گرژییە ناوخۆییەکان و تەقینەوەکانی سێ مانگی ڕابردووی ئەنقەرە و ئیستانبوڵ، کاریگەری نەرێنی گەورەی، لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە دروستکردووە، بەشێوەیەک کەرتی گەشتیاری تورکیا، زیانی 8 ملیار دۆلاری بەرکەوتووە، گەشتیارانی ئەوروپا و ڕووسیا گەشتەکانیان بۆ تورکیا هەڵدەوەشێننەوە و، ژمارەی گەشتیارانی بیانیش لەو وڵاتە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پاشەکشە دەکات.
کەرتی گەشتیاری و ئابووری تورکیا بە دۆخێکی ناهەموار تێدەپەڕێت ئەمەش لە دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک تەقینەوە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ و تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ڕووسیا.
ئەمساڵ 4 تەقینەوە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و ئیستەنبۆڵی گەورە ناوەندی گەشتیاری و بازرگانی تورکیا ئەنجامدراون و پێشبینیش دەکرێت وەبەرهێنەران و بازرگانانی تورکیا و دەرەوەی تورکیا بەهۆی ئەو تەقینەوانەوە سەرمایەکانیان بکشێنەوە.
سەڕەرای ئەوەش، شارەزایانی ئابووری تورکیا پێشبینی دەکەن بەهۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی ڕووسیا و تورکیا و ئەنجامدانی تەقینەوەکانی ڕابردوو داهاتی کەرتی گەشتوگوزاری تورکیا بەڕێژەی سەدا 25 پاشەکشەبکات، ئەو ڕێژەیەش بە 8 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ئێستا گەشتیارانی ئەڵمانیا بەهۆی ترسی ئەنجامدانی تەقینەوەی دیکە، بۆ بەسەربردنی پشوەکانیان و کاتێکی خۆش ڕوو لە شوێنی دیکە دەکەن ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵانە زۆرترین گەشتیاری تورکیا لە ئەڵمانیاوە دەهاتن، هاوکات گەشتیارانی ڕووسیا کە دووەم گەورەترین قەبارەی گەشتیاری تورکیان دوای خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی ڕووسی لەلایەن تورکیاوە و تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە، ئێستا گەشتیارانی ڕووس سەردانی تورکیا ناکەن بۆ گەشتکردن.
ئەرکان ئارجۆزیل شارەزای ئابووری لە بانکی مۆرگان ستانلی ئاشکرایکرد کە لە ساڵی ڕابردوو ژمارەی گەشتیارانی ڕووسیا بۆ تورکیا بە قەبارەی یەک ملیۆن گەشتیار پاشەکشەیکردووە و ئەو پاشەکشەیە لەمساڵیشدا درێژەی دەبێت.
هاوکات لە ساڵی ڕابردوو ژمارەی گەشتیارانی ئیتاڵیا بۆ تورکیا بە ڕێژەی سەدا 27 پاشەکشەیکرد و گەشتیارانی یابانیش بە ڕێژەی سەدا 40 پاشەکشەیکرد.
هاوکات بەپێی داتا فەرمییەکانی وەزارەتی گەشتوگوزاری تورکیا ژمارەی ئەو گەشتیارانەی کە لە ساڵی ڕابردوو سەردانی تورکیایان کردووە بەڕێژەی سەدا 1.6 پاشەکشەیکردووە.
ئابووریناسانیش پێیان وایە کە پاشەکشەکردنی کەرتی گەشتیاری هۆکارێکی سەرەکییە بۆ پاشەکشەکردنی گەشەی ئابووری تورکیا و کەمبوونەوەی داهاتی ئەو وڵاتە بە بڕی 8 ملیار دۆلار، هاوکات ڕێگریش دەبێت لە خاڵەی کە تورکیا کردوویەتییە ئامانج بۆ گەشەپێدانی ئابوورییەکەی.
بۆ پشتگیریکردنی کەرتی گەشتیارایش لە تورکیا ئەحمەد داود ئۆغڵۆ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندوە، کە بڕیاریانداوە بڕی 87 ملیۆن دۆلار تەرخان بکەین بۆ پەرەپێدانی ئەو کەرتە و ئاسانکاری زیاتر بۆ کۆمپانیاکانی گەشتیاری بکەن و چاو بە قەرزی ئەو کۆمپانیایانەش دەخشێنینەوە.
- 25-03-2016