دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
بەڕێوبەرایەتی وەبەرهێنانی هەولێر ئاماژە بەوەدەکات، تەنها لە 10 مانگی ساڵی 2016 بە ڕێژەی زیاتر لە دوو ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە هەولێر ئەنجامدراوە.
سامان عارەب، بەڕێوبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر، بۆ دواڕۆژ ئەوەی خستەڕوو، سەرەڕای قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2016 بە هۆی ئەنجامدانی زیاتر لە 40 پڕۆژەی وەبەرهێنان قەبارەی وەبەرهێنان بە 2 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
سامان عارەب، ئاماژەش بەوەدەکات، هەرچەندە بە بەراورد بە بەر لە هاتنی قەیرانی دارایی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، قەبارەی بەرهەمهێنان کەمیکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆژەکانی وەبەرهێنان ڕۆژ دوای ڕۆژ لە هەولێر لە هەستانەوەدایەو پێشبینیدەکرێت لە پارساڵ باشتربێت.
بەڕێوبەری وەبەرهێنانی هەولێر، ڕوونیشیکردەوە، جگە لە قەیرانی دارایی و شەڕی داعش ڕاگرتنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بەهۆی چاکسازیو هەوڵدان بۆ گۆڕانکاری لە یاسایی وەبەرهێنان هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ کەمبوونەوەی ئاستی وەبەرهێنان.
ناوبراو، وتیشی "لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوو نزیکەی 50 ملیار دۆلار قەبارەی سەرمایەی گشتی کارپێکراو بووە لە بواری وەبەرهێنان و تاوەکو ئێستاش مۆڵەتمان داوەتە نزیکەی 800 پڕۆژە".
- 04-10-2016