کورتەیەک دەربارەی ڕۆمانی ئەستێرەکان بژمێرە
لە نوسینی لویس ڵۆری
وەرگێڕانی لە ئینگلیرییەوە شلێر ڕەشید
ڕۆمانی ئەستێرەکان بژمێرە لە دونیایی بەرائەتیی مناڵەوە دەتباتەوە ناو دونیایی پڕ پلانی گەورەکان وات لێ دەکات و هانت دەدا کە بە جۆرێکی جیاواز بیر لە ژیان بکەیتەوە، فێری خۆشەویستیت دەکا بەرانبەر بە مرۆڤایەتی بێ گوێدانە جیاوازی دینی و نەتەوەیی.
ئڵێلینی تەمەن دەساڵان دەبێتە کارەکتەری سەرەکی لە چیرۆکەکەدا بەو مناڵییەی خۆیەوەو لەو دنیا پڕ بەرائەتەی خۆی دا. هەوڵ دەدا ژیانی چەندەها خێزان ڕزگار بکا لە دەست هێرشی نازییەکان بۆ سەر ماڵ و ژیانیان و دوورخستنەوەیان بۆ کەمپ، تەنها گەورەکان نین کە هەڵدەستن بە کاری سیاسی و ڕزگارکردنی گەلێک لە نەتەوەو ئاینێکی جیاواز. وا لەمناڵ دەکات کە لە کاتی تەنگانەدا بەتەنک هاوڕێکەوەبێ و بەشداری خەمەکانی بێ بە بێ گوێ دانە جیاوازی دین و نەتەوە. لەم ڕۆمانەدا مناڵ ژیانە مناڵانەکەی خۆی پراکتس دەکات و لە هەمان کاتیشدا ڕۆڵێکی چالاک دەبینێ لە بەئەنجام گەیاندنی کاری سیاسی.
پیتەر سیمایەکی بەوەفاو خۆشەویست وماندو نەناس و دیاری ناو ڕۆمانەکەیە شآن بەشانی ئێلین و خیزانەکەی هەوڵی ڕزگار کردنی چەندەها خێزانی جولەکە دەدا کە لە ویژدان زیندوویی وەفاداری و بەتەنگەوەهاتن زیاتر هیچی تری تێدا نییە بۆی.
ڕۆڵی خێزان لە پەروەردەکردنی مناڵ و فێرکردنی خۆشەویستی و وەفاداری بەرانبەر بە هاوڕێ بێ گوێ دانە جیاوازی نەتەوەو ئاین. ماڵی ئانماری ماڵێکی شۆڕشگێڕو بەرگریکار لە زۆڵم و زۆر، ماڵێک کە هیوایان دنیایەکی باشترە بۆ مرۆڤایەتی. دنیایەکی دوور لە گرنت و کوشتن و ڕاونان و دەربەدەری.
درۆ لایەنێکی گرنگ و یارمەتیدەرە لەم ڕۆمانەدا،بەشێک لە کارەکتەرەکان پەنا ئەبەنە بەر درۆ بۆ ئەوەی ژیانی خۆیان و هاوڕێکانیان بپارێزن و ژیان ناچارت دەکا کە درۆ بکەی، درۆی لەو جۆرە دەبێ بکرێ،لە ژیانماندا. هەریەکە لە ئێمە پێویستمان بەوەیە کە درۆ بکەین بەڵام درۆی جوان و درۆیەک کە ڕەچاوی لایەنی ئەخلاقی بکا و بەهای ژیانی تێدابێ، درۆیەک کاریگەری خراپی نەبێ بۆ سەر کەسە باشەکان کە مەبەستیان چاکە کردنە.
ڕۆمانێکی لەم جۆرە سەفەری ڕووحت پێ دەکا بەناو شاری کۆپنهاگن ی پایتەختی وڵاتی دانیمارک دا، بەناو کۆڵانەکانی و بینینی کرستین شای وڵاتەکەو سیمای خۆشەویست و سادەی کرستین شا و گەڕانی بەناو شآردا بەبێ پاسەوان و بەسەرکردنەوەی دانیشتوانی وڵاتەکەو بەسەرکردنەوەی حاڵ و گوزەرانیان، بینینی دەریای بەڵتیک وقەڵاکەو کۆشکی پاشاو دیمەنی دارستان و گەڵاو گوڵ وگیاو ئەستێرەو ئاسمان، دیمەنی جوانی ڕاکردنی مناڵەکان بەناو دارستان و گژوگیاو سەوزەڵانی و چنینیەوەی گوڵە وشکەوەبووە کێویلەکان و دیمەنی خانووە کۆنە تەپ و تۆز گرتووەکەی خاڵە هنریک و پیاسەکردن بەناو پارکی تایڤۆڵی و سوڕانەوەی سەر ئەسپەئاسنینەکانی ناو پارکەکەو دیمەنی یاری ئاگرپژێن ی شەو.
