کۆمەڵێک نووسەر
سەرپەرشتیاری پڕۆژە:
ئەنوەر حسێن - لوقمان ڕەئوف
ئاشنابوون بە ئەرستۆ
ئەرستۆ لەوانەیە یەکەمین و گەورەترین بیرمەندی هەمەلایەنە بێت، وەکو چۆن بەناوبانگە لەبارەی هەموو شتێک، لەشێوەکانی سەدەفەوە بگرە، تا نەزۆکی، لەتێڕامانە تیۆریەکانی لەمەڕ ماهیەتی ڕۆحەوە بگرە تا کەشناسی، شیعر و هونەر و تەنانەت لەبارەی شیکردنەوەی خەون، بابەت و وتاری نوسیوە. گووتراوە کە ئەرستۆ هەر وشەیەک لەزانست کەپەنجەی خستبێتە سەر گۆڕانی تێداکرد (جگە لەبیرکاری کەتیایدا ئەفلاتون و بیرکردنەوەی ئەفلاتون هەروا باڵادەستی خۆی پاراست)، بەڵام لەمانە هەمووی گرنگتر ئەرستۆ بەدامەزرێنەری لۆژیک دەژمێردرێ .
کاتێ کەئەو بۆ یەکەمینجار زانستی مرۆڤایەتی سەردەمی خۆی لەکایە و بوارە جیاوازەکاندا پۆلێن کرد، ئەو تواناو قابلیەتەی بەدرک و تێگەیشتنی ئێمە، سەبارەت بەجیهان بەخشی، کەبەشێوەیەکی سیستماتیکیانە پەرەبسەنێ و پێبگات، بەڵام لەسەدەکانی دوایدا زانست و زانیاری ئێمە، تا ئەو ڕادەیە پەرەیسەند، کەهەر ئەو پۆلێنبەندیە خۆی گۆڕاو بوو بەکۆسپ و بەربەستێکی ڕاستەقینە لەسەرڕێی پێشکەوتنی زانست. پێشکەوتنی زانست لەوجۆرە سیستمە هزریانەدا، تەنها لەو ڕێگاو ڕێبازانە کەپێشتر دیاریکراون، مەیسەربوون. ڕێگاو ڕێبازگەلێک کەزۆریان ڕووبەڕووی نەمان و لەنێوچوونی پلە بەپلە دابوون. شێوازو ڕێبازێکی لەبناغە و بنچینە جیاواز، پێویست بوو. ئەنجامی ئەو شێوازو ڕێبازە فەزای هاوچەرخی زانستی نوێیە.
ئەو ڕاستیەی کەزیاتر لەبیست سەدە درێژەی کێشا، تا ئێمە پیمان بەو سنوربەندیانەی بیرکردنەوەی ئەرستۆ برد، تەنیا نیشاندەری داهێنان و ئەفراندنەکانی ئەوە. لەگەڵ ئەوەشدا تەنانەت بەسەرچوونی بیرکردنەوەی ئەرستۆیی، خۆی پرسیارگەلێکی زۆری فەلسەفی وروژاندووە. هێشتا چ ئەندازەیەک سنووربەندی تری لەو جۆرە لەشێوازی بیرکردنەوەی ئێمەدا هەن، کە دەبێ لەسەریان ڕابوەستین و هەڵوێستیان لەبارەوە وەربگرین؟ کەم و کورتیەکانی لەوجۆرە لەشێوازی بیرکردنەوەی ئێمەدا، تاڕادەیەک مەترسیدارن و ئەو سنووربەندی و کەم و کورتیانە بەڕاستی ئێمە لەزانین و تێگەیشتنی چ شتگەلێک پەک دەخەن؟