پێگەی ئافرەتان لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی و تیرۆردا
ئەمڕۆ لە دووەمین ساڵیادی کارەساتی جینۆسایدی شەنگالدا، ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، لە کاتێکدا کە دیسان بە توندی ئیدانەی کاری تیرۆریستی ڕێکخراوی داعش لە شەنگال و ناوچەکانی تر دەکات، دووپاتی دەکەینەوە کە:
- رووبەرووبوونەوەی عەسکەری و ئەمنی لەگەڵ گرووپە تیرۆریستەکان کاریگەری بەهێزی هەیە بۆ دوورخستنەوەی مەترسی ڕاستەوخۆ و داگیرکاری کە گرووپە توندڕەوەکان بەتایبەتی داعش ئەنجامی دەدەن.
ئەو کاریگەرییە لە ئەزموونی دوو ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستان زۆر ڕوون بەدیاردەکەوێت، کە هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕ توانیان لەگەلێک ناوچە داعش وەدەربنێن و شارەکان لە مەترسییەکانی ئەو گرووپە تیرۆریستە بپارێزن.
لە هەمان کاتدا، ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ بەهاوکاری جەماوەری کوردستان، توانیویانە خەڵکی سیڤیل لە کردەوە تیرۆریستیەکان بپارێزن، ئەمە گەلێک گرنگەو لە قۆناغی هەنووکەییدا یەکلاییکەرەوەیە.
- پێمان وایە بۆ لەناوبردنی ئەو گرووپانەو نەهێشتنی مەترسی سەرهەڵدانەوەیان، نەک تەنها لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەوێتە بەردەم ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکی گەورە بۆ نەهێشتنی هزری توندڕەوی و تیرۆر کە بەداخەوە لە گەلێک ناوچەی دونیا و وڵاتانی دیمۆکراسی و خاوەن توانای ئەمنی بەهێز سەری هەڵداوە، بەتایبەتی لەلایەن گەنجەکانەوە هەرچەندە ئێستا زۆر نیە، بەڵام ئەگەر بە زوویی بەرنامەی دیاریکراو و دوور مەودا دانەڕێژرێت مەترسیەکان زیاد دەکەن
- ئەوەندەی پەیوەندی بەکاری ئێمەوە هەیە وەک ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە هەرێمی کوردستان، زیاتر تیشک دەخەینە سەر پێگەی ژنانی کوردستان و ڕۆلیان لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی هزری توندڕەوی و تیرۆردا.
ژن وەک هاووڵاتی، ژن (بەحوکمی پێگەی کۆمەڵگەیی) وەک فاکتەری کاریگەر لە ناو ماڵدا و ڕۆلی پەروەردەیی لەگەڵ منداڵاندا لە پاڵ ڕۆلی دامەزراوە پەروەردەییەکاندا (باخچەی ساوایان، قوتابخانە، هەتا زانکۆش)..
- بەپێویستی دەزانین کە هاوکاری و یارمەتیە نێودەوڵەتیەکان هەر لەسەرەتاوە ڕەچاوی پرۆسەی تواناسازی ژنان بکات، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تواناکانی لەو بەرەنگاربونەوەیەدا. بەتایبەتی لە کەمپەکانی ئاوارەییدا. کە ژنان و منداڵان بەتایبەتی ڕوبەروی توندوتیژی و سەختییەکی زۆر دەبنەوەو، کاردەکاتە سەر ئاستی تواناکانیان، لەهەمان کاتدا دەبنە مایەی پەیدابوونی خولیا و ئارەزووی توندوتیژی لای منداڵان و نەوجەوانان لە ئایندەدا.
هەروەها بوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان لە کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان بۆتە هۆی دەرکەوتنی هەندێک دیاردە کە هەرێمی کوردستان لە ساڵانێکی زووەوە لەسەر ئاستی دامەزراوە فەرمییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەت و دامەزراوەی دادوەریی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کار بۆ نەهێشتنی دەکەن، وەک فرە ژنی، هاوسەرگیریی منداڵ.. و هتد،
ئەمە کاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لەسەر خودی کۆمەڵگە و جێبەجێکردنی یاساکانی تایبەت بەمافی ژنان و بەرنامە و پلانەکانی دامەزراوە فەرمی و نافەرمییە پەیوەندیدارەکان لەو بوارەدا، بەتایبەتی پلانی نیشتمانی جێبەجێکردنی بریاری 1325 لە هەلومەرجی قەیرانی دارایدا کە زیاتر لەدوو ساڵ و نیوە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە. هەندێک پێشنیاری گشتی لەم بوارەدا دەخەینەڕوو بەهیوای ئەوەی بەشەراکەت لەگەڵ لایەنی ناوخۆ و نێودەوڵەتی و بەهاوکاری پسپۆران، پلانی واقعی و عەمەلی دابڕێژین و جێبەجێیبکەین لەوانە:
- دیاریکردنی ڕێژەیەکی دیاریکراو لە هەر هاوکارییەک هەر لەسەرەتاوە، لەلایەن وڵاتە کۆمەکبەخشەکانەوە بۆ بەرنامەی تواناسازی ژنان و پاراستنی منداڵان و بەتایبەتی ڕزگارکردنی ئەوانەی کە لە ژێر دەستی داعش داماونەتەوە.
- پەسندکردنی پرۆژە بڕیاری پێشنیارکراو لەلایەن ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان بۆ ئیدانەکردنی دەستدرێژیە سێکسی و بەکۆیلەکردنی ژنانی ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە "داعش".
بەپێویستی دەزانین ئەم پرۆژە بڕیارە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەسەند بکرێت.
- دیاریکردنی ڕۆژی 3 ی ئاب ساڵانە لە هەێمی کوردستان وەک ڕۆژی نیشتیمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوندیژی سێکسی لە کاتی ململانێکاندا.
- بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی لە نێوان گشت لایەنەپەیوەندیدارە نێودەوڵەتییە حکومی و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ناوخۆ و بیانی، بۆ زامنکردنی هێنانەدی گەورەترین سوود لە هەر کۆمەکێکی دارایی و مەعنەوی، کە لەو بوارەدا دەبەخشرێت.
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
هەولێر
03-08-2016