ئۆرگان و هەڤاڵانی یەکێتیی!
کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگەو ڕای گشتی کوردستان!
دۆستانی یەکێتییو پشتیوانانی کوردستان!
دوێنێ (01-09-2016) هاوکاتی گەڕانەوەی ڕابەرمان مام جەلال، لەچارەسەرێکی دڵخۆشکەرەدا؛ هەروەها لەکاتێکدا هێزی پێشمەرگە شکۆمەندانە بەرگری لەکوردستان دەکات و پۆل پۆل شەهیدان بەرەو کاروانی نەمری بەڕێ دەکرێن، لەبارو دۆخێکدا ڕووداوی نالەباری ئیقلیمیو سیناریۆی مەترسیداری جۆاروجۆر لەناوچەکەدا بەرامبەر کێشەی ڕەوای نەتەوەکەمان دەگوزەرێ؛ هەموو ئەمانەش، لەناو هەلومەرجێکی سەختی قەیرانی ئابوریدا، کە تەنگی بەژیانی هاووڵاتیو بوارەکانی ئابورییو بازاڕ هەڵچنیووە، زۆر بەداخەوە (بەشێکی) هەڤاڵانی سەرکردایەتی یەکێتیی، ڕاگەیەندراوێکیان بەناوی (ناوەندی بڕیار) بڵاوکردەوەو هەڵوێستەکەشیان نیگەرانییەکی زۆری هێناوەتە ئاراوە!!
هەڤاڵانی یەکێتیی، لەکورستان و عیراق و هەندەراندا!
بۆ ئەوەی گەلەکەمان و هێزە سیاسییەکان، وەکو ڕونکردنەوەیەکی سەرەتایی لەهەڵوێستی شەرعیو ڕەسمی یەکێتیی ئاگادار بکەینەوە، زۆرینەی مەکتەبی سیاسی، لەکۆبوونەوەیەکی نائاسایی تاوتوێکردنی پەرۆش بۆ چارەسەری کێشەکان، کە زۆرینەی سەرکردایەتی یەکێتییو زۆرینەی ڕەهای ئەنجومەنی ناوەند، هەمان هەڵوێستیان هەیە، ڕایدەگەیەنین، کەوا:
یەکەم: ڕاگەیاندنێکی هەر ئۆرگانێک، یان ناوەندێک، لەپەیڕەوی ناوخۆدا پەسەند نەکرابێ، لای زۆرینەی ئۆرگانە باڵاکانی یەکێتیی، بەهیچ چەشنێ، شەرعییەتی نییە.
دووەم: بابەتی هەستیاری ئاوهای بەشێکی مەکتەبی سیاسیو سەرکردایەتی، کە ڕاگەیەندراوە، دوور و نزیک، لەمەکتەبی سیاسیو سەرکردایەتی یەکێتیی باس نەکراوە؛ هەروەها ڕەزامەندی ئەنجومەنی ناوەندیشی لەسەر وەرنەگیراوە.
تەنانەت داوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتی، یاخود پلینیۆمی کت و پڕیش، بۆ باسکردنی پرسێکی ئاوەها، نەکراوە. بۆیە:
بەم ڕونکردنەوە سەرەتاییە، ڕایدەگەیەنین، کەوا؛ دوای هەوڵێکی بەرپرسیارانە بۆ ئارام ڕاگرتنی دۆخی ناو یەکێتییو دۆزینەوەی چارەسەری ڕاستەقینە لەسەر بنەمای پەیڕەوی ناوخۆ، بەمزوانە ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام دەدات و دوا سیاسەت و هەڵوێستی یەکێتیی، ڕادەگەیەنین.
چاوەڕوانیشین، تەواوی هەڤاڵانی سەرکردایەتی، بەدەم بانگەوازی چارەسەری ڕاستەقینەمانەوە بێن. دڵنیاشین لەدوا سەرەنجامدا، یەکێتیی سەرکەش و سەرکەوتوو، لەمەیدانەکەدا درێژە بەخەباتی دیموکراسیو عەدالەتخوازی دەدات. هەروەکو مام جەلال-یش فەرمویەتی: سەفین لەبن بێ، یەکێتیی لەبن نایەت.
زۆرینەی مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
02-09-2016