خەندان- دانا تەیب مەنمی
کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی قازانجی چارەکی دووەمی ئەمساڵی لە فرۆشتنی نەوتی خاوی هەرێم لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ بڵاوکردەوەو بەراورد بە قازانجی چارەکی یەکەمی ئەمساڵ دوو ئەوەندە زیادی کردووەو بووەتە 16 ملیۆن دۆلار.
ئەمڕۆ کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە وێبسایتی فەرمی خۆی ڕایگەیاند"دوای هەڵمەتێکی چڕوپڕی کارکردن لە کێڵگەی تاوکێ پێنج بیرەنەوتی نوێ لە ماوەی نیوەی دووەمی ئەمساڵ هەڵدەکەنرێت بۆ زیاترکردنی بەرهەمهێنان".
کۆمپانیاکە ئەوەشی خستوەتەڕوو ئێستا دوو سەکۆی نەوتیی لە بیرە نەوتی تاوکێ -31 لە کێڵگەی تاوکێ و لە یەدەگی سەرەکی کیڵگەکە(کێڵگەی سەرەکی کۆمپانیاکەیە لەهەرێم) کاردەکەن و ئەوەش یەکەمین بیرە نەوتی بەرهەمهێنانی نەوتە کە لەکۆتایی ساڵی 2014وە لێبدرێت و لەمانگی ئەیلوولی داهاتوودا دەگەنە قوڵایی جێی مەبەست کە بریتیە لە 2200 مەتر، سەکۆیەکی نەوتی دیکەش لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵدا لە کێڵگەی نەوتی پیشخابووردا بۆ بیرە نەوتێکی ئەزموونیی دادەنێن.
بەرهەمهێنانی نەوتی کۆمپانیاکە لەچارەکی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێژەی %27 بەرزبۆتەوە بۆ (122،900) هاوتای بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا(BOE).
هاوتای بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا(BOE) بریتیە لە زاراوەیەک بۆ کورتکردنەوەی بڕی ئەو وزەیەی کە یەکسانە بەبڕی ئەو وزەیەی کە لەبەرمیلێک نەوتی خاودا هەیە، سوودی ئەم زاراوەیە ئەوەیە کە بەگۆڕینی چەندین سەرچاوەی جیاوازی وزە بۆ یەک ژمارە، شرۆڤەکاران و وەبەرهێنەران و بەڕێوەبەران دەتوانن هەڵسەنگاندن بکەن بۆ کۆی ئەو وزەیەی کۆمپانیایەک دەتوانێت دەستی بکەوێت، ئەم زاراوەیە هەروەها پێشی دەوترێت (هاوتای نەوتی خاو COE).
"بەرهەمهێنانی نەوتی تاوکێ گەیشتۆتە 117 هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێکداو زۆربەی زۆری بڕی نەوتەی بەرهەمهێنراوە هەناردەی دەرەوە کراوە بە نرخی 34 دۆلار بۆ بەرمیلێک"بەپێی دی ئێن ئۆ.
سەبارەت بە قازانجیش، کۆمپانیاکە دەڵێت"داهاتی فراوانی کۆمپانیا گەیشتۆتە 61 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، بەوەش بۆ پێنجەمین چارەکە ساڵ لەسەر یەک، سەرجەم داهاتی کۆمپانیاکە 50 ملیۆن دۆلار یان زیاتر بووە".
ئاماژەشی بەوەکردووە قازانجی کارکردنی دی ئێن ئۆ لەچارەکی دووەمی ئەمساڵدا بریتی بووە لە 16 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، ئەوەش لەکاتێکدا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا قازانجی کۆمپانیاکە 8 ملیۆن دۆلار بووە.
بیژەن موزەفەر ڕەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دی ئێن ئۆ ڕایگەیاندووە"دەستپێکردنەوەی پێدانی پارەی هەناردەکردنی نەوتی خاو بەشێوەیەکی سیستماتیک و چاوەڕوانکراو، وەبەرهێنانی زیاتر لە تاوکێ و کیڵگەکانی تر بەهێزتردەکات".
- 19-08-2016