د. جەبار قادر
لە عیراقی سەدام حوسێن و دوای ئەویش شتی سەیر و سەمەرە ڕودەدەن. لەو وڵاتە لێکدانەوە و دید و بۆچوونی وا ئەژنەوین کە بە هیچ سەنگ و پێوانێک ناپێورێن. لە بەر ئەوەی عیراق وا نزیکەی نیو سەدەیە بۆتە لانەی شەر و ئاژاوە و خوێنرشتن، هەرچەندە پێش ئەوەش ئەو وڵاتە ئاسودەیی بەخۆە نەبینیوە، دەڵێم بۆیە هەموو شتێ شەری خۆی هەیە. لە تەک شەری دەستور و فیدیراڵی و مافی ژنان و ڕۆڵی ئیسلام لەو وڵاتەدا، شەری ئامار و ژمارەش تا بڵێی گەرمە. لەم بوارەدا تورکمانەکان هەموو سنور و لایەکیان بەزاندووە. دەڵێی لە قاری بازاری قۆریەن، هەر ڕۆژەی شتێ دەڵێن و ئەو ڕێژە و ژمارانەی ڕایدەگەیەنن و بڵاوی دەکەنەوە لە هەڵکشان و دابەزینێکی سەیردان. دەکرێ ئەو ژمارەیە لە سپێدە و سەر لە بەیانی یەک ملیۆن بێ و سەر لە ئێوارە خۆی لە سێ ملیۆن و نیو بدا. ڕێژەکەش بە هەمان شێوە دەکرێ لە 2 % بگاتە 13%. زۆر گوێ بە بەڵگە و ئامار و ئەم شتانەش نادەن. زۆر سەخڵەتیان بکەی دەڵێن خەدیجە (دەتوانێ ئەیتان و سۆنگوڵیش بێ) ناوێک لە یەکێک لە زانکۆکانی لۆندەرە (لەندەن) لەم بارەیەوە لێکۆڵینەوەی بێ غەل و غەشی ئەنجامداوە و ئەوەی ساخکردۆتەوە کە هەموو ئامار و سەرژمێرییە فەرمییەکانی دەوڵەتی عیراق لە مەر ژمارە و ڕێژەی تورکمان دروست نین. سەیر لەوەدایە ئەم قسە و قسەڵۆک و بالۆرانە لە سەر ئاستی سیاسی و لە هەموو ئەو بڵاوکراوانەدا کە لایەنگیری لە مافی تورکمان دەکەن وەکو ڕاستیی و فاکتی مێژوویی و جوگرافی مامەڵەیان لە گەڵدا دەکرێ. هەندێ سیاسەتمەدار و نوسەری شۆڤینی عەرەب بە مەبەستی دژایەتی کردنی مافەکانی کورد و هاندانی تورکمانە توندڕەوەکان پشتگیری لەو قسانە دەکەن و لێرە و لەوێ وەکو بەڵگە پیشانی دەدەن. ئەم دەردە ئێستا سوریاشی گرتووەتەوە، دوای ئەوەی چیرۆکەکانی عیراق بەرهەمێکی ئەوتۆ نەبوو، ئێستا باس لە ملێۆنەها تورکمانی سوریا دەکەن. ئەوانەی ئەوێش وەکو بەرەی تورکمانی، چونکە لە سەرچاوە ئاو دەخۆنەوە، کە تورکیایە، هەمان گوتاریان هەیە و بە هەمان شیوە لە دژی کوردی سوریا لە گەڵ دوژمنەکانیاندا هاوپەیمانی دەکەن و ناوی بزووتنەوەکەیان ڕەش دەکەن.
دەبوایە تورکمانەکان بەر لە لایەنەکانی تر پەندیان لە مێژووی نزیکی خۆیان لەم بارەیەوە وەرگرتبا، چونکە هەندێ لە کەین و بەینەکانی ئەورۆی عیراق و کوردستان دەقا و دەق لەوانەی سەردەمی دوای شەری یەکەمی جیهانی و کێشەی موسڵ دەچن.
هەندێ جار برێمەر پێرسی کۆکس و هێنری دۆبس و ئێدمۆندزغ وەبیر مرۆڤ دەهێنایەوە. وەکو ئەوان لە گەڵ دۆزی کوردا هەڵس و کەوتی دەکرد. تۆ بڵێی پۆڵ برێمەر کتێبەکەی ئێدمۆندزی، کە بە نێوی (کورد و تورک و عەرەب) بە وردی نەخوێندبێتەوە؟.
