پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە ڕاوبۆچوونی وا بووە کە ڕێککەوتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکان کارێکی ئاساییە، نەخاسمە ئەگەر لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و یەکڕیزیی هێزەکانی و نەهێشتنی ناکۆکیەکان بێت، نەک بۆ دژایەتیی لایەنێکی تر و، گەورەترکردنی ئەو کەلێنانەبێ کە هەن. لە هەمان کاتیشدا بنەما و خاڵەکانی هیچ ڕێککەوتننامەیەک لەنێوان دوو حزب، بگرە زیاتر لە دوو حزبیش لەلایەن پارتییەوە بە بنەمای بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی و یاسایی و ئیداریی لە هەرێمی کوردستان دانانرێن.
لە ڕێککەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕەچاوی هەوڵێک دەکرێت بۆ فراوانکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکان کە خزمەتی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە چەقبەستووەکان ناکات، بەڵکو بەرەو دۆخە نەخوازراوەکانی جارانمان دەباتەوە، لەهەمان کاتدا ڕێگرتنە لە یەکێتی نیشتمانی بۆ هەبوونی هەڵوێستێکی جیاواز لە بزووتنەوەی گۆڕان کە بەرەو ئاڵۆزی و توندڕۆیی زیاتر دەچێت.
یەکێتی نیشتمانی بەبێ هیچ جۆرە ڕەچاوکردنێکی هاوپەیمانیی و ڕێککەوتنی ستراتیژی و هاوبەشیی لە بەڕێوەبردنی کوردستاندا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و بەبێ هیچ جۆرە گفتوگۆ و ئاگادارکردنەوەیەکی پارتی، خۆی خستە ڕێککەوتنێک لەگەڵ لایەنێکدا کە کێشەیەکی سیاسیی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا دروست کردووە و، خۆی گەیاندە لێواری بوونەبەشێکی ئەو کێشەیە، ئەویش بە پێچەوانەی ماوەی ڕابردوو کە یەکێتی لەگەڵ پارتیدا هاوکاربوون بۆ چارەسەری کێشەکان.
پارتی جگە لە ئیرادەی گەل هیچ ئیرادەیەکی تر قبوڵ ناکات و ئەزموونی ڕابردووش دەریخست کە بەبێ پارتی ئیدارەی هەرێم ئەستەمە.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەستیارییەوە لەبارودۆخی ئێستای کوردستان دەڕوانێت و بەهیچ شێوەیەک ڕێگا بەهەر هەوڵێک نادات بۆ تێکدانی سەقامگیریی ئیداری و سیاسی و ئاسایش و لاوازکردنی ئیرادە و خۆڕاگریی پێشمەرگە کە، وا لە شەڕێکی سەخت دایە لەگەڵ دڕندەترین دوژمنی مرۆڤایەتی و ئازادی و، هێشتاش شەڕی گەورەترمان لەبەر دەمدا ماوە. هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان سوورە لەسەر ئەوەی کە خوێنی پێشمەرگە لەپێناو ئازادیدا نابێ بەفیڕۆ بدرێت و دەبێ گەلی کوردستان لە ڕێگەیەکی ڕەوا و یاسایی وەک ڕیفراندۆم ئیرادەکەی پیشانی هەموو جیهان بدات.
لەگەڵا ئەوەیش کە کوردستان لە تەنیشت دڕندەترین هێزی تیرۆریستی و لە ناوچەیەکی شڵەژاودایە، سوپاس بۆ خوا لە سەقامگیرییەکی گەورە دایە، لەبەر ئەوە پارتی دیموکراتی کوردستان باوەڕی وایە کە دەبێ هەموو هەوڵەکان لەپێناو ئەو سەقامگیریە و چارەسەری کێشەکان و پاراستنی دەسکەوتەکاندابن لەپێش هەر شتێکی تر.
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان
18-05-2016