لە زمانی خۆیەوە:
ناوم عەبدوڵڵا کوڕی حاجی ئەحمەد ئاغا کوڕی حاجی ڕەسوڵ ئاغا کوڕی قادر ئاغا کوڕی حمد ئاغای گەورەیە. ناوی عەشیرەتی ئێمە میرئادەوڵ و یامیر ئەبدال لە هەرێمی پشدەر. من لە ساڵی 1922 زاینی هاتومەتە سەر دونیا و لە ناو خێزانێکی تاڕادەیەک خۆش گوزەران (مرفە) دا ژیاوم. خێزانی ئێمە بە گشتی و باوک و دایکم بەتایبەتی زۆر بەستراوبوون بە ئاینی ئیسلام و من هەر لە تەمەنی مناڵیەوە فێری خوێندنی قورئانی پیرۆزیان کرام و لەدوایشدا خەریک بووم بە خوێندنی کتێبەکانی ئاینی و هەروەها کتێبەکانی فارسی وەکو(گوڵستان) و بۆستانی(سەعدی شیرازی) و چەند کتێبی تری فارسی و جگە لەوانەش هێندێ ڕێنوسی عەرەبی وەکوو (صرف و نحو) لای مەلاکانی مزگەوت فێربووم. ئەو کاتە هەر زمانی فارسی باوبوو لە ناو کوردەواری و ئەگەر هاتباو یەکێک زمانی فارسی باش زانیبایە ناویان ئەبرد بە (میرزا) واتە میرزایەتی وەک (دوکتوراو ماجستێری) ئێستە وابوو. ڕاستی من زۆر حەزم لە خوێندن ئەکرد و ئەمویست بچمە ناو شارەکانی هەولێر و یا سلێمانی بۆ دەوام کردن لە قوتابخانەی ڕەسمی. بەڵام باوکم ڕازی نەبوو وازی پێ هێنام لە خوێندن و بە سواری ئەسپ و تفنگچییەوە خەریک کرام، چونکە ئەو کاتە سوارچاکی و تفنگچییەتی باشترین شەهادە بوو لای خەڵکی عەشایر.
من باوک و دایکم هەردووکیان خوێندەوار بوون و ئەوانیش هەر دەرسی فارسی یان خوێندبوو، دایکم ناوی (مروت) کچی عەبدوڵڵا ڕەسوڵ ئاغا ئامۆزای باوکم بووە و لە سلێمانی لە حوجرەی خواجە ئەفەندی خوێندبوی. حوجرەی ناوبراو وەکو زانکۆ(جامعە) وابووە، هەموو جۆرە دەرسی تێدا وتراوەتەوە، واتە دەرسەکانی ئەو زەمان، دایکم لە تەمەنی 90 ساڵی دونیای بەجێهێشت و کۆچی دوایی کرد.
باوکم لە هەموو شۆڕشەکانی شێخ مەحمودی نەمردا بەشداری کردبوو، یەکێک بوو لە هەڤاڵەکانی تایبەتی شێخی نەمر و من زۆرتر لە قسەکانی ئەو کە بۆی ئەگێرامەوە دەربارەی کوردایەتی و شۆڕشەکانی شێخ مەحمود کەڵکم وەرگرت و هەر لە مناڵی یەوە مێشکم بە باسەکانی کورد و کوردستان کرایەوە. باوکم لە ساڵی 1960 لە تەمەنی هەشتا ساڵی دا کۆچی دوایی کرد.