جارێ لەگەڵ ئێلینی تەمەن دەساڵان پێشبڕکێ دەکەی لە ماڵەوە بۆ قوتابخانەو ڕووبەڕووی سەربازەکانی سەر سەرسوچەکە دەبیتەوەو بە دەمووچاوە ترسناکەکانیان ڕات دەگرن و کۆمەڵێ پرسیارت لێ دەکەن. جارێ لەگەڵ پیتەر نێڵسندا لە سێدارە دەدرێیت و ناویشت لە سەر گۆڕەکەت نانوسرێ تەنها ژمارەیەک لە سەر گۆڕەکەت دەنوسرێ. جاری لەگەڵ لز ی خۆشەویستی پیتەردا لەڕیزی بەرگریدایت و پۆلیسەکان دەتخەنە ژێر ئۆتۆمبیلەکانیانەوەو دەتکوژن. جارێک لەگەڵ جولەکەکان لە پرسەیەکی درۆدایت بۆ خۆڕزگارکردن لە دەست شاڵاوی دڕەندەیی جولەکەکان. جارێک لەگەڵ دایک و باوکی ئێلین ڕووبەڕووی دەمووچاوی دڕندانەی پۆلیسە نازییەکان دەبیتەوە کاتێ کە هەڵ ئەکوتنە سەر ماڵەکەیان بە مەبەستی پشکنین و گەڕان بە دوای جولەکەکاندا.
ڕۆمانی ئەستێرەکان بژمێرە پێت دەڵێ لەخەمی ئازاری مانگایەکدابین کە کاتێ گوانی پڕ لە شیری ئازاری دەدا تەماشآت دەکاو بە چاوەکانی داوای یارمەتیت لێ دەکا کە گوانی پڕ لەشیری بەتاڵ بکەیت، هەست بە خۆشەویستی ئەو مانگایەش دەکەیت بەرانبەرت کاتێ کە هەست بەو بەتەنگ هاتنەوە دەکا دەمی دەهێنێتە پێشەوە بۆ ئەوەی پێزانینی خۆیت نیشان بدات و ماچت بکا، باسی وەفای سەگ دەکات کە چۆن هەموو ڕۆژێ لەکاتی خۆیدا خاوەنەکەی بەڕێ دەکا بۆ سەر کارو دوایش لەکاتی گەڕانەوەی خاوەنەکەی بەهەمان شێوە چاوەڕێ دەبێ بۆ ئەوەی لە گەڵیدا بەرەو ماڵەوە بگەڕێتەوە.
هەمیشە هەروابووە لە بەئەنجامدانی کاری سیاسی دا کۆد هێمایەکە کە بەکارتووە. بۆ نمونە کە باوکی ئانماری بە تەلەفۆن بە خاڵی ئانماری دەڵێ ئانماری و دایکی دێن بۆ لات و کارتۆنێ جگەرەشت بۆ دەهێن، تەنها کارتۆنێک بەڵام لە ڕاستیدا مەبەستی جگەرە نییە بەڵکو مەبەستی ئەوەیە کە ئێلین ی جولەکە و هاوڕێی ئێلین دەربازبکەن و بیبەن بۆ لادێکەیان و لەوێوە بە نهێنی دەربازبێ بۆ سوید.
ئەم ڕۆمانەش وەکو هەر ڕۆمانێکی تر دوو کتێبمان پێ ئەناسێنێ یاخود بیرمان دەهێنیتەوە بۆ ئەوانەمان کە بیستۆمانە. ناساندنی پەرتوکی لەگەڵ بادا ڕۆیشت ی مارگرێت مچڵ و حیکایەتی خەیاڵیی شاڵ کڵاو سوورە بچکۆلە.
لە سەر ئەو بەرگە جوانەی کە بۆ کتێبەکە درووست کراوە تەواوی هێماکانی ناو ڕۆمانەکە کێشراوە
لە ڕەنگی سوروخوێناوی شەڕو ئازارو ڕاونان و گرتنەوە دنیای جەنگ بەرەو دنیایەکی پڕ ئارامی و ئاسوودەیی دنیای دوای جەنگ. لەم ڕۆمانەدا ئەستێرەی داود هێمایەکە بۆ دینی جولەکەو سووەستیکا هێمای نازییە دڕندەکانە، بەلەمەکان هێمان بۆ ڕزگارکردنی جولەکەکان و گەیاندیان لە دانیمارک ەوە بۆ سوید، دەستەسڕ هێمایەکی تری دیاری ناو ئەم ڕۆمانەیە کە تایبەت درووستکراوە و هیرۆیین و خوێنی وشکەوەبووی کەروێشکی پێوە کراوە، بۆنی خوێنەکە سەرنجی سەگەکان ڕادەکێشێ بۆنی کٶکایین ەکە بۆ ماوەیەکی کاتی هەستی بۆنکردنیان سڕ دەکات و وایان لێ دەکات نەتوانن بۆنی جولەکە شاراوەکان بکەن و بیان دۆزنەوە.
لە لایەکی ترەوە مناڵان لە دنیای مناڵانەی خۆیان دان و بە دڵخۆشییەوە لەگەڵ یەک یاری دەکەن و یەکتریان قبوڵە بێ گوێدانە جیاوازی دین و نەتەوە.
تاڵیی ژیانی جولەکەکان لەو سەردەمەدا، ڕاونان و هەڵاتن و خۆشاردنەوەو گرتن ئەشکەنجەو ولێدان و کوشتن و دەست ڕێژکردن هاوشێوەی ژیانی تاڵ وپڕ کارەساتی خەڵکی کوردستانە لە 1988