هەر بە شێوازی ئەو سەردەمەش گروپە ئەتنیکی و مەزەبیەکان هەوڵدەدەن تا پێیان بکرێ ژمارەی هاوزمان و هاومەزەبەکانیان گەورە بکەن و زۆر پیشان بدەن. وڵاتانی دەر و بەریش و لە سەروی هەمویانەوە تورکیا وەکو ئەو دەمە خەریکی پیلان گیران و هەرەشە و گورەشەن. هەڵبەتە کۆمەڵگەی کوردیی ئەورۆ گەلێ جیاوازە لە هی ئەو سەردەمە. هەستی نەتەوەیی ئەورۆ لە گەڵ بیستەکانی سەدەی ڕابردودا بەراورد ناکرێ، هەرچەندە مرۆڤ ناتوانێ بڵێ کە لە نەخۆشیە خێڵەکی و ناوچەیی و مەزەبیەکان ڕزگارمان بووە.
ئەو کاتەش پرسەکانی پێکهاتەی نەتەوەیی دانیشتوانی ویلایەتی موسڵ و ژمارە و ڕێژەکانیان یەکێ لە گرێ کوێرەکان بوو و هەر لایەنەی هەوڵیدەدا بەلای خۆیدا بارەکە دابشکێنێتەوە. ئەو کاتەش تورکەکان وەکو تورکمانەکانی ئەورۆ باسی ئامار و ژمارەو ڕێژەی سەیر و سەمەرەیان دەکرد. هەردوو لا واتە بەریتانیا وەکو دەوڵەتی خاوەن مەندات لە عیراق و تورکیا هەوڵیاندەدا شوێن پێی خۆیان لەو ناوچەیە قایم بکەن و زۆرترین بەڵگە و ئامار پێشکەش بکەن کە بۆیان هەبوو بۆچونەکانیان پشت ڕاست بکەنەوە. یەکێ لەو بەڵگە و زانیارییە سەیرانەی کە تورکەکان پێشکەشی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە کێشەی موسڵیان کردبوو و گەلێ پشتیان پێی قایم بوو ئەوە بوو گوایە لە لیوای سلێمانی (32000) تورک دەژێن. سەرچاوەی ئەم زانیارییانەش وا دیارە لایەنگرانی کەمالیەکان بوون لە سلێمانی بە تایبەتی فەتاح ئەفەنی ژنبرای شێخ مەحمودی حەفید. فەتاح ئەفەنی لە لایەن کەمالیەکانەوە وەکو نوێنەری لیوای سلێمانی کرابوو بە ئەندامی شاندی تورکی لەو لێژنەیەدا. ئەو لێژنەیە بە سەرۆکایەتی جەواد پاشا بوو کە ئەفسەرێکی پایەبەرزی سوپای تورکیا بوو. جەواد پاشا سەرکردایەتی هێزە سەربازییەکانی تورکیای دەکرد لە بەرەی جەزیر و سنورەکانی ئەورۆی عیراق. لایەنگرێکی سەرسەختی مستەفا کەمال بوو. زۆری کینە لە هاوپەیمانان هەڵگرتبو کە لە کاتی داگیرکردنی ئەستەموڵدا لە ساڵی 1920 دەستگیریان کردبوو و بۆ دورگەی ماڵتەیان دوورخستبۆە. کەمالییەکان چەند کەسێکی دانیشتوی ناوچەکەیان قایل کردبوو بۆ ئەوەی بە نێوی لیواکانی ویلایەتی موسڵەوە ببنە ئەندامی شاندی تورک لەو لێژنەیەدا. لە تەک فەتاح ئەفەنی کە بە نێوی لیوای سلێمانیەوە بەشداری کردبوو، نازم بەگی نەفتچی زادە بە نێوی لیوای کەرکووک و کامل بەگیش بە نێوی لیوای موسڵەوە جێگەیان لەو شاندەدا گرتبو.
تورکەکان زۆر هیوایان بەم (نوێنەرانە) هەبوو و پێیان وابوو کە ئەمانە دەتوانن خەڵکی ناوچەکە بەلای تورکدا ڕابکێشن و کێشەی ویلایەتی موسڵ بە قازانجی تورکیا ببرنەوە.
دوای ماوەیەکی کەم جەواد پاشا بۆی دەرکەوت کە دەرفەتی لایەنی تورکی زۆر لاوازە و ئەم نوێنەرانە ڕۆڵی خۆیان مەزن کردووە و ئامار و ژمارەی دوور لە ڕاستیان بە لایەنی تورکی پێشکەش کردووە. هەر زوو بۆی دەرکەوت کە کار لە کار ترازاوە و ئەمانە هیچیان پێ ناکرێ و ئینگلیز شوێن پێی خۆی لە ناوچەکە بە تەواوی قایم کردووە. لە گەڵ ئەوەشدا هیوایەکی بە هەڵوێستی لیوای سلێمانی مابوو کە بە درێژایی ئەو چەند ساڵەی دوایی خەڵکەکەی کێشەی زۆریان لە گەڵ بەرێوەبەرایەتی ئینگلیزدا هەبوو. هەڵبەتە ئەوەشی لە بیر نەدەکرد کە (32000) تورکەکەی سلێمانی لایەنگری کردنیان لە داخوازییەکانی تورکیا مسۆگەرە. هەر بە گەیشتنی لێژنەکە بۆ سلێمانی جەواد پاشا عەوداڵی بینینی ئەو هەموو تورکە بوو. زۆری لا سەیر بوو کە قەت توشی بە توشی تورکێکەوە نەدەبوو و بەتەواوی باورەی بە فەتاح ئەفەنی لەق بوو بوو. گەلێ هەوڵیدا هەندێ لە دۆستە کۆنەکانی تورکیا ببینێ، لێ ئەوان چ لە بەر دڵی ئینگلیز و چ بە هۆی سیاسەتی کەمالیانەوە ئامادە نەبوون لە گەڵیدا کۆ ببنەوە.