باپیرم حاجی ڕەسوڵ ئاغا زۆر پیاوێکی لێوەشاوەی زمانی عەشایری بووە. و ئەو زۆر قسە و باسی مێژووی ئەزانی و بەتایبەتی دەربارەی عەشیرەتی(میرئاودەلی) و پشدەر زۆر قسەی بۆ ئەگێرامەوە. ماڵی ئێمە زۆر قەڵەباڵغی خێزانی تێدا هەبوو و هەمیشە لە 25 تا 30 کەمتر لە ناو ماڵ دا نەبوون و هەمووشیان بە تەبایی و لە باری ئەژیان و هیچ جۆرە ئاژاوە و دووبەرەکی نەئەکەوتە ناو ماڵمان، چونکە باپیرم تا خۆی مابوو دەسەڵاتدارا بوو، نەی ئەهێشت ناخۆشی بکەوێتە ناو خێزان. ئێمە مەڕوماڵاتێکی زۆرمان هەبوو لە کاتی هاوین دا ئەچوینە ئەو کوێستانانەی (باژاڕ) لە ناو سنوری ئێراندا و ماوەی چوار تا پێنج مانگ بە ناوی ئاژەڵ بەخێوکردن ئەماینەوە لە ژێر چادری ڕەش(تاوڵ) و هەتاکو بیر بکەیتەوە لەم ڕۆژانە خۆشانەی دیتومانن هەر ئاواتی یان بۆ ئەخوازین و بە پەرۆشەوە یادیان ئەکەینەوە، چونکە جگە لە سەربەستی و ئازادی دیسانەوە زۆر شتی تر هەموو ڕۆژ سەر لە ئێواران دا ئەو شۆڕەسوارانە کۆئەبونەوە و بە دەنگی هەبوون بۆ ڕابوواردن وەکو سواربوون و غارغارێنی ئەسپ کە هەموو ڕۆژ سەر لە ئێواران ئەو شۆرە سوارانە کۆئەبوونەوە و بە دەنگی دەهۆڵ و زۆڕناوە سوارەکان ئەکەوتنە مەیدانداری و جلیت بازی- ئەو کاتە خەڵکی پشدەریش هەمووی بە تێکڕای ئەهاتنە کوێستان و لەو هەوار و هەوارگایە خۆشانە کەپر و ڕەشماڵی خۆیان هەڵئەدان و هیچ کەس بیری لە کار و کاسبی دەشتی پشدەر و بتوێن نەئەکردەوە و تەنیا بە چەند سەرمەڕ و بزن ڕازی بوو کە خوا پێ داوە و ئاوی ساردی کەلە تەزێنی ئەخواردەوە لەو کوێستانانە. شای ئێرانی بە سەپانی خۆی ئەئەزانی ئەو چەند ساڵە خۆشانەی زەمانی گەنجی یەتیمان ڕابوارد و دوای ئەوە کەوتمە ناو دەریای گیروگرفتی ژیان و زۆر دەردی سەری و ناخۆشیم بەسەرهاتن و لە هەمووی ناخۆشتر ئەوەبوو کە ماڵی باوکم و مامم لە یەکتر جیا بوونەوە و من ناچار بووم کەوا هەموو لێپرسراوەتی کار و کاسبی ئیش و کاری ماڵ و مناڵ بخەمە سەرشانی خۆم. چونکە باوکم هەر لە مناڵیەوە بە ئاغایەتی ژیابوو و هەرگیز خۆی فێری کار و کەسابەت نەکردبوو، ئەو کاتەش برایەکانم خدر و حەسەن و مەحمود مناڵ بوون و ئەبویایە هەر خۆم مشورخۆی هەموو شت بم. سەرەڕای ئەوەی بۆڵەبۆڵ و تووڕەیی باوکم لەوێ بوەستێت و نەیئەهێشت کەوا ئیشەکانمان بە ڕێکی و هێمنی بڕواتە ڕێوە. ئەو کاتەش شەڕی دووەمی جیهانی هەڵگیرسابوو هەموو شتومەکی خواردەمەنی زۆر گران ببوو. شەکر و چای کەوتبوو قاتی و قڕی و زۆر کەس بە خۆرما و مێوژ چای یان ئەخواردەوە، گەنم و جۆ لە پشدەر و ناوچەکانی تری کوردستانیش دەست نەئەکەوت و خەڵک ناچاربوون کە بە کاروانی ئیستر و گوێدرێژ بچنە ناو خاکی ئێران و لە ناوچەکانی(سەقز) و (بۆکان) گەنم و جۆ بهێنن بۆ خۆیان. چونکە لە ناوچەکانی کوردستانی عیراق هیچ کشتوکاڵێک بەرهەم نەئەبوو لەبەر(سون) و (کولە) و یا بێ بارانی. وەزعی فەقیر و هەژار زۆر ناخۆش بوو و زۆر کەس تووشی جۆراوجۆر نەخۆشی وەکو (گرانەتا) و سل و کەم خوێنی بوون و بە بێ دوکتور و دەرمان ئەمردن. لە هەموو قەڵادزە تەنیا نەخۆشخانەیەکی بچووک هەبوو ئەویش بەبێ دەرمانی. هەرچەندە کە ئێمە بەپێی خەڵکی تر زۆر باشبوین و تا ڕادەیەک هەموو کەم و کورتییەکانمان چارەسەر ئەکرد ئەویش بە فرۆشتنی مەڕ و بزن و ئەو کاتە مەڕوماڵات پارەی باشی ئەکرد ئیتر ئەم گرانی یە چوار ساڵ درێژەی کێشا و لە ئەنجامدا خوای گەورە بە هانای خەڵکی هەژارەوە هات و ئەو بەڵایانەی ئاسمانی وەکو (سون) و (کولە) و بێ بارانی هەمووی لەناوچوون و ژیان و گوزەرانی خەڵک هاتەوە بارودۆخی جاران. لە ۆژی 14-01-2016 کۆچی دوایی کردووە