رۆژنیوز - هاوکار مستەفا
سەرەڕای قەیرانی دارایی و بێمووچەیی لە هەرێمی کوردستان، دانیشتوانی هەرێم لە ڕۆژانی جەژن گەشتی زیاتریان کردوە بۆ وڵاتی ئێران، بەرپرسی دەروازەی سنووری باشماخیش دەڵێ:"ئەم جەژنە ڕۆیشتن زۆرتر بوە لە هاتن".
دەروازەی سنوریی نێودەوڵەتی باشماخ، لە بۆنەو جەژنەکاندا ڕێژەیەکی زیاتر لە گەشتیاران لە ڕێگەی ئەو مەرزەوە گەشت دەکەن بۆ ئیران، هاوکات گەشتیاری ئێرانیش دێنە هەرێمەوە، لەو چوارچێوەیەشدا لە جەژنی قوربانی ئەمساڵدا هاتنی گەشتیاران بۆهەرێم کەمی کردوە و ڕۆیشتنی گەشتیار زیادی کردووە.
نەقیب دلێر فەرەج، لێپرسراوی نشینگەی مەرزی باشماخ، بۆ ڕۆژنیوز ئەوەی خستەڕوو:"وەک نشینگەی باشماخ لە گەڵ هاتن و نزیکبونەوەی بۆنە نەتەوەیی و نشتیمانی و ئاینیەکاندا، سەرجەم ئامادەکارییەک دەکەین بۆ پێشوازیکردن لە هاتنی گەشتیاران بۆ ناو هەرێم و هاوکات ئەو گەشتیارانەشی کە لە هەرێمی کوردستانەوە ڕوودەکەنە ئێران".
ڕونیشیکردەوە:"لە جەژنی قوربانی ئەمساڵدا نۆ هەزار گەشتیار و هاوڵاتی ئێرانی لە ڕێگەی مەرزی باشماخەوە هاتونەتە هەرێمی کوردستان، بە پێچەوانەشەوە، دە هەزار گەشتیار و هاوڵاتی هەرێمی کوردستانیش گەشتیان بۆ شارەکانی ئێران کردووە، بەو جۆرەش بە بەراورد بە جەژنی ڕەمەزان هاتنی گەشتیاران بەڕێژەیەکی زۆر زیادیکردووە".
لێپرسراوی نشینگەی مەرزی باشماخ، وتیشی:"لە ڕۆژانی جەژندا سەرجەم بەشەکانی نشینگەی باشماخ بەڕووی گەشتیاراندا کراونەتەوە، لەڕوی ئەمنیشەوە هەموو کارێکی پێویست کراوە و هەموو ئاسانکارییەک بۆ هاتوچۆی گەشتیاران کراوە".
مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، یەکێکە لەو خاڵە سنورییانەی کە دەکەوێتە شارۆچکەی پێنجوێنی سە بەپارێزگای سلێمانی، ساڵانە لە بۆنەو جەژنە نەتەوەیی و ئاینیەکاندا ڕێژەیەکی زۆر گەشتیار هاتوچۆی لێوە دەکەن.