دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
تادێت ڕووداوەکانی هاتوچۆ و قوربانیانی ڕوو لە زیادبوون دەکات، وتەبێژێکی هاتوچۆش ڕایدەگەیەنێت، تەنها لە سنوری دەڤەری ڕاپەڕین و لەماوەی هەشت مانگدا 308 کەس بونەتە قوربانی.
بەرپرسانی هاتووچۆ شۆفێران بە پابەندنەبوونی ڕێنمایەکانی هاتووچۆ تۆمەتبار دەکەن و شۆفێرانیش بەشێکی ڕووداوەکان دەگەڕێنەوە بۆ خراپی و کۆنی ڕێگاکانی دەرەوەو ناوەوەی شارو شارۆچکەکەکان کە بەشێکی زۆری ڕێگاوبانەکان تەمەنیان دەگەڕێتەوە بۆ 40 ساڵ پێش ئێستا و سەردەمی ڕژێمی بەعس.
سلێمان ئەبوبەکر، کە ماوەی چەندین ساڵە لە ڕێگای نێوان قەزای پشدەر و ڕانیە بەتاکسی کاری گواستەوەی هاوڵاتیان ئەنجامدەدات بۆ دواڕۆژ وتی "ڕووداوەکانی هاتووچۆ لەمساڵدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لەزیادبوون کردووە، بەشێکی ڕووداوەکانیش هۆکاری شۆفێران خۆیانن و بەشێکی تریشیان هۆکارەکەی خراپی ڕێگاوبانەکانن".
ئەو شۆفێرە دەڵێت "کەم ڕۆژ هەیە بە چاوەکانی خۆم دیمەنی پێکدادان و وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل و مردن و برینداربوونی هاوڵاتیان و شۆفێران نەبینم".
خۆشناو حەسەن، وتەبێژی هاتوچۆی ڕاپەڕین بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "ئاماری ڕووداوەکانی هاتووچۆ ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە، کەم ڕۆژ هەیە ڕووداوێکی دڵتەزێنی هاتوچۆ لە دەڤەرەکە تۆمارنەکرێت، کە بەشێکی زۆری ڕووداوەکان بە هۆی پابەندنەبوونی شۆفێرانەوەیە بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆ و بەشێکی تری ڕووداوەکانیش بەهۆی خراپی ڕێگاوبانەکانەوەیە".
بەپێی ئامارێکی پۆلیسی هاتوچۆ لە ماوەی هەشت مانگی ئەمساڵدا لەسنوری هەردوو قەزای ڕانیە و پشدەر (214) ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویداوە.
خۆشناو حەسەن وتیشی "بەهۆی ئه و ڕووداوانەی هەشت مانگی ڕابردوو، (308) کەس بوونەتە قوربانی، بەجۆرێک (25) کەس گیانیان لەدەستداوە و (283) کەسی تریش برینداربوون، کە دەتوانین بڵێین ئەمەش تیرۆرکردنە ڕووبەڕووی دەڤەرەکە بووەتەوە".
وتەبێژەکەی هاتوچۆ ڕایدەگەیەنێت، لەهەشت مانگی ڕابردوودا له و (214) ڕووداوە، (158) ڕووداویان لەڕێگاکانی دەرەوەی شارەکان ڕوویانداوە، چونکە لەو ڕێگایانە شۆفێران زیاتر تیژڕەوترن، ئەمە جگە لەوەی کە بەشێکی زۆری ڕێگای نێوان شار و شارۆچکەکانی دەڤەرەکە ڕێگای یەک سایدی دوو ئاڕاستەن.
ئەوەی تێبینی دەکرێت بەشێکی زۆری ڕووداوەکانی هاتوچۆ هۆکارەکەی خراپی و وێرانبوونی ڕێگاوبانەکانی دەڤەرەکەن.
بەختیار ئەحمەد، بەڕێوبەری چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی ڕاپەڕین بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "بەشێکی زۆری ڕێگاوبانەکانی دەڤەری ڕاپەڕین لە ڕەوشێکی خراپدان و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی بەپەلە هەیە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی ڕێگاکانی دەڤەرەکە ڕێگای یەک سایدن، بۆیە زۆرجار خراپی ڕێگاوبانەکان بووەتە هۆکاری ڕووداوەکانی هاتووچۆ".
قەیرانی داراییش هۆکارێکی تر بۆ چاکنەکردن و نۆژەننەکردنەوەی ڕێگاوبانەکان، کە لەئێستادا بە بڕی 80 ملیار دینار کاری پڕۆژەکانی ڕێگاوبانی وەستاندووە.
بەڕێوبەری چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی ڕاپەڕین وتیشی "بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانرێت کار لە پڕۆژەکانی ڕێگاوبان بکرێت بە دروستکردنی ڕێگای نوێ یاخود نۆژەنکردنەوەی ڕێگا کۆنەکان، چونکە لە ئێستادا لە سنوی ئیدارەی ڕاپەڕین بە گوژەی 80 ملیار دینار کاری پڕۆژەکانی ڕێگاوبان لەکارکەوتوون".
راشیگەیاند، ئەوان وەک بەڕێوبەرایەتی چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی ڕاپەڕین داوای بە پەلەیان ئاڕاستەی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت کردووە بۆ دابینکردنی بودجە بۆ کارکردن لە پڕۆژەکانی ڕێگاوبانی دەڤەرەکە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە هیچ بودجەیەکیان بۆ تەرخاننەکراوە.
بەڕێوبەری چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی ڕاپەڕین باسی لەوەشکرد، هەرچەندە خۆیان چەندین ڕێگایان نۆژەن کردووەتەوە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، چونکە بەشێکی زۆری ڕێگاکانی دەڤەری ڕاپەڕین تەمەنیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی بەعس و بەشێکیشیان کەڵکی بەکارهێنانیان نەماوە.
- 02-10-2016