چەتەکانی داعش کە دژی مرۆڤایەتین، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە شاری قامشلۆ، لە دژی گەلەکەمان، دژی خەڵکی سڤیل، هێرشێکی خوێناوی و کۆمەڵکوژیەکی مەزنیان پێکهێنا. لە ئەنجامی ئەو کارە تێرۆریستیەدا بە دەیان کەس بوونە قوربانی و ژیانیان لە دەستدا و چەندانی تریش بریندار بوون. زۆربەی قوربانیەکان ژن و منداڵ و کەسانی سڤیلن. بە گوێرەی ئاگاداریەکانی دەستەی تەندروستیی کانتۆنی جزیرە، تا ئێستا زیاتر لە 40 کەس ژیانیان لە دەست داوە و 134ی تریش بریندار کەوتوون. هەر چەندە تا ئێستا خانووە ڕوخاوەکان پاکنەکراونەتەوە، بۆیە ئەکرێ ژمارەی قوربانیان زیاد ببێ. ئەمە یەکەم جار نیە لە ڕۆژاواو بە تایبەتی لە شاری قامشلۆ هێرشی لەم جۆرە بکرێت، ئەم خوێنمژانە هێرشی زۆری لەم ڕەنگەیان ئەنجام داوە. ئەوهێرشە مەزنەی لە 25 ی جۆزەردانی 2015 کرایە سەر شاری کۆبانێ و کە لە ئەنجامیدا بە سەدان کەس بوونە قوربانی و، هەروەها لە نەورۆزی 2015 دیسان لە شاری حەسەکە هێرشیان کردە سەر مەراسیمەکانی جەژنی نەورۆز و بە دەیان کەس قوربانی لێکەوتەوە. هەرە دوایی پێنجی ئەم مانگە بوو لە شەوی جەژنی ڕەمەزان دا لە شاری حەسەکە هێرشێکی لەم جۆرە خوێناویە کرا و زۆرێک لە خەڵکی بوونە قوربانی.
ئەم هێرشەی ئەمڕۆ بەردەوامی ئەو هێرشانەی پێشترە. ئەم چەتە خوێنمژانە نە ڕۆژی پیرۆز، نە ڕۆژانی مرۆڤایەتی و نە جەژن و مەراسیمی ئاینی و ئیسلامی و نە خودایش ناناسن. ڕێز و حورمەتیان بۆ هیچ بەهاو باوەڕی و پیرۆزیەکان نییە. بەناوی ئاین هاتوونەتە مەیدان، بەڵام ئەوان دیندار نین، بەڵکو نە مرۆڤ و نە موسوڵمانیشن. ئەوان کۆمەڵێکن لە چەتەو دزو جەردە و بکوژ.
لە گەڵ ئەم ڕاستیەشدا، لە پێشەوە دەوڵەتی تورک، حکومەتی ئاکەپە، دەوڵەتانی قەتەر و گەلێک هێزی تری هەرێمەکە هاوکاری ئەو گروپە دەکەن. بەو یارمەتی وهاوکاریانە ئەوان گەیشتوونەتە ئەم ڕۆژە. لە ڕۆژی یەکەمەوە تا ئێستا هێرشەکانی داعش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بە ویست و پلان و هاوکاری ئاکپارتی ئەنجام دراون و تا ئێستایش بەردەوامن.
بەم ڕوداوە دڵتەزێنەوە ئێمە جارێکی تر هێرشکەرەکانی سەر قامشلۆ، داعش و هاوکارانیان، بە توندی مەحکووم و شەرمەزار دەکەین. گیانی هەموو ئەوانە شاد بێ کە گیانیان لەدەستدا، بۆ بریندارانیش هیوای بە پەلە چاکبوونەوە دەخوازین. سەرخۆشیش لە خانەوادە و کەس وکارەکانیان و هەموو گەلی کوردستان دەکەین.
ئێمە بانگ لە هەموو هێزە کوردستانیەکان، گەلی کوردستان و دۆستانی مرۆڤایەتی دەکەین کە لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان خاوەن دەرکەون و بەرخۆدانەکەیان پیرۆز بکەن و هاوکاریان بکەن.
ئەم بەرخۆدانە نموونەییە شۆڕشگێڕییەی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا و ئەوانەی کە لە بەرەکانی منبج و سەرانسەری ڕۆژئاوای کوردستان داستانی بەرخۆدان و سەرفەرازی دەنووسن، ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سڵاو لەو قارەمانانە دەکەین و هەمیشە خۆمان بە هاوکار هاوخەباتیان دەزانین.
کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ـ ک ن ک
27-07-2016 ـ برۆکسل