دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
بەچەند هۆکارێکی جیاواز لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا سەرەتای ئەم مانگە 256 خێزان بە ماڵەوە شاری هەڵەبجەیان جێهێشتووە، ئەوەش لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەڵەبجەی هانداوە تا دەست بەلێکۆڵینەوە بکەن لەبارەی هۆکارەکانی کە زۆربەیان بەرەو سلێمانی کۆچیان کردوە.
فریاد نەجمەدین، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگای هەڵەبجە، ئەمڕۆ سێشەممە 4ی تشرینی یەکەمی 2016 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی کۆچی بەلێشاوی خێزانەکان لە هەڵەبجەوە بۆ شارەکانی تری هەرێمی کوردستان، بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستمان بەلێکۆڵینەوە کرد و بۆماندەرکەوت لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا 256 خێزان بەماڵەوە هەڵەبجەیان جێهێشتووە.
رونیشیکردەوە، لێکۆڵینەوەکانمان لەسەر ڕاسپاردەی پارێزگاری هەڵەبجە ئەنجامداوە و بۆماندەرکەوتووە ئه و خیزانانەی کۆچیان کردوە سەرجەمیان هەڵەبجەیی نین، بەڵکو لەو ژمارەیە 70 خێزانیان عەرەبی ئاوارەبون و گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، هاوکات 20 خێزانی دیکەیان کوردی ئاوارەی ڕۆژئاوا بون و دوو خێزانیشیان خەڵکی ڕۆژهەڵات بون لەگەڵ ماڵێکی تورکیشی تێدابووە کە هەڵەبجەیان جێهێشووە.
بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگای هەڵەبجە، وتیشی، لە کۆی ئەو 256 خێزانە 163 خێزانیان لەسەر خواستی خۆیان ڕوویان لەپارێزگای سلێمانی کردووە هەروەها 48 خێزانیش ڕویان لە هەورامان کردوە لەگەڵ ئەوەشدا نۆ خێزان بەرەو هەولێر و چوار خێزانیش بۆ سەیدسادق و هەشت خێزان بۆ شارەزوور و دوو خێزانیش بۆ کەلار و ئیدارەی گەرمیان کۆچییان کردوە.
لەبارەی هۆکاری کۆچەکەشیانەوە ئاماژەی بەوەکرد "هەریەکە لەو خێزانانە بەهۆکاری جیاواز و بەهۆی باری ژیان و گوزەرانیانەوە کۆچییان کردوە، بۆ ئەو مەبەستەش لێکۆڵینەوەکانمان بەردەوامی هەیە".
هەڵەبجە لە 2014/3/13 بڕیاری بە پارێزگاکردنی بۆ دەرچووە پێکدێت لە ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، سیروان، بیارە و بەمۆ کە ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 120 هەزار کەس دەبێت.
- 04-10-2016