وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمانگی ڕابردوودا 16 ملیۆن و 944 هەزارو 237 بەرمیل نەوتی فرۆشتووەو داهاتەکەی 611 ملیۆن و 764 هەزارو 928 دۆلار بووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سامانە سروشتییەکان، لەمانگی ڕابردوودا هەرێم ڕۆژانە 564 هەزارو 808 بەرمیل نەوتی هەناردەکردووەو نرخی ناوەندیی فرۆشتنی هەر بەرمیلێک نەوت 36 دۆلارو 10 سەنت بووە.
لەداهاتی ئەو مانگەی فرۆشتنی نەوت، حکومەتی هەرێم نزیکی 76 ملیۆن دۆلاری داوەتە کۆمپانیاکانی نەوت کە لەهەرێم کاردەکەن، زیاتر لە 188 ملیۆن دۆلاری دراوە بەو کۆمپانیایانەی پێشتر قەرزی لێکردوون، 20 ملیۆن دۆلاری دراوە بە کەرکووک وەک پترۆدۆلار، لەکۆتاییدا حکومەت نزیکی 328 ملیۆن دۆلