکەی نەخستە ئەستۆی هیچ لایەنێک و ڕایگەیاند ناتوانن هیچ لایەک تۆمەتبار بکەن. پاشان بێدەنگی لە ڕووداوەکە کراو هیچ ئەنجامێکی ڕوون ئاشکرا نەکرا.
- 13-03-2016