لەساڵی (1978) لەگوندی (موانی ڕۆستەمی) لەپێدەشتی #شارەزوور# هاتۆتە دنیاوە، قۆناغی سەرەتایی لەئۆردوگای (باریکە) تەواوکردووەو لەبەر هەژاریی نەیتوانیوە قۆناغەکانی خوێندن تەواوبکات.
سەرەنجام بڕیاریداوە ڕۆحی ئاوێتەی بواری حیزبایەتی و شۆڕشگێڕیی ببێت، بۆیە لەساڵی (1989) پەیوەندیی حیزبیی لەگەڵ ڕێکخستنی ناوشار کردووە، ئیدی ئەو لاوە خوێنگەرمە ئاوێزانی کارو چالاکییەکانی نێو ڕیکخستنەکان دەبێت و بۆماوەی (4) ساڵ بەردەوام دەبێت، پاشان لەساڵی (1993) چەکی شەرەف و کوردایەتی دەکاتە شان و دەچێتە نێو ڕیزی پێشمەرگەکانی فەرماندەیی (6)ی شارەزوورو دیسان زۆر چالاکانە ئەرکەکانی پێشمەرگایەتی بەجێدەهێنێت و بەوبۆنەیەوە پلەی فەرماندەیی پێدەبەخشرێت، هێندەی تر نابات دەبێتە فەرماندەی (هێز)و درێژە بەژیانی شۆڕشگێڕی دەدات، لەتێکڕای هێرش و پەلاماردانەکان بەشداردەبێت هەتا پرۆسەی ئازادکردنی عیراق و بەشداریشی لە چەندین مەشق و ڕاهێنان کردووە.
پاش شکستهێنانی بەعسی فاشی و لەگەڵ دامەزراندنی پاسەوانانی سنور، شەهید بەپلەی فەرماندەیی حەزیرە لەفەسیلی (2)ی سەر بەناوچەی #پێنجوێن# دادەمەزرێت و دیسانەوە بەگیانی پێشمەرگایەتییەوە درێژە بەکاری پاسەوانی دەدات و لەبەر شارەزایی و لێهاتوویی دەبێتە کەسێکی ئیداری لەفەسیلی (2)ی لیوای پاسەوانی سنور، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی تری پێشڕەوی هەندێک لەهاوسەنگەرانی بووەو سەرپەرشتیاریی بەشێک لەئەرکەکانی هاوڕێیانی بووە، هەر بەهۆی ئازایەتییەوە خۆشبەختانە لەهەندێ هەوڵی تیرۆریستی ڕزگاری بووە لەساڵی (2006) ژیانی هاوسەری پێکهێناوە، بەلام مخابن لەڕۆژی (26-05-2008) لەسنوری پێنجوێن بەدەستی تیرۆریستان شەهیدکرا.