بسم الله الرحمن الرحیم
الحمدلله ڕب العالمین، والصلاە والسلام علی ڕسول الله وعلی ێله وصحبه ومن تبعهم بإحسان إلی یوم الدین
وبعد:
وەکو هەموو لایەک دەزانن چەند ڕۆژێکە چەندین کەس و پەیجی ئەلیکترونی خەڵکی هان دەدەن بۆ ئەنجامدانی خۆ پیشاندان کە لە ڕۆژی هەینی کاتژمێر (11)ی سەر لەبەیانی خۆپیشاندان بکەن بەرامبەر بەمزگەوتی بەهەشت، بە بیانووی مەسئەلەیەکی شەخصی کۆمەڵایەتی منەوە، جا من دەپرسم:
خۆپیشاندان بۆ؟
1-لەکاتێکدا ئەوەی من کە کێشەش بێت، ئەوا کێشەیەکی تاکە کەسیە، بەڵام بۆ دەبێت بگات بەخۆپیشاندانی جەماوەری بەرامبەر بەمزگەوتو ماڵەکانی خودا، ئایا ئەم میللەتە گرفت و کێشەی ئەوەندە کەمە تا ئەوەشی بۆ زیاد بکەن، چونکە بە هۆی ئەم جۆرە ڕەفتارانە ناحەزان فرسەت ئەقۆزنەوە یان بارودۆخێکی نەخوازراو بۆ میللەتەکەمان دروست دەکەن.
2- ئایا ئێوە دەزانن چ دەستێک بەڕێزتان هان دەداتو بەرەو کوێتان دەباتو خۆشیان لەکوێ ژیان بەسەر دەبەن وە دەرئەنجامی ئەم خۆپیشاندانە چی دەبێت؟
3- ئایا نازانن هێرشکردنە سەر مزگەوتو ماڵەکانی خوا کارێکی مەترسیدار دەبێتو مایەی توڕەبوونی خودایەو کارێکی ناشەرعیو نایاساییە؟.
4- ئایا پرسیارتان نەکردووە بۆ هەڵسورێنەرانو هاندەرانی ئەم خۆپیشاندانە ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان ئاشکراناکەن بۆ جەماوەر تادڵنیا بینەوە لە دڵسۆزیو پەرێز پاکییان بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا ئەوانە خاوەنی ڕاستەقینەی کێشەکەن یان بەدووای دروست کردنی کێشەدا دەگەرێن؟
5- دەبێت هەڵسورێنەران چاکبزانن کە لێکەوتەکانی خۆپیشاندان لەئەستۆی ئەو کەسانەیە کەخەڵکی هان ئەدەن لەدونیاو دووا ڕۆژدا.
6- کوردستانی ئێمە بەگشتیو شاری سلێمانی بەتایبەتی کێشەو گرفتی کەممان لەڕابردودا نەبووە تائەمەشی بخرێتەسەر.
7- خۆ شاری بێ حاکم نیە، چونکە یەکێک لە پەیجەکان دەڵێت : داوامان لەحکومەت کردووە کە ڕێگەمان بدات خۆپیشاندان بکەین، بەڵام کەرێگەشمان نەدات هەر دەیکەین! جا موسڵمانانی خۆشەویست لەم مەسەلەیە تێبگەن!!
8- با خەڵکی ئێمە زۆر لەوە ڕۆشنبیرتر بن، کە بەهەندێک کەس لە (هەندەرانەوە) فریو بدرێنو ببنە هاندەر بۆ خۆپیشاندانو تێکدانی بارودۆخی هەرێمو ئاڵۆزترکردنی.
9- داواکاریم لەحکومەتو دامو دەزگا پەیوەندی دارەکانی سلێمانی ئەوەیە، کە ئەمنیەتی خەڵکو مزگەوتو ناوچەکە بپارێزن.
10- وە داواکاریشم لەڕاگەیاندنەکان ئەوەیە، کە چیتر خەڵکی هان نەدەن و بە ڕێگای خراپیاندا نەبەنو نەبنە هۆکاری زیاتر ماندووکردنی خەڵک.
11- وە داواکاریشم لەئەوانەی کە بەرامبەر من شتێکیان هەیەو لەجیاوازی بیروڕاو هەر زویر بوونێکی دەروونی کە لەمنیان هەیە، بەڵام با وریا بن، نەبن بە پردێک کە ناحەزانی ئەم میللەتە بە پیلانەکانیان بەسەریدا بپەرنەوە.
12- داواکاریشم لەدڵسۆزانو پیشتیوانانم ئەوەیە کە دان بەخۆیاندا بگرن و هیچ کاردانەوەیەکی نەشیاویان نەبێت، چونکە ئەمە پەروەردەی سەلەفیەتە و لەگەڵ ئێمە و لەگەڵ غەیری ئێمەش بکرێت هەر هەمان هەڵوێستمان هەبووەو دەبێت – إن شاوالله -.
13- داوا لەگەنجامی خوێن گەرمی ئەم شارە دەکەم کە هەڵوێستی ژیرانە دەربڕن بۆ بەدەنگەوە نەهاتنی ئەم جۆرە خۆپیشاندانانە، چونکە خزمەت بەدینو دونیای شارەکەمان ناکات.
14- لەکۆتایدا ئەگەر وا پێویست بکات بۆ پاراستنی ئەمنو ئاسایشی خەڵکو مزگەوتو ناوچەکە سبەینێ وتاری هەینی نەخوێنمەوە، ئەوا بەلامەوە زۆر ئاساییەو دروستنەبوونی یەک دەمە قاڵەو پشێوییەک بەلامەوە زۆر گرنگترە لەوتاردانەکەم.
وە بۆ هەموو لایەک دوپاتی دەکەمەوە بەپشتیوانی خوا بەردەوام دەبم لەسەر خزمەتکردنی میللەتەکەم وە لەسەر پیادە کردنی ئیسلامێکی میانڕەوی دوو لە توند و تیژی.
وە لە خوای گەورە داوا کاریم یارمەتیمان بدات بۆ هەموو وتە و کارێکی خێر.
براتان / د.عبداللطيف أحمد
5 / شعبان/ 1437 هـ