دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان لە دوای ڕاپەرینی ساڵی 1991ەوە زیاتر لە 400 کەس بێ سەروشوێن بوون و تاوەکو ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.
بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوای ڕاپەڕینەوە بەهۆی شەڕی ناوخۆ و ململانێی سیاسی نێوان هێزە سیاسییەکانی باشوور و باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 400 کەس بێ سەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە.
هەر بە پێی ئامارەکان زۆربەی ئەو کەسانەی بێ سەروشوێنکراون ئەندامی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی کرێکارانی کوردستان، حزبی دیموکراتی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستانن.
بە پێی ئامارەکان ژمارەی بێ سەروشوێنان زۆربەیان لە نێو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە کە زیاتر لە 163 کەسە و لەگەڵ 70 کەس کە ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستانن.
رۆژی 30ی ئابی هەموو ساڵێک نەتەوەیەکگرتووەکان بە ڕۆژی جیهانی بێ سەروشوێنانی داناوە و بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ زۆرترین ڕێژەی بێ سەروشوێنان لە وڵاتی سوریا کە لە ساڵی 2011وە و زیاتر لە 85 هەزار کەس بێ سەروشوێنکراون، لە دوای ئەویش وڵاتی مەکسیک دێت لە ساڵی 2007ەوە زیاتر لە 25 هەزار کەس بێ سەروشوێنکراون، لە دوای ئەوانیش هەریەک لەوڵاتانی سریلانکا و بۆسنا و هەرسک دێن.
لای خۆیەوە عەلی مەحمود، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە کەیسی بێ سەروشوێنانی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "تاوەکو ئێستا ڕووفات و زانیاری لەسەر شێوازی بێ سەروشوێن و بکوژان دیارنین، بۆیە دەچێتە خانەی بێ سەروشوێنکردن".
ناوبراو، وتیشی " تاوەکو ئێستا زیاتر لە 160 کەیسی بێ سەروشوێنانی هەرێمی کوردستانیان داوەتە ڕێکخراوی هاوپەیمانی جیهانی دژ بە بێ سەروشوێنان و خاچی سووری نێودەوڵەتی لە سویسرا".
- 02-09-2016