بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، دەستگیرکردنی 20 کەسی ڕاگەیاند لەسێ مانگی ڕابردوودا، ئەوەش بەتۆمەتی ئەنجامدانی چەندین کردەوەی کوشتن و دزی وەکو پۆلیس ئاماژەی پێدەکات لەدانپێدانانەکانیاندا جەختی لێکراوەتەوە.
بەپێی ئه و ئامارە کە پۆلیسی هەولێر لەراگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردەوە و وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا چوار کەس لەسنوری پارێزگاکە دەستگیرکراون بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی کوشتن.
ئه و چوار کەسە تەمەنیان لەنێوان 23 بۆ 39 ساڵیدایە، پیشەیان کاسبە و بەپێی ماددەی 406ی یاسای سزادانی عیراق دەستگیرکراون، یەکێکیان تۆمەتبارە بەکوشتنی باوکی و سێ کەسەکەی تر بەتۆمەتی کوشتنی هاوڵاتیەک ڕوبەڕوی دادگا کراونەتەوە، وەکو لەراگەیاندراوەی پۆلیسدا هاتووە.
هەر لەماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، بەتۆمەتی هەشت کردەوەی دزی 16 کەس لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیرکراون، کە تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 37 ساڵیدایە و پیشەیان کاسبە، بەپێی ماددەکانی 443 و 446 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕوبەڕوی دادگا دەکرێنەوە.
عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بەخەندان-ی ڕاگەیاند، ئامارەکەیان تەنیا بۆ سێ مانگی ڕابردووە و بەوتەی ئەو، ئەمساڵ بەراورد بەساڵی ڕابردوو ڕێژەی تاوان لەسنووری هەولێر سەدا 60 بۆ 65 کەمیکردووە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئەوەی ڕونکردەوە کە ئه و دەستگیرکراوانە تائێستا لەلایەن دادوەرەوە سزایان بەسەردا نەسەپێندراوه و حوکم نەدراون، بەڵام "هەموویان دانیان بەتاوانەکانیاندا ناوه و تاوانەکانیان لەسەر ساغ بۆتەوە".
- 01-09-2016