دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
وتەبێژی تەندروستی هەولێر ڕایدەگەیەنێت "ئامار و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژن لەچاو جەژنەکانی ڕابردوو ڕووی لە بەرز بوونەوەکردوە و لە هەر چوار ڕۆژی جەژنی قوربانی ئەمساڵدا 14 هەزار و 717 کەس سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردوە و هیچ حاڵەتێکی مردنی نەخوازراو تۆمار نەکراوە".
فاخیر کرمانجی، وتەبێژی تەندروستی هەولێر، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "بەپێی ئەو پلانەی کە بۆ چوار ڕۆژی جەژن دانرابوو، توانرا بەسەرکەتووانە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەپێی ئەنجامەکان ڕووداوەکان لەچاو جەژنەکانی ڕابردوودا زیادیان کردوە و لە هەر چوار ڕۆژی جەژنی قورباندا 14 هەزار و 717 کەس سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردوە".
وتیشی "لە هەر چوار ڕۆژی جەژندا 111 نەشتەرگەری گەورە ئەنجامدراون و 86 حاڵەتی سوتان و 83 حاڵەتی بەربوونەوە لەسەربان و ناوچە شاخاوییەکان ڕوویانداوە لەگەڵ 21 حاڵەتی پێوەدانی دووپشک و مار هەبوون".
وتەبێژی تەندروستی هەولێر ڕاشیگەیاند "70 کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ و 16 کەسیش بە گولە بریندار بوون و 26 حاڵەتی شەڕ و ڕووداوی کۆمەڵایەتی ڕوویانداوە".
فاخیر کرمانجی ئاماژەی بەوەشکرد "هیچ حاڵەتێکی مردنی نەخوازراو تۆمار نەکراوە و لەبەرامبەردا لە هەر چوار ڕۆژی جەژن 355 منداڵ لە دایکبوون".
- 16-09-2016