خەندان- شۆخان بەهادین، لەنجە عەزیز
زێڕەنگرەکان لەبازاڕەکانی هەرێم، کڕینی ئاڵتون لەهاوڵاتیان کەمدەکەنەوە، بەهۆی ئه و زەرەرانەی کە لەئاڵوگۆڕی نرخی زێڕدا کردویانە تاڕادەی "ئیفلاسبوون"، ئەوەش لەکاتێکدا هاوردەکردنی ئه و کانزا بەنرخە بۆ هەرێمی کوردستان ساڵانە بۆ زیاتر لەنیوە دادەبەزێت.
زێڕ ئەم مانگە بەبەراورد بەسەرەتای ئەمساڵ، 71 هەزار دینار بۆ هەر مسقاڵێکی عەیار 21 بەرزبووەوە، ئه و گۆڕانکارییانەش لەنرخەکەیدا تاڕادەیەک بازاڕی ئه و کانزایەی لەهەرێمی کوردستان سست کردووە، بەهۆی ترسی زێڕەنگرەکان لەزەرەر.
محەمەد جەزا عەلی، لەسلێمانی زێڕەنگری دەکات، لەگەڵ ئاماژەکانی دەستی بۆ ئه و پارچە ئاڵتونانەی لەدواکانەکەیدا دانراون وتی "بازاڕمان بەتەواوی سفرە... لەوەتەی من زێڕەنگری دەکەم شتی وامنەدیوە".
ساڵانی پێشووتر بەتایبەت بەر لەقەیرانی دارایی کە لە 2014ەوە ڕووی لەهەرێم کردووە، محەمەد کەزیاتر لە 10 ساڵە زێڕەنگری دەکات، گوێی بەوەنەدەدا ڕۆژانە چەند ئاڵتون بکڕێت و چەند بفرۆشێت، بەڵام ئێستا لەکڕینی ئاڵتون حەزەر دەکات، "هەوڵدەدەین کەمترین زێڕ لەهاوڵاتیان بکڕین، چونکە بەهۆی ئاڵوگۆڕ لەنرخەکەیدا ترسمان هەیە زەرەر بکەین"، محەمەد زیاتر وتی "به و هۆیەوە جاری واهەیە بەدوو ڕۆژ دادەنیشم لەدوکان هیچ دەستمایەیەکم نییە... یان بەشی مەسرەفی خۆم ناکات".
ئەوەش پێچەوانەی ساڵانی ڕابردووە کە بازاڕی زێڕ دەگەشایەوه و خواستی زۆری لەسەر بوو.
هەرێمی کوردستان ساڵی 2013 بەرزترین ڕێژەی هاوردەکردنی زێڕی لە 10 ساڵی ڕابردوودا تۆمارکرد، کە بەدرێژایی ساڵەکە 128 تەن بوو، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو ڕێژەکە بۆ 58 تەن کەمیکرد، ئەوەش بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی زێڕەنگرانی هەرێمی کوردستان کە بەخەندان دراوە.
ئه و پاشەکشێیە بەوتەی زێڕەنگرەکان بەهۆی کەمی خواستە لەسەر ئه و کانزا بەنرخە، چونکە لەناوخۆشدا لەبری کڕینی زێڕ، تادێت ڕێژەی ئه و هاوڵاتیانە زۆرتردەبێت کە دەست بۆ فرۆشتنی ئاڵتونەکانیان دەبەن.
سروە عەلی، ناوی خوازراوی یەکێک له و خێزانانەیە کە بەناچاریی ئاڵتونەکانیان کردووە بەپاره و خەرجی دەکەن، "ماڵی سپیم بۆ ڕۆژی ڕەش فرۆشت".
دەستەواژەی "ماڵی سپی"، وەک ئاماژەیەکە بۆ بەنرخی کانزای زێڕ کە لەهەر کات و شوێنێکدا بێت پارەی خۆی دەکات، "ماڵی ڕەش"یش ئاماژەیە بۆ ڕۆژی تەنگانە.
زێڕ لەجیهاندا بۆ دوو مەبەست-ی سەرەکی بەکاردەهێنرێت: یەکەم کاڵایەکی گرانبەهایه و لەئامێری ئەلیکترۆنی و زێڕەنگریی و ددانسازیدا بەکاردەهێنرێت، دووەم وەکو هێشتنەوەی بەها بەکاردەهێنرێت بەتایبەتی وەکو سیاسەتێکی دڵنیایی لەدژی بارگرژی سیاسی، بەڵام ئاڵتوون وەکو سەرمایەکانی دیکە نییه و هەڵگرتنی پارەی تێدەچێت.
بڕیارەکەی سروە عەلی، بۆ فرۆشتنی 10 مسقاڵ ئاڵتونەکەی، بەهۆی ئەوەوەیە کە فەرمانبەره و موچەکەی سەرەڕای ئەوەی دوادەکەوێت، بۆ نیوە کەمیکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم سیاسەتی پاشەکەوتی موچەی ڕاگەیاند.
بەگشتی ئه و قەیرانە داراییەی هەرێم کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی خواستی زێڕ دروستکردووە، چونکە حکومەت نەیتوانیوە تەنانەت موچەی چوار مانگی ساڵی ڕابردووش بدات.
