بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ، ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ماوەی پانزە مانگی ڕابردوودا نزیکەی %22 ناوچەکانی ژێردەستی لەدەستداوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی دامەزراوەی (IHS Jane's 360) کە دامەزراوەیەکی چاودێری و کۆکردنەوەی زانیاری سەربازییەی ئەمریکییە، سەرەڕای ئەوەی لەساڵی 2014 ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بەقۆستنەوەی بۆشایی دەسەڵات چەند شارێکی سەرەکی لە هەردوو بەشی سنوری بیابانی عیراق و سوریا داگیرکرد، لەساڵی ڕابردوودا داعش %14ی ئەو ناوچانەی لەدەستداوە کە پێشتر کۆنترۆڵی کردبوون و لەماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا %8ی ناوچەکانی ژێردەستی خۆی لێ سەندراوەتەوە، ئێستا بەشێوەیەکی یەکلایکەرەوە باڵانسی هێز لە دژی داعشە.
دامەزراوەکە ئەم شکستانەی داعش بۆ چەند گۆڕانکارییەکی ستراتیژی دەگێڕێتەوە، لەنێوانیشیاندا لەدەستدانی خاڵی سنوری (تەل ئەبیاد) کە خاڵی سەرەکی بەقاچاخهێنانی چەک و هاتنی تیرۆریستان بووە، بەهۆی توندترکردنەوەی کۆنترۆڵکردنی سنورەکانی تورکیاوە، دزەپێکردنی پارە و چەکداری نوێ بۆ ناو ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعش و پەیوەندی کردن بەو گروپە تیرۆریستیەوە لاوازتربووە.
هەڵمەتە سەربازییەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕوسیا لە سوریا، پاشەکشەیان بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کردووە.
پشتیوانی لایەنەکانی کوردانی سوریا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، سوپای عیراق بە پشتیوانی میلیشیا شیعەکان کە ئیًَران پشتگیریان دەکات، چەند شارێکی گرنگیان لە ناوجەرگەی عیراقدا لە داعش سەندۆتەوە.
سوپای سوریای سەر بە ڕژێمی بەشار ئەسەد، نزیک دەبنەوە لە کۆنترۆڵکردنی شاری پاڵمیرا چەندین شوێنەواری مێژووی لێیە و ساڵی پار داعش وێرانی کرد.
کۆڵەمب ستراکن، شرۆڤەکارێکی IHS لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت:" گەمارۆدان و شکستی سەربازی زیاتر وادەکات داعش چیدی نەتوانێت وەکو جاران سەرنجی چەکدارانی بیانی نوێ ڕابکێشێت هەتا لەڕیزەکانیدا شەڕبکەن."
لەلایەکی ترەوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی سەربەخۆی ئیسنتیتۆی لێکۆڵینەوەی شەڕ ئەوەی ئاشکرایکردووە:" ڕووخاندنی ڕێکخراوی تیرۆیستی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش دەرئەنجامێکی پێشبینیکراوی سەختە، لەبەرئەوەی ئەو هەڕەشەیەی داعش دروستی کردووە لە چوارچێوەی جوگرافیایەکدا قەتیس نەماوە، هەرچەندە ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیە چەندێن شکستی لە عیراق و سوریادا هێناوە، بەڵام لایەنگرانەکانی چەندین هێرشی خوێناویان هەر لە جاکارتاوە هەتا پاریس و چەندین شوێنی دیکە ئەنجامداوە."
- 17-03-2016