توێژەرێکی نێودەوڵەتی باس لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دەستی داعش دەکات و ڕایگەیاندووە تائێستا زیاتر لە 50 گۆڕی بەکۆمەڵیان دۆزیوەتەوە.
ئەو توێژەرەی ژمارەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی ئاشکراکردووە ناوی جان کۆبیسەو تایبەت بەکاروباری عیراق کاردەکات، بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕاگەیاندووە کەئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ئەوەی داعش تاوانی زۆر قێزەونی ئەنجامداوە.
بەگوێرەی بی بی سی، ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەش لە چەند مانگی ڕابردوودا لەنێو ئەو خاکانەدا دۆزارنەوە کە داعش دەستی بەسەردا گرتبوون.
دوا گۆڕی بەکۆمەڵیش کە دۆزرایەوە لە شاری ڕومادی بوو کە ژمارەی ڕووفاتەکانی ناوی زیاتر لە 40 کەس بوون.
لەنێو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەشدا قوربانییەکانی دەستی داعش سەربازی عیراقی، پیاوانی عەشائیر، ئافرەت و بەشێکی زۆریشیان ئێزدییەکانن.
لەو کاتەوەی چەکدارانی داعش هاتوونەتە نێو خاکی سوریا و عیراق دەستیان بە چەندین کردەوەی قێزەون دژی مرۆڤایەتی کردووەو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەش یەکێکە لەو کارانەیان، کە پێدەچێت چەندین گۆڕی تری بەکۆمەڵ هەبێت کە لەو ناچانەدا بن تاێستا ئازاد نەکراون لە ژێر چنگی داعشدان.
- 07-05-2016