رۆژنیوز – کەرکووک
تەرمی شەڕڤانێکی یەپەگە، کە لە شاری سلوکی ڕۆژئاوای کوردستان شەهیدبووبوو، لە شاری کەرکووک بە مەراسیمێکی جەماوەری باخاکسپێردرا.
سەنگەر عەبدولحەکیم ناسراو بە (ئەرداڵ سورخوێن)، شەڕڤانی یەپەگە، کە لە شاری سلوکی ڕۆژئاوای کوردستان شەهیدبووبوو، پاش ڕاگرتنی تەرمەکەی بۆ ماوەی 10 ڕۆژ لەسەر سنوری نێوان باشور و ڕۆژئاوای کوردستان، دوێنێ لە شاری دهۆکەوە گەڕێندرایەوە بۆ شاری کورکوک و شەوی ڕابردوو بە مەراسیمێکی جەماوەری لە گۆڕستانی ڕەحیماوا بەخاکسپێدرا.
لە مەراسیمەکەدا، بەیان فەرەج، نوێنەری کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشور، شیلان شاکر، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، شێخ بەدر، نوێنەری پەیەدە، بێریتان ڕوکەن، لە فەرماندەیی یەژاستار لە کەرکووک و لەسەر ناوی خانەوادەی شەهیدیش عەبدولحەکیم، باوکی شەهید وتەیان پێشکەشکرد.
بەیان فەرەج ڕایگەیاند:" دوژمنەکانمان هەمیشە پیلان لەدژمان دەگێڕن، ئەگەر شەهید ئەرداڵ و هەڤاڵەکانی نەبوونایە، ئێمە نەماندەتوانی بە ئازادی لەسەر ئەم خاکە بژین، من لێرەوە جارێکی تر بانگەوازی دەکەم، کە کۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت، هەم بۆ خاوەنداریکردن لە شەهیدان و هەمیش بۆ شکاندنی هێرشی دوژمن لەسەر وڵاتەکەمان".
هەروەها شیلان شاکر، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، وتی:" شەهید ئەرداڵ سەری گەلی کوردی بەرزترکردەوە، چونکە ئەوان نوێنەری ئازادین، گەنجانی کورد لە کەرکووک، منیج، کۆبانێ، ئامەد، مهاباد تێدەکۆشن، ڕێگای ئەوان هەمان ڕێگای گەلی کوردە، ئێمە لێرەوە جارێکی دیکە بەڵێن دەدەین، کە لەبیریان نەکەین و درێژەپێدەری خەباری ئەوان بین".
پاشان، بێریتان ڕوکەن، نوێنەری فەرماندەیی هێزەکانی یەژاستار لە کەرکووک، ڕایگەیاند:" ئێمە هەتاکو ئەم گەلە ئازاد نەکەین، هیچ کاتێک لە شوێنی خۆمان دانانیشین، هیواکانی شەهید ئەرداڵ و هەڤاڵەکانی بەدیدێنین و لەسەر هەمان ڕێچکەی ئەوان بەردەوام دەبین و سەرکەوتن مسۆگەر دەکەین".
لەسەر ناوی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە)ش، شێخ بەدری قسەیکرد و وتی:" گەلی کورد زۆر کوڕ و کچی خۆی فیدای ئەم خاکە کردووە، ئەوەشی دەکەوێتە ئەستۆی ئێمە بەردەوامیپێدانی هەمان خەبات و تێکۆشانی ئەوانە".
هەروەها، عەبدولحەکیم، باوکی شەهید ئەرداڵ، وتی:" من بە شەهیدبوونی کوڕەکەم سەربەرزم، چوار کوڕم هەیە، هەر کات گەل و وڵات پێویستیان بێت، من ئامادەم ئەوانیش بەرەو شەهیدبوون بەڕێبکەم".
هەر لە مەراسیمەکەدا، ئامادەبوان، ناڕەزاییان لەبەرامبەر ڕاگەیاندنێکی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق نیشاندا، بەوەی کە هەواڵی ناڕاست لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بڵاودەکاتەوە و دەزگا ڕاگەیاندنەکەی پارتی-یان لە مەراسیمەکە دوورخستەوە، لەبەرامبەریشدا، نارەزایەتی گەنجانی کەرکووکی بە وتنی" یەپەگە ئێمەی لە ناوچەکە کردە دەرەوە" نیشاندا.