دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "بەهۆی هاتنی گەشتیارێکی زۆر بۆ کوردستان لە شاری هەولێر کێشەی شوێنی نوستن دروست بوە".
نادر لە ڕێگەی سایتی دواڕۆژەوە داوای لە خاوەنی میوانخانە و مۆتێل و گوندی گەشتیاری کرد ئەوانەی شوێنیان هەیە و پێشوازی لە گەشتیار دەکەن پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی گەشت و گوزاری هەولێرەوە بکەن بۆئەوەی گەشتیاریان بۆ بنێرن.
لە جەژنی ڕەمەزانی ئەم ساڵدا 122 هەزار گەشتیار ڕوویان لە کوردستان کرد لە ڕێگەی 90 کۆمپانیاوە.
نادر هیچ ئامارێکی لەبەردەست نەبوو، بەهۆی ئەوەی لە چوارەم ڕۆژی جەژن ئامار دەکەن، بەڵام نەی شاردەوە کە ژمارەی گەشتیاران لە جەژنی ڕەمەزان زیاترە.
هەر سەبارەت بەیەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانەوە فازڵ حاجی حسێن وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "لەناو شاری هەولێر هیچ ڕوداوێکی هاتوچۆ نەبوە و تەنها لە نزیک قەزای کۆیە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئافرەتێک ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕاوە و خۆی و سەرنشینێک برینداربوون".
لای خۆشیەوە هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، بۆ دواڕۆژ قسەی کرد "تاوەکو کاتژمێر6.30 ئێوارە هیچ ڕوداوێک ڕوی نەداوە و جەژنێکی ئارامە".
سەبارەت بە ئاماری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر فاخیر کرمانجی، بەرێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، ڕوونیکردەوە "بەهۆی ئەوەی ئەوان ئامار لە هەشتی بەیانی بۆ 24 کاتژمێر کۆدەکەنەوە بۆیە هیچ ئامارێکی لا نەبوو".
- 13-09-2016