محەمەد جەزا، کە زیاتر لە 10 ساڵە زێڕەنگری دەکات وتی کە خەڵک هەبووە بۆ ئەوەی کرێی خانوو بدات، یان بۆ پێداویستی ڕۆژانەی ماڵ، هاتووە ئاڵونەکەی فرۆشتووە. "گرفتی ئێمە ئێستا ئەوەیە کە نرخەکەشی دادەبەزێت خەڵک زۆر بەکەمی ئاڵتون دەکڕێت"، ئەوەش هۆکارێکی کەمی هاوردەکردنی زێڕو سستبوونی بازاڕە.
ئه و زێڕەنگرە بەدەم چاخواردنەوە لەدواکانەکەیدا وتی"خەڵک هەیە لەم بازاڕە تەواو ئیفلاسی کردووە"، بۆیە ئەویش هەمان ترسی هەیه و لەکڕینی زێڕدا حەزەر دەکات، بەهۆی ئاڵوگۆڕی جیاواز لەنرخەکەیدا.
مانگی یەکی ئەمساڵ نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 (پێنج گرام) لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە 165 هەزار دیناربوو، دوای هەشت مانگ چەندینجار بەرزو نزمی بەخۆوەبینی و ئەمڕۆ سێشەممە بە 236 هەزار دینارە.
لەگەڵئەوەشدا زێڕەنگر هەیە لەئاڵوگۆڕی نرخی زێڕدا قازانجی کردووە، حسێن بازرگان، کە ناوێکی دیاری بازاڕی زێڕەنگرەکانی سلێمانییە یەکێکە لەوانە.
حسێن کە ناسناوەکەی بەخۆوەیەتی و بازرگانی زێڕ دەکات، دەڵێت گۆڕانکاریی لەنرخی زێڕ، زیاتر کاریگەری لەسەر چینی زێڕەنگرەکانە، کاتێک نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە "سەدا 40ی زیانەکەی بەزێڕەنگرەکان دەکەوێت".
خێراترین هۆکاری گۆڕانکاریی لەنرخی زێڕ، پەیوەندی بەگۆڕانکاریی لەنرخی دۆلارەوە هەیە، هەرکات دۆلاری ئەمریکی بەرزببێتەوە، وەبەرهێنەران نرخی زێڕ کەمدەکەنەوە.
بەڵام هەندێک کات ئه و گۆڕانکارییە لەنرخەکەی بەقازانج بۆ زێڕەنگرەکان دەشکێتەوە، "بۆ نموونە من 10 کیلۆ ئاڵتونم هەیە، ماوەیەک لەمەوپێش هەر کیلۆیەکی ئاڵتون بووە 35 هەزار دۆلار، ئێستا هەر کیلۆیەکی بە 42 هەزار دۆلارە، واتە من ئەگەر ئێستا بیفرۆشم حەوت هەزار دۆلار قازانج دەکەم"، حسێن بازرگان وای وت.
ئێستا ئه و زێڕەنگرانەی کڕینی زێڕیان کەمکردووەتەوە، بۆ ساغکردنەوەی ئاڵونەکانیان، چاویان له و کچ و کوڕانەیە کەتازە هاوسەرگیری دەکەن، لەگەڵ هەندێک خەڵک کە زێڕەنگرەکان بەدەوڵەمەند ناویان دەبەن.
هەرێمی کوردستان، بازاڕێکی باش بوو بۆ وڵاتی ئیماراتی عەرەبی، کە لەهەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرو سلێمانییەوە زێڕی لێوە هاوردەی شارەکانی کوردستان دەکرا.
قارەمان قادر، سەرۆکی کۆمەڵەی زێڕەنگرانی کوردستان کە کاروباری زێڕەنگرەکانی هەرێم ڕێکدەخات، بەخەندان-ی وت "ساڵ بەساڵ هاوردەکردنی زێڕ بۆ هەرێمی کوردستان و عیراق کەمدەکات، بەهۆی کەمبوونەوەی خواست و ئاڵوگۆڕ لەنرخەکەیدا".
تا کۆتایی ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت، هاوردەی زێڕ بۆ هەرێم ببێتە 28 تەن، ئەوەش بەوتەی قارەمان کە لەکاتێکدایە ساڵی ڕابردوو هاوردەی زێڕ لەهەردوو فڕۆکەخانەکەوە 57 تەن بووە.
لەئێستادا هیچ ئاسۆیەک بۆ جێگیربوونی نرخی زێڕ نییە، ئەوەش ئەگەری هەیە کە بازاڕی زێڕەنگرەکانی کوردستان سستی زیاتر بەخۆوەببینێت و کاریگەری لەسەر گرانبوونی کاڵاکانی تر هەیە.
حسێن بازرگان وتی"لەکاتی بەرزبوونەوەی زێڕ بەتایبەت ئەمساڵ، فرۆشیار زۆرتر بووە لەکڕیار، هەندێک لەهاوڵاتیان دەیانەوێت نرخەکەی دابەزێت ئینجا ئاڵتون بکڕن".
شۆخان بەهادین و لەنجە عەزیز، دوو خوێندکاری بەشی ڕاگەیاندنی پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانین، بۆ ماوەی دوو مانگ لەخەندان خولی هاوینە دەبینن.
- 09-08-2016