دکتۆر جەبار قادر
بەر لە چەند ساڵێک برادەریکی کوردی ڕووسیا زۆر بە گەرمی باسی لە کۆمارێک بە نێوی باشکوردستان دەکرد لە ڕووسیای فیدیرالی. کەس لە ئێمە، ئەوانەی گوێمان لێدەگرت، شتێکی لەو بارەوە نەژنەوتبوو. پێم سەیر بوو کۆمارێکی وا هەبێ و ئێمە ئەوەندە لێی بێ ئاگا بین، بە تایبەتی ئەوانەی ساڵانێکیان لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران و ڕووسیای دوای پیریسترۆیکا و گڵاسنەست بەسەر بردووە. ئەو برادەرە، کە ناوەکەیم لە بیر کردووه، دەیوت لە گەڵ هەندێ لە کەسانی شارەزای ئەو کۆمارە قسەی کردووە و ئەوان پێیان وتووە کە ناوی وڵاتەکەیان باشکوردستانە، بەڵام کراوە بە باشکۆرتۆستان. بە بۆچوونی ئەو برادەرە بێت دەبێ ئەوە لە ژێر فشاری تورکیادا کرابێت. هەر ئەو کاتە هەندێک گەڕام بە دوای زانیاریدا لەو بارەی باشکوردستانەوە و لە یەک دوو کوردناسی دیاری ڕووسیا وەکو ڵازەرێف و هەسراتیانم پرسی، وەڵامەکەیان ئەوە بوو کە شتی وا نیە. ئەو ڕۆژانە گەڕان بەدوای زانیاریدا کارێکی ئاسان نەبوو وەکو ئێستا.
مەسەلەکەم لە بیر کرد و لە دڵی خۆمدا وتم وادیارە ئەمەش خەیاڵێکی خۆشی کوردانه بوو، کە زۆر دەوڵەمەندە بۆ چیرۆکی سەیر و سەمەرە. ساڵانێک بەسەر ئەو چیرۆکەدا تێپەڕین بێ ئەوەی شتێکی نوێ لە بارەی باشکوردستانەوە بژنەوین. لەم ڕۆژانەدا ئەو برادەرەم لە ڕیپۆرتاژێکدا لە یەکێ لە کەناڵە ڕووسییەکان بەرچاو کەوت. خوا هەڵناگرێ بەهەمان هەستی گەرمی کوردانەوە قسەی دەکرد. ئەم جارەیان دەیویست ڕووسەکان بەوە قایل بکات کە هاوکاری کورد بکەن و هەقیان بەسەر هیچەوە نەبێ. زوو زوو دەیوت " با دونیا بەس یارمەتی کوردان بدات و ئیتر هەقێ نەبێ، بزانە ئەوان چۆن ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەموو ڕۆژهەڵات دەگێڕنەوه". دەرکەوتنی لە ناکاوی ئەو برادەرە باس وخواسی کۆماری لە بیرکراوی باشکوردستانی وەبیر هێنامەوه. لە ئەنجامی گەڕانێکی کەمدا ئەم زانیارییانەم لە لا گەڵاڵە بوون، پێمخۆشە بیخەمە بەر دیدی ئێوەی بەڕێزیش.
کۆمارەکە ناوی" باشکۆرتۆستانە"، کۆمارێکی ئۆتۆنۆمییە لە ڕووسیای فیدیرالی، دەکەوێتە هەرێمی ئۆراڵ، پایتەختەکەی شاری ئوفایه و بە گەلی بەشکیرەوە ناو نراوە. بەڵام ئەم ناوە نوێیە و ناوی ئەم کۆمارە چەند جارێک گۆڕانی بەسەردا هاتووە. بۆ یەکەمین جار لە نۆڤەمبەری 1917، واتا چەند ڕۆژێک دوای شۆڕشی ئوکتۆبەر، بە نێوی "دەڤەری ئۆتۆنۆمی نەتەوەیی باشکوردستان" ڕاگەیاندرا. واتا قسەی برادەرەکەمان بنەمایەکی هەبوو، چونکە ناوەکە باشکوردستانە نەک باشکۆرتۆستان. نازانرێ ئەم ناوی باشکوردستانە لە کوێوە هاتووە و چۆن لەو کۆمارە ئۆتۆنۆمییە نراوە. ئایە لە پەلە پەلی بەلشەڤییەکاندا تێکەڵی و پێکەڵی دروست بووە لە گەڵ کوردستانی ئازەربایجاندا؟. ئەوەی ئازەربایجان قەزایەک بوو بە ناوی کوردستان و پایتەختەکەی لاچین بوو و لە ساڵانی 1923 – 1929 لە ئارادا بوو و لە ساڵی 1929 لە ژێر پەردەی گۆڕانکاری و سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی سیستەمی کارگێڕی لە بەین برا. هەرێمی کوردستانی ئازربایجان زۆر جار لە سەرچاوەکاندا بە کوردستانی سور ناوی دەبرێت. بەڵام ئەمەیان لە کەفکاز (قەوقاز) بوو و باشکوردستان لە هەرێمی ئۆڕاڵ و ڤۆڵگا بوو. کوردستانی سور دەڤەری نەگۆڕنە - قەرەباخی لە ئەرمەنستان جودا دەکردەوە. لە ساڵانی 1988 – 1994 ئەرمەن و ئازەری شەڕیان بوو لە سەر ئەم هەرێمه. ئێستاش کێشەکە هەر بە هەڵواسراوی ماوەتەوە. نەگۆڕنە - قەرەباخ لە ژێر دەستی ئەرمەنەکانە، هەرچەندە دەکەوێتە نێو خاکی ئازەربایجانەوە. ئێستا کەس باسی کورد ناکات وەکو ئەوەی لەوێ هەر نەبووبێ.
