لەپێکدادانێکی ژمارەیەک پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستان و سوپای پاسداران، لە نێوان گوندەکانی کانی زەردو، وەردێ و گڵکەند لە نزیک شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوو پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) کە ئەمرۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئێوارەی دوێنێ، لەناوچەی بولفەت، لە نێوان گوندەکانی کانی زەرد و وەردێ و گلکەند ژمارەیەک پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستان، کەوتونەتە بۆسەیەکی تەقەمەنی سوپای پاسدارانەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، دوای تەقینەوەی تەڵە ئینفیجارییەکە پێکدادان لەنێوان پێشمەرگەکان و سوپای پاسداران ڕویداوەو بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە.
عومەر باڵەکی ئەندامی دەفتەری سیاسی حزبە دیموکراتی کوردستان بەخەندانی ڕاگەیاند، شەڕەکە ئێوارەی دوێنێ کاتژمێر شەش بوەو ماوەی دوو کاتژمێری خایەندووە و دیار نییە کە زیانی سوپای پاسداران لەو پێکدادانە چەند بووە.
وتیشی تائێستا نازانرێت دوو پێشمەرگە شەهیدەکە تەرمەکانیان کەوتونەتە دەست سوپای پاسداران یاخوود نا.
ئەو دووپێشمەرگەیەی گیانیان لەدەستداوە، بەپێی ڕاگەیەندراوی حزبەی دیموکراتی کوردستان، ناویان ئازاد ئاڵی خەڵکی گوندی دۆڵەگەرم-ی سەردەشت و ئەمیر قادریان، ناسراو بە ئەمیر نەستانی خەڵکی نەستانی ناوچەی ڕەبەتە.
عومەر باڵەکی باسی لەوەش کرد، پێشمەرگەکانی دیکە بەبێزیان ڕزگاریان بوەو برینداریان نەبووە، سوپای پاسدارانیش تا درەنگانێکی دوێنێ تۆپبارانی ئەو ناوچانەی کردوەو سنورەکانی تەلبەند کردوەو هێزەی زیاتری هێناوەتە ناوچەکە
- 07-09-2016