خەندان- دانا تەیب مەنمی
کۆمپانیای نەوتی گینێل ئینێرجی ڕایدەگەیەنێت کە لەبەرامبەر هەناردەکردنی نەوتی خاو لەکێڵگەی نەوتی تەق تەق لەمانگی تەمموزی ئەمساڵدا، تەواوی شایستە داراییەکانی خۆی و هاوبەشەکانی وەرگرتووە کە بڕەکەی زیاترە لە 23 ملیۆن دۆلار.
کۆمپانیاکە لەسەر وێبسایتی فەرمی خۆی ڕایگەیاند "هاوبەشەکانی کێڵگەی نەوتی تەقە تەق بڕی (23.37) ملیۆن دۆلاریان لەحکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە لەبەرامبەر هەناردەکردنی نەوتی خاو لەکێڵگەی نەوتی تەق تەق لەمانگی تەمموزی 2016دا".
روونیشیکردووەتەوە "بڕی (19.53) ملیۆن دۆلاری ئه و بڕە پارەیە بریتییە لەشایستە داراییەکانی کۆمپانیای گینێل ئینێرجی و بڕی (3.84) ملیۆن دۆلاریشی بریتییە لەوەرگرتنەوەی شایستەی دارایی پێشووتر کە وەکو قەرز لای حکومەتی هەرێم بووە".
وەرگرتنی کۆی پشکی گینێل ئینێرجی لەبەرامبەر هەناردەکردنی نەوتی کێڵگەی تەق تەق لەمانگی تەمموزدا بریتیبووە لە (12.85) ملیۆن دۆلار.
ئەوەشی خستۆتەڕوو کەتەواوی فرۆشی نەوت لەکێڵگەی تەق تەقەوە بۆ مانگی تەممووز تێکڕا بریتیبووە لە (61،788) بەرمیل نەوت لەڕۆژێکداو تێکڕای نرخی فرۆشتنی نەوت بۆ مانگی نیسان بریتی بووە لە (45.10) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت.
بۆ هەر بەرمیلێک لەنەوتی خاو کە لەبیری سەرەکی کێڵگەی تەق تەق هەناردەکراوە، بڕی پێنج دۆلار کەمتر لە نرخی پێوەری برنت داشکێنراوە بۆ کرێی گواستنەوه و کۆنترۆڵکردن، هەر بەپێی کۆمپانیای نەوتی گینێل ئینێرجی.
ناوچەی گرێبەستی کێڵگەی نەوتی تەق تەق دەکەوێتە 60 کیلۆمەتر باکووری ڕۆژهەڵاتی کەرکووک و 85 کیلۆمەتر لەباشووری ڕۆژهەڵاتی هەولێرو 120 کیلۆمەتر لەباکووری ڕۆژئاوای شاری سلێمانییەوه و تەواوی ڕووبەری ناوچەکە بریتییە لە 951 کیلۆمەتری چوارگۆشە.
کێڵگەی نەوتی تەق تەق لەساڵی 2006ەوە نەوتی لێ بەرهەمدەهێنرێت.
کۆمپانیاکە جەختیکردووەتەوە لەوەی "وەکو لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕێککەوتووین، فرۆشتنی نەوتی خاو بەپاڵاوگەی بازیان لەماوەی مانگی تەمموزدا لەبیری نەوتی سەرەکی کێڵگەکەوە بەنرخی کۆتایی (دوای لێدەرکردنی هەموو خەرجییەکی دیکە) بووە بەگوێرەی ئه و میکانیزمی پارەدانەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە 1ی شوباتی ئەمساڵدا ڕاگەیەندراوە".
- 02-10-2016