لە 20 مارتی 1919 لە ئەنجامی ڕێکەوتننامەیەکدا لە نێوان دەسەڵاتی سۆڤیەتی و حکومەتی خۆجێی بەشکیریا ناوی باشکوردستان کرا بە کۆماری ئۆتۆنۆمی سۆڤیەتی سۆسیالیستی بەشکیریا. بەشکیریا بە یەکەمین دەڤەری جوگرافی ئۆتۆنۆمی لە نێو ڕووسیای فیدیرالیدا دەژمێردرێت. لە 11 ئوکتۆبەری 1990 ناوی ئەو کۆمارە ئۆتۆنۆمییە سۆڤیەتییە گۆڕا و بوو بە کۆماری سۆسیالیستی باشکۆرتۆستان و لە 22 شوباتی 1992 بە کۆماری باشکۆرتۆستان.
ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە چوار ملیۆنە. پانتایی جوگرافی باشکۆرتۆستان 142،947 کم. زمانی ڕەسمی بەشکیری و ڕووسییە. سەرۆکی کۆمار: ڕۆستەم خامیتۆف (دەتوانێ حامیدۆف یا حەمیدۆف بێت)، سەرۆک وەزیرانیشی ڕۆستەم مەردانۆفە. ئالا و مارشی نەتەوەیی خۆی هەیه.
لە سەرچاوە مێژووییە کۆنەکاندا، کە بە زمانی عەرەبی و فارسین، باشکۆرتۆستان بە باشگورد، باشگیردیا، باسکاردیا، باشگیرد و هەندێ ناوی تری لەم جۆرە نێوی هاتووە. مێژوونووسانی وەک فەزڵەڵا ڕەشیدەدین، ئەحمەد ئیبن فەزڵان، ئەلبەلخی و هەندێ گەڕیدە و نووسەری ئەوروپاییش باسیان لە وڵاتی بەشکیرەکان کردووە. لە سەدەکانی شازدە و حەڤدە بووە بە بەشێک لە ڕووسیا. بەر لەوەش شەڕی زۆری لە دژی مەگۆلەکان کردووە.
دانیشتوانی ئەم کۆمارە ئۆتۆنۆمییە لەم گەلانە پێهاتوون: ڕووس 36،1%، بەشکیر 29،5%، تەتار 25،4%، چوڤاش 2،7%، ماریتس 2،6% و ئۆکراینی 1% و 2،7% دانیشتوانی دیکەی سەر بە نەتەوەی جیاواز. لەو دەڤەرەی کە کۆماری باشکۆرتۆستانی تێدا هەڵکەوتووە نوێنەرانی زیاتر لە 120 نەتەوە و گروپی ئەتنیکی جیاواز دەژێن. باشکۆرتۆستان سروشتێکی جوان و دڵرفێنی هەیە و زۆر جار لە ڕووسیا بە سویسرای دووەم نێوی دەبەن و گەلێ گەشتیار ڕووی تێدەکەن، بەڵام گەشتیاریی نەبووە بە پیشەسازییەکی پێشکەوتوو، بۆیە لە دەرەوەی ڕووسیا نێوبانگی نیە. 67% دانیشتوان باشکۆرتۆستان موسوڵمانی سوننە مەزهەبن و 22% کرستیانی پراڤەسڵاڤیانن (ئەرتەدۆکسن)، زیاتر لە هەزار مزگەوت و 200 کلیسا لەو وڵاتە هەن.
زمانی بەشکیری سەر بە گروپی زمانە تورکییەکانی ئۆڕاڵە و لە سێ دیالێکتی سەرەکی پێکهاتووە: دیالێکتی ڕۆژهەڵاتی، باکوری ڕژئاوایی و باشوری. زمانی بەشکیری لە ساڵی 1920 هاوشانی زمانی ڕووسی زمانی دەوڵەتە لەم وڵاتە.
پێویستە لێرەدا ئاماژە بەو ڕاستییە بکەین، کە لە نێو دانیشتوانی ئەم کۆمارەدا باسی لە کورد نەکراوە. ئەوانەشی شارەزاییەکی کەمیان لە بارەی یەکێتی سۆڤیەتی جاران و ڕووسیای ئەوڕۆەوە هەیە دەزانن کە کوردەکانی ئەوێ لە کۆمارەکانی ئەرمەنستان، گورجستان، ئازەربایجان، کازاخستان، تورکمەنستان، کیرگیزیا دەژێن. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت و پەرەسەندنی کێشە و ململانێی نەتەوەیی و باری سەختی ئابوری کۆمارەکانی کەفکاز، ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئەو وڵاتانە ڕوویان لە دەڤەر و شارە گەورەکانی ڕووسیا و ئۆکراینا کردووە.