رۆژنیوز - سۆران محەمەد
بەهۆی شەڕی داعشەوە زیاتر لە 600 هەزار ئاوارەی عەرەب لە شاری کەرکووک جێگیر کراون، کە سەرجەمیان خەڵکی ناوەڕاست و باشوری عێراقن.
دوای ئازادکردنی ناوچەکانیان و چەند جارێک ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و پارێزگار بڕیاری ناردنەوەی ئه و ئاوارانەیان بۆ شارەکانی خۆیان دەرکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا ئه و ئاوارانە نەگەڕاونەتەوە شارەکانی خۆیان.
بۆ ئه و مەبەستە ئەمڕۆ نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکووک داوای هاوکاری لە گەورە مەرجەعی ئایینی شیعەکان، عەلی سیستانی کرد بۆ گێڕانەوەی ئاوارەکان، ئەم داواکارییەی پارێزگاری کەرکووک لە میانەی سەردانیکردنی پارێزگاری سەڵاحەدین، ئەحمەد عەبدوڵا جبوری و شاندی یاوەریدا بوو بۆ شاری کەرکووک.
پارێزگاری کەرکووک لە کۆبونەوەی لەگەڵ پارێزگاری سەڵاحەدین وتی :" پێویستە پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بە شێوەیەکی ئارام و جێگیر ئەنجام بدرێت، سەرکەوتنەکان نرخەکانیان دەرناکەون ئەگەر ئاوارەکان نەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بێ گەڕانەوەی ئاوارەکان پرۆسەی نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەش ئەنجام نادرێت".
دکتۆر نەجمەدین کەریم، وتیشی:" شاری کەرکووک پێشوازی کردوە لە زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە و ئه و بڕە سوتەمەنییەی پێی دەگات سێ یەکی ئه و بڕەیە کە پێش ڕوداوەکانی حوزەیرانی 2014 وەری دەگرت، بڕی وزەی کارەبا و داودەرمان بە هەمان شێوە کەم بونەتەوە، پارێزگاکەمان لە حکومەتی ناوەندەوە ئەمساڵ تەنها بڕی 800 ملیۆن دیناری وەرگرتوە و لە بواری فریاکەوتنی ئاوارەکاندا تەنها 8 ملیار دیناری بۆ خەرجکراوە ".
لای خۆشیەوە ئەحمەد عەبدوڵا، پارێزگاری سەڵاحەدین، وتی:" ئێمە کاردەکەین بۆ ڕازیکردنی ئاوارەکان به گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لەماوەی سێ مانگدا و کاردەکەین بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لە ناوچەکانیاندا ".
پارێزگاری سەڵاحەدین، وتیشی:" لەگەڵ هۆزەکاندا گەیشتوینەتە ڕێگا چارەیەک و سەڵاحەدین عێڕاقێکی بچووکە و کاردەکەین بۆ گێڕانەوەی ئاوارەکان، تا ئەم ساتە 90% ی ئاوارەکانی شارەکەمان گەڕاونەتەوە، ئەوەی ڕوویدا وانەیەک بوو کە نابێت دووبارە ببێتەوە و داوا لە حکومەتی عێڕاق دەکەم هاوکاری ئیدارەی شاری کەرکووک بکات، چونکە ئەرکێکی قورسیان کەوتۆتە سەر شان، ئاوارەکان کاریگەری زۆریان کردۆتە سەر باری ئابوری و گوزەرانی شارەکە و داواش لە پەرلەمانتاران دەکەم لای خۆیانەوە کاربکەن لەپێناو پشتیوانی کردنی کەرکووک".
سەبارەت بە پرۆسەی ئازادکردنی شاری موسڵ، دکتۆر نەجمەدین کەریم وتی:" بەهۆی ئه و پرۆسەیەوە ئاوارەی زۆر ڕوو لە شارەکان دەکەن و پێشبینی دەکرێت ئاوارەکانی موسڵ ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن، ئەگەر چی ئێمە لە کەرکووک لە مێژە باوەشمان کردۆتەوە بۆ ئاوارەکانی شاری موسڵ و دەرگای خوێندنگاکان و زانکۆی شوێن گرەوەمان بۆیان ئامادە کردوە و خوازیارین پاش ئازادکردنەوەی شاری موسڵ ئاوارەکان بگەڕێنەوە شارەکەیان، حاڵی حازر کەرکووک پێشوازی دەکات لە ئاوارەکانی قەزای حەویجە و دەوروبەری.
02-10-2016