حاجیانی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سعودییە، 3700 سەر ئاژەڵیان کردووەتە قوربانی کە خەرجیەکەی 400 هەزار دۆلار بووەو ڕەوانەی ئوسترالیا و بەرازیل دەکرێت.
مەریوان نەقشبەندی سەرپەرشتیاری تیمی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی حاجیانی هەرێم لە سعودیە، ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە پەرەی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردوەتەوە ڕایگەیاندوە، ئەمساڵ حاجیانی جیهان لەسعودیە نزیکەی دوو ملیۆن سەر ئاژەڵی جۆراوجۆریان سەربڕیووە، لەناویاندا حاجیانی هەرێم نزیکەی 3700 سەریان سەربڕیوە.
نەقشبەندی ڕایگەیاند:"ئەمساڵ حاجیانی جیهان لەسعودیە نزیکەی دوو ملیۆن سەر ئاژەڵی جۆراوجۆریان لە مەڕو مانگاو حوشترو.....هتد، وەک فدیە و قوربانی سەربڕیوە، لە ناو ئەوانەشدا حاجیانی هەرێم نزیکەی 3700 سەریان سەربڕیوە کە خەرجیەکەی نزیکەی 400 هەزار دۆلار بووە، هەموو ئەم ئاژەڵە سەربڕاوانە بەپێی پرۆژەی خێرخوازی جۆراوجۆری سعودیە ڕەوانەی هەردو وڵاتی ئوسترالیا و بەرازیل و چەند وڵاتێکیتر دەکرێن".
مەریوان نەقشبەندی نوسیویەتی:"ئەو گۆشتانە ئامادەدەکرێن و لە قوتو دەنرێن و دابەشدەکرێن بەسەر ئەو وڵاتانەی کە هەژارن، یان ناوچەی شەڕن و ئاوارەی موسڵمانی تێدایە، بۆیە بەپێویستم زانی کەداوا لەبەرپرسانی پەیوەندیدار لە سعودیە بکەم کە ئەمساڵ بەشێک لەم پرۆژە خێرخوازیانەیان لەدابەشکردنی ئەو قوتوە گۆشتانە بۆ هەرێمی کوردستان بێت و بەسەر ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان دابەش بکرێت و هەژار و کەمدەرامەتەکانیش لەخەڵکی کوردستان سودی لێوەربگرن".
دەربارەی وەڵامی داواکارییەکەش لە لایەن سعودیەوە نەقشبەندی ئاماژەی بەوەکردووە: پێیان ڕاگەیاندم ئەبێ ئەو داواکارییە لە ڕێگەی کونسولخانەی سعودیەوە لە هەرێمی کوردستانەوە پێشکەش بکرێت.