لە بارەی ئەم (سی و دوو هەزار تورکەی سلێمانیەوە!) ئێدمۆندز بە تەوزەوە ئاماژە بەوە دەکا کە لایەنی ئینگلیزی بیرخەرەوەیەکی پێشکەشی لێژنەی کێشەی موسڵ کردبوو و پێی لە سەر ئەوە داگرتبو کە تەنانەت یەک تورک لە لیوای سلێمانیدا نیە و ئەوان داوا لە لایەنی تورکی دەکەن نەک سی و دوو هەزار تورک بەڵکو یەک تورکیان لە لیوای سلێمانیدا بۆ بدۆزنەوە. ئێدمۆندز زۆر ڕاستی بۆ چووە کە زانیاریەکانی تورک لە بارەی پێکهاتەی نەتەوەیی دانیشتوانی سلێمانیەوە نیشانەی گەوجی و بێ ئاگایی تورکی دەردەخست. هەر بە هەمان شێوەش گاڵتە بە جەواد پاشای بەستەزمان دەکا و دەڵێ گوایە (زۆر دڵی پێی دەسوتا). بەلای ئێدمۆندزەوە ئەو سەرکردە سەربازییەی تورکیا ناچار بوو بەرگری لە دۆزێکی دۆراو بکا.
ئێدمۆندز بەهەمان تەرز و تەوزەوە ئاماژە بەوە دەکا کە بۆ پێ ڕابواردن و کات بە سەربردن، لایەنی ئینگلیزی بریاریاندا بیرخەرەوەیەکی نوێ بۆ لێژنەی کێشەی موسڵ بنێرن بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەیەک کە لە نامەی پێشوودا ڕویدابوو.
لەوێ گوترابوو کە لە لیوای سلێمانیدا تەنانەت یەک تورک نیە، لێ لە دوای گەران و لێکۆڵینەوە دەرکەوت گوایە تورکێکیان لە سلێمانی دۆزیوەتەوە. ئەو تاقانەیە لە کاتی خۆیدا لە سەربازگەی سوپای ئۆسمانی لە سلێمانی نۆکەر بووە (لای ئێمە بە واتای خزمەتکار دێ، هەرچەندە لە کاتی خۆیدا نێوی فەرمی سەربازانی ئوزون حەسەن " حەسەنە درێژ " بووە لە دەوڵەتی ئاق قۆینلودا). دوایی ژنێکی کوردی خواستوە و هەر لە سلێمانی ماوەتەوە و بە وتەی ئێدمۆندز ئەو کاتە واتە لە سەرەتای ساڵی 1925 کرێکاری پاکردنەوە بووە لە شارەکەدا!.
بەو شێوەیە چیرۆکی سی و دوو هەزار تورکی سلێمانی بە دۆزینەوەی هەژارێکی کارمەندی پاکردنەوە لە دارومولکی باباندا پەردەی بەسەردا داخرا و کۆتایی هات.
لەم ڕۆژانەدا نوێنەری بەرەی تورکمانی لە لۆندەرە ڕایگەیاند کە پازدە هەزار تورکمانیان گەراندۆتەوە بۆ کەرکووک ولە هەوڵی ئەوەدان نیو ملیۆنی تر بگێرنەوە بۆ ئەو شارە (لە گۆر ڕاگەیاندنەکانی هاریکاری پارێزگاری کەرکووک بۆ کار و باری ئاوارە و نیشتەجێکردن حەسیب ڕۆژبەیانی تاوەکو ئێستا تەنها سێ هەزار خێزانی کورد بۆ ناو شار و هەشت هەزار خێزان بۆ گوندەکان گەراونەتەوە لە کۆی سێ سەد هەزار خێزان کە لە شار و پارێزگای کەرکووک لە لایەن بەعسەوە دەرکراون).
کاتێ گوێم لەم وتانەی نوێنەری بەرەی تورکمانی بوو، یەکسەر کەین و بەینەکانی جەواد پاشا و فەتاح ئەفەنی و ئێدمۆندز و چیرۆکی سی ودوو هەزار تورکەکەی سلێمانی و ئەو نۆکەرە هەژارە تورکەم بیرکەوتەوە.