دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
بەرپرسێکی وەزارەتی پلاندانان، ئاشکرای دەکات، بە پێی لێکۆلینەوەیەک لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان (620) هەزار کەس بێکارن، ئەوەش بە مەترسی دادەنێت.
سیروان محەمەد، بەڕێوبەری دەستەی ئاماری هەرێم، لە لێدوانێکیدا بۆ دواڕۆژ، ئەوەی خستەڕوو، بەپێی لێکۆڵینەوەکان لە هەرێمی کوردستان بە هاووڵاتیانی ناوخۆ و ئاوارەکان زیاتر لە (620) هەزار کەس بێکارن.
ئەو بەپرسەی وەزارەتی پلاندانان، ئاماژەبەوەدەکات، لەو هەموو مەترسی و تەحەدیانەی ڕوبەروی هەرێمی کوردستان بوەتەوە بێکاری و دابیننەکردنی هەلی کار گەورەترین مەترسیە لەسەر هەرێمی کوردستان.
سیروان محەمەد، ڕوونیشیکردەوە، لە ئێستادا ژمارەی بێکاران لە هەرێم لە سەرووی (600) هەزار کەسە بە ئاوارە و پەنابەرەوە، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی ساڵێکدا بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرزبێتەوە.
ناوبراو، دەشڵێت " ئەو پاڵەپستۆیەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستبووە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار، دوای ڕۆیشتنی ئاوارەکان کەمتر دەبێتەوە، بەڵام پێناچێت ئاوارەکان بەخێرایی چۆڵی بکەن، ڕەنگە ئەم پرۆسەیە چەند ساڵێکی پێویست بێت".
لای خۆیەوە زاگرۆس فەتاح، بەڕێوبەری گشتی بودجەی وەبەرهێنان لە وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی ڕێژەی هەژاری بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "رێژەی هەژاری بەر لە دروستبوونی قەیرانەکان و هاتنی داعش و ئاوارەکان (3%) بووە، بەڵام لە ئێستادا ئەو ڕێژەیە زیادیکردووە بۆ (14%) لەسەر بنەمای دانیشتوان واتە بە ئاوارە و پەنابەرەکانەوە".
بەڕێوەبەری گشتی بودجەی وەبەرهێنان، ئاشکراشیکرد، بێکاری لە هەرێمی کوردستان تا سەرەتای ساڵی 2014 ڕێژەی (6.7%) بوو، بەڵام لە ئێستادا بە پێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان مەزەندەدەکرێت لەسەرووی 10% بێت.
- 12-09-2016