رۆژنامەنووسانی بەڕێز
بۆ بەرچاوڕوونی هەموولایەک ئەم ڕوونکردنەوەیە دەخەینە بەردەستان..
رۆژی 08-07-2016 ئەندامانی تیمی کەناڵی پەیام ئاگاداریان کردین کە لەبەردەم چاڤی لاند لەلایەن هێزێکی ئامادەوە لێیان دراوەو بۆ ماوەیەک دەست بەسەر کراون و کەلوپەلی ڕۆژنامەنووسیشیان دەستی بەسەردا گیراوە..
لەگەڵ کاک جەلال محمد فەرهاد (پەیامنێرەکەی کەناڵی پەیام) ڕێکەوتین کە بۆ ڕۆژی 09-07-2016 ئێمە وەک سەندیکاو ئەوانیش وەک تیمەکە بڕۆینە بنکەی پۆلیس و سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو هێزەو فەرماندەکەیان تۆمار بکەین.. پێشتریش پرسیاری ڕاستی ڕووداوەکەمان لەچەند پەیامنێرێک کرد کە لەوێدا ئامادە بوون و ئەوانیش ئامادەیی خۆیان نیشاندا لەبەردەم پۆلیس و دادگا شایەتی لەراستی ڕووداوەکە بدەن.. کە جەلال بەدەست هێزەکەی بەردەم چاڤی لاندەوە کارەبای لێدراوە..
ئێمە لەسەر بەڵینەکەی خۆمان سەعات 10ی سەرلەبەیانی ڕۆژی 9/7 گەشتینە بنکەی پۆلیس و پەیوەندیمان بە کاک جەلالەوە کرد، بەڵام دیاربوو ئەوان پاش کۆبوونەوەی ئەو بەیانییەی ئەنجومەنی کەناڵی پەیام، بڕیاریان دابوو کە سکاڵای یاسایی تۆمار نەکەن و بە بڕیارەکانی ئەو لیژنەیە قایل ببن کە بۆ ئەو مەبەستە دروست کراوە(کە ئێمە وەک سەندیکا دوورو نزیک ئاگامان لە وردەکاریەکانی ئەو لیژنەیە نیە)
لەحاڵەتێکی ئاوهادا ئێمە وەک سەندیکا ناتوانین ڕاشکاوانە قسە لەسەر ماجەرای ڕووداوەکە بکەین یان لایەنێک تۆمەتبار بکەین چونکە هێشتا لە ڕووی یاساییەوە یەکلا نەکراوەتەوە و نەبوەتە کەیسێک کە کۆتاییەکەی تاوانبارو بێتاوان دیاری کرابن، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی دەڵێین ئەو ڕەفتارە ناشارستانیەی بەرامبەر بەپەیامنێر و وێنەگری ئەو کەناڵە ئەنجام دراوە بەدەرە لە ڕەفتارێک لە پایتەختی ڕۆشنبیریدا ئەنجام بدرێت.. بریا کەناڵی پەیامیش لە بڕیاری سکاڵاکەیان پاشگەز نەبوونایەتەوە، تا سەرپێچیکارو یاساشکێن و ئەوانەی ڕێز لە ڕۆژنامەنووسان و ڕێز لە ناوو ناوبانگی پایتەختی ڕۆشنبیری ناگرن بە سزای یاسایی بگەینرانایە..
لەگەڵ هیوای سەلامەتی و لەشساغی بۆ هەردوو ڕۆژنامەنووس جەلال محمد و عبدالله مستەفا..
کاروان انور
سکرتێری لقی سلێمانی
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان
09-07-2016