رووداو - سلێمانی
لە دوو ساڵی ڕابردووەوە تائێستا نزیکەی 150 گەنجی باشووری کوردستان کە لەنێو ڕیزەکانی ڕێکخراوی داعشدا بوون، گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان و هەندێکیشیان هێشتا بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لای دەزگا ئەمنییەکان دەستبەسەرن.
ساڵی چوونە نێو داعش
ساڵانی 2013 و 2014 دوو ساڵی مەترسیدار بوون بۆ پەیوەندیکردنی گەنجانی باشووری کوردستان بە گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە سووریا و بەتایبەتیش بەرەی نوسرە کە لە دژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا دەجەنگان، دوای داگیرکردنی شاری مووسڵیش لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە داعش لە حوزەیرانی 2014 و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لەلایەن ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە، چەندین گەنج لە هەرێمی کوردستانەوە پەیوەندییان پێوەکردن.
مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و پێکەوەژیانی ئاینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە (رووداو) گوت، لە ساڵانی 2013 و 2014 نزیکەی 500 گەنج لە تەمەنی 13 تا 25 ساڵی پەیوەندییان پێوە کردبوون، سەبارەت بە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش، گوتی "من ناڵێم کوردی پارچەکانی دیکە، چونکە ئەو کوردانەی پەیوەندییان پێوەکردوون بەڕەگەزنامەی وڵاتەکانیانەوە چوونەتە نێویانەوە، لە ئێران نزیکەی 600 کورد و لە تورکیاش نزیکەی 800 گەنجن، بەڵام بۆ کوردی سووریا ژمارەکە دیار نییە".
بۆچی کوردی باشوور دەگەڕێنەوە؟
دوای دەستیپێکردنی شەڕی نێوان داعش و پێشمەرگە لە هاوینی 2014، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕۆیشتنی گەنجان بۆ نێو ئەو ڕێکخراوە و چۆنیەتی ڕێگریکردن لێیان دروستکرا. مەریوان نەقشبەندی کە ئەندامی ئەو لیژنەیەشە، گوتی "لەو کاتەوە تائێستا نزیکەی 150 گەنج هاتوونەتەوە، ئەوەش لەڕێگەی خۆڕادەستکردنیان بە هێزەکانی پێشمەرگە یاخود بەهەماهەنگی کەسوکاریان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان، بۆ ئەو مەبەستەش چوونەتە وڵاتێکی دیکە و گەڕاونەتەوە".
نەقشبەندی تا دەستپێکردنی شەڕی پێشمەرگە و داعش یەکێک بووە لەو کەسانەی هەماهەنگی بۆ گەڕانەوەی ئەو گەنجانە کردووە و گوتی "پێش هاوینی 2014 کەسوکاری بەشێک لەو گەنجانە سەردانیان دەکردم و داوایان دەکرد لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان هەماهەنگی بکەم بۆ گەڕانەوەی کوڕەکانیان و هەندێکیان لەڕێگەی خۆمەوە هاتوونەتەوە".
بەبۆچوونی نەقشبەندی، چەند هۆکارێک وای لەو گەنجانە کردووە ڕیزەکانی داعش جێبێڵن و گوتی "کاتێک ئەو کوردانە ڕۆیشتنە سووریا، بۆ شەڕی بەشار ئەسەد چوون، بەڵام دواتر شەڕەکە لە دژی یەپەگە گۆڕدرا، جگە لەوەش دەستپێکردنی شەڕ لەدژی پێشمەرگە و کوشتنی چەندان کوردی چەکداری نێو داعش بەتۆمەتی ناپاکی لەدژی دەوڵەتەکەیان کە تائێستا نزیکەی 25-30 کوردیان کوشتووە، ئێستا پێموایە کەمتر لە 40 کوردی باشووریان تێدا ماون و بەشێکیشیان چارەنووسیان نادیارە".
پێشتر داعش لەڕێگەی چەند کوردێکی باشوورەوە چەندین پێشمەرگەی بەدیلگیراوی لەڕێگەی کوشتن و سەربڕینەوە شەهید کردن و گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوکردنەوە، نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەریش لەلایەن چەکدارێکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێشمەرگەیەکی دیل سەربڕدرا.
مەریوان گوتی "باشترین بەڵگە بۆ کەمبوونەوەی کوردی باشوور لەنێو داعش شەهیدکردنی ئەو پێشمەرگەیە بوو بەدەستی کوردێکی ڕۆژهەڵاتی".
وەکو ئەو بەرپرسەی ئەوقاف گوتی، ئەو گەنجانەی لەنێو داعش گەڕاونەتەوە بەشێکیان بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لای دەزگا ئەمنییەکانن، هەندێکیشیان هەرچەندە لای کەسوکاریانن، بەڵام هەر لەژێر چاودێریدان و گوتی "هەندێک لەو کوردانەی لای دەزگا ئەمنییەکانن کەسوکاریان سەردانیان دەکەن و هەندێک لە کەسوکاریشیان سەردانیان کردووم کە سۆراغیان بۆ بکەم بۆ ئەوەی ئەگەر کوڕەکانیان لێکۆڵینەوەکانیان تەواو بووە ئازاد بکرێن، ئەوانەشی لەنێو کەسوکاریاندان لەلایەن مامۆستایانی ئاینییەوە هۆشیار دەکرێنەوە لەوەی ئەو کارەی کردبوویان هەڵە بووە".
زۆرجار لەلایەن سیاسی و بەرپرسە سەربازییەکانیش هۆشداری دەدرێت لە بوونی شانەی نووستووی داعش لە هەرێمی کوردستان، نەقشبەندیش هاوبۆچوونە لەگەڵ ئەوەی شانەی نووستوو هەن، بەڵام پێیوانییە چەکدارە کوردە گەڕاوەکان بەشێک بن لەو شانانە و گوتی "لەو باوەڕەدا نیم ئەو چەکدارە گەڕاوانە وەکو شانەی نووستوو کار بکەن، چونکە پەشیمان بوونەتەوە و دەزگا ئەمنییەکانیش هەر چاودێرییان دەکەن، بەڵام پێموایە ئەو داعشانەی وەکو فیکر لە کوردستان لەگەڵیانن، زۆرترن لەو کوردانەی لەنێو داعشدا ماون".
"تائێستا هیچ کوردێک نەگەڕاوەتەوە"
بەرپرسانی پێشمەرگە لە میحوەرەکانی شەڕی دژی داعش بێئاگایی خۆیان لە خۆڕادەستکردنەوەی چەکدارە کوردەکانی نێو داعش دەردەبڕن، کەمال کەرکووکی بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک بە (رووداو)ی ڕاگەیاند "تائێستا لەم میحوەر و سنوورەی ئێمە حاڵەتی لەو شێوەیە نەهاتووەتە لامان، بەڵام پێشتر خەڵکانی عەرەب و کورد کە لە دەوروبەری ڕۆژئاوای کەرکووک بوون و شانەی نووستووی داعش بوون، هەوڵیاندا وەکو ئاوارە دەرباز بن، بەڵام دەستگیرمان کردن".
هەروەها ئاری هەرسین سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان کە چەند مانگێکە لە سنووری خازرە لە دەوروبەری شاری مووسڵ، گوتی "ئەوەندەی ئاگادار بم لە سنووری ئێمەوە و لە سەرچاوەی ئەمنیشەوە نەمبیستووە، لەو باوەڕەشدام ئەو زانیارییانە ئەگەر لەڕێگەی دەزگا هەواڵگرییەکانەوە بێت تا ئاستێکی وەها نهێنین، دزەپێکردنی زۆر دەگمەنە، بەڵام لەوەش دڵنیام دەزگاکان لە چەند ڕێگەیەکی دیکەی ناڕاستەوخۆ لەوانەش لەڕێگەی عەشایەرە عەرەبەکانەوە بەردەوام لە هەوڵی گەڕانەوەی چەکدارە کوردەکاندان".
- 12-04-2016