رۆژنیوز هۆشمەند کوردی
بە پێی ئامارێک کە دراوەتە ڕۆژنیوز، لە ماوەی 9 مانگی ئەمساڵدا لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی، زیاتر لە 500 کەس لەسەر میلاکی تەندروستی سلێمانی کەمی کردووە و وازیان هێناوە، بەڵام لە گەرمیان هیچ کەسێک وازی نەهێناوە.
کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی تا دێت ڕوو لە زیادبوون دەکات و دەرهاویشتەکانیشی زیاتر دەردەکەوێ، کۆچکردنی کارمەندانی تەندروستیش بەدەر نیە لە هۆکارەکانی ئه و قەیرانە.
هاوژین عوسمان، لێپرسراوی کارمەندانی تەندروستی سلێمانی بە ڕۆژنیوزی وت: بە پێی ئامارێک کە لە بەردەستی ئێمەدایە لە ماوەی 9 مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا لە سنوری پارێزگای سلێمانی 517 کارمەندی میلاکی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی کەمیکردووە بە هۆکاری جیاواز.
وتیشی: سێ یەکی ئه و ژمارەیەی کارمەندانی تەندروستی لە سنوری بەڕێوەبەرایەتیەکەمان کۆچی دەرەوەی ووڵاتیان کردووە بە هۆی کاریگەرییەکانی قەیرانی داراییەوە.
لێپرسراوی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی سلێمانی ئەوەشی وت: بەشێکی تری کارمەندانی تەندروستی خانەنشین کراون و بەشێکیشیان موڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام ئەوانەشی هەر موڵەتیان وەرگرتووە کۆچی دەرەوەی وڵاتیان کردووە بە شێوەیەکی تر.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: هەر له و ڕێژەیە ژمارەیەک کارمەندی تەندروستی نەهاتوون بۆ سەرکارەکانیان و غیاب بوون و دوای ماوەی دیاریکراو فەسڵکراون و ئەمانەش هەر بەشێکیان بە هۆی کۆچکردنیانەوە بووە بۆیە نەهاتوون بۆ دەوام.
لای خۆیشیەوە، عەدنان ئەحمەد، لێپرسراوی کارمەندانی تەندروستی گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز دوا و وتی: لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان هیچ کارمەندێکی تەندروستی بە هۆی کاریگەری قەیرانی داراییەوە کۆچی نەکردووە بۆ دەرەوەی وڵات.
عەدنان ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا: لە سنوری ئێمە کارمەندی تەندروستی بەهۆی کاریگەری قەیرانی داراییەوە مۆڵەتی وەرگرتووە و کار دەکات.
16-09-2016