دەزگای گشتی کاروباری مین لەهەرێمی کوردستان لەچوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە حەوت هەزار بۆمب و مینی چێنراو کەرەستەی تەقەمەنی نەتەقیوی لەناوبردووە.
محەمەد ئەحمەد سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین لە ڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە ڕایگەیاند، لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵ زیاتر لە حەوت هەزار بۆمب و مینی چێنراو کەرەستەی تەقەمەنی نەتەقیو لە ناو براون بەتایبەتی له و ناوچانەی کە هێزەکانی پێشمەرگە لە ژێر دەستی داعش ئازادی کردون کە هەموی ناوچەی مەترسیدارن.
بەپێی ئامارێکی دەزگای مین کە بۆ خەندان نێردراوە، له و چوار مانگەدا لە ڕێگەی تیمەکانی سەر بە دەزگا و ڕێکخراوەکانی بواری مین زیاتر لە 5111 مین و تەقەمەنی لە ناو براون، هەروەها زیاتر لە (2060) بۆمب و کەرەستەی تەقەمەنی و مین و بۆمبی چێنراو(IED لەناوبراون لە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش.
سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر حکومەت بودجە دابینبکات و تیمەکانی دەزگا بەدەر بکات لە سیستەمی پاشەکەوتکردنی موچە ئەوا دەتوانن کارەکان و تیمەکانی مین لابەری لە سەرجەم کوردستان خێراتر بکەن بۆ ئەوەی هەرچی زووە کوردستان لە مەترسیەکانی مین و تەقەمەنی بپارێزن.
دەزگای مین یەکێکه له دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانە. ئەرکەکانی بریتین لە جێبەجێکردن و سەرپەرشتیکردن و چاودێریکردنی کاروچالاکی بوارە جیاجیاکانی کاروباری مین وەک پاککردنەوەی کێڵگە، هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنییەکانی پاشماوەی جەنگ، یارمەتیدانی قوربانیان و لە ناوبردنی مین و تەقەمەنی کەڵەکەکراو هەروەها داکۆکیکردن لە پەیماننامە و هەڵمەتەکانی ناوخۆ و جیهانییەکان دەربارەی قەدەغەکردنی مین و تەقەمەنی.
دەزگای مین کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری مەترسییەکانی مین و تەقەمەنییەکانی پاشماوەی جەنگی لەسەر خەڵکی کوردستان لە ڕێگای هۆشیارکردنەوە، نیشانەرێژی، پاککردنەوەی زەویە مینڕێژکراوەکان و ڕادەستکردنەوەیان بۆ خاوەنەکانیان و دەزگاکانی حکومەت بۆ ئەوەی دووبارە بەکاریان بهێننەوە و ببنە بەشێک لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان و گەشتوگوزار.
- 05-09-2016