لەساڵی 1963 لە#کەرکووک# هاتۆتە دنیاوە.
شەهید کوڕێکی ئازاو جوامێربوو، لەخێزانێکی شۆڕشگێڕو کوردپەروەر لەدایکببوو، لەسەرەتای هەشتاکانەوە پەیوەندی بەڕێکخستنەکانی یەکێتییەوە دەکات و لەناوەڕاستی 1983 دەبێت بەپێشمەرگە لەکەرتی دووی شوان-ی تیپی 21ی کەرکووک، بەشداری زۆربەی شەڕەکانی ئەو سنوورەی کردووەو وەک کەسێکی قارەمان و چاونەترس لەناو هاوڕێکانی دەناسرێت.
پاشان دەگوێزرێتەوە کەرتی یەکی ساڵەیی و دەبێت بەجێگری مەفرەزەو لەهاوینی 1985 خێزان پێکەوەدەنێت.
بەهۆی ئەو پشێوی و ئاڵۆزییەی کە لەمانگی 9/1985 لەدۆڵی پلێنگان و مەڵبەندی چوار لەبۆتی ڕوویاندا، #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# تووشی ڕووبەڕووبوونەوە بوو لەسنوری کێوەڕەش و دۆڵی شەهیدان و ئێمەش وەک تیپی 21ی کەرکووک بەشداری ئەو ڕووبەڕووبوونەوانەمان کرد لەگەڵ ڕژێم و جاشەکانی و لەشەڕەکانی کێوەڕەش پێشمەرگەیەکمان بەناوی حیکمەت ئیسکانی، بەدیل گیرا، ئەویش لەئاکامی ئەوەی تینوویەتییەکی زۆر چۆکی پێدادابوو لەهۆش خۆی چووبوو، لەکاتی پاشەکشەی پێشمەرگە لەوشەڕەدا، ئەو بەجێدەمێنێ و لەلایەن جاشەکانەوە بەدیل دەگیرێت و دواتر تەسلیمی ڕژێمی دەکەن، پاش چەندمانگێ لەلایەن ڕژێمەوە لەسێدارەدەدرێت و شەهیددەکرێت.
شەهید ئاکۆ لەگەڵ شەهید شەوکەت یاسین قەرەبەگی ناسراو بە ڕێباز، دەگەڕێنەوە بۆ سنوری کەرکووک بۆئەوەی هەواڵەکە بدەن بەکەسوکارەکەی تا ئەوانش هەوڵێکی بۆبدەن و لەدەست جاشەکان ڕزگاری بکەن، کەچی لەرێگای گەڕانەوەیان لەچیای باواجی لەڕۆژی 06-10-1985 دەکەونە بۆسەی مەفرەزەیەکی پێشمەرگەی لایەنێکی سیاسییەوەو تەقەیان لێدەکەن و شەهیدیان دەکەن.