دواڕۆژ، هەردی عوسمان
پێوەدانی مارو دووپشک لە گەرمیان بەشێوەیەکی بەرچاو ڕووی لەزیادبوون کردووە، بەپێی ئامارێکیش لەماوەی هەفتەیەکدا 12 حاڵەت تۆمارکراوە کە یەکێکیان به و هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
هەڵگورد محەمەد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لەکەلار بەدواڕۆژی ڕاگەیاند " لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا 12 حاڵەتی پێوەدانی مارو دووپشک لە نەخۆشخانەکە تۆمارکراون، کە پێنج حاڵەتیان پێوەدانی دووپشک بووه و حەوتیشیان پێوەدانی مار".
وتیشی "له و حاڵەتانە یەکێک لە حاڵەتەکان منداڵێکی تەمەن دوو ساڵ و نیو بووە، کە دوو ڕۆژی پێش ئێستا بەهۆی پێوەدانی مارەوە، پاش ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی و بەهۆی زۆر بڵاوبونەوەی ژەهرەکە لەگیانیدا لەڕێگا گیانی لەدەستداوە".
منداڵەکە خەڵکی گوندی (سەوز بڵاخە) کە یەکێکە لە گوندەکانی گەرمیان.
سەبارەت بەوەی تاچەند دەرمانی چارەسەری پێویستیان لەبەردەستدایە، هەڵگورد محەمەد ئاماژەی بەوەدا "هیچ گرفتێکیان نییه و دەرمانی پێویستیان لەبەردەستدایە بۆ چارەسەرکردنی پێوەدانی مارو دووپشک".
- 02-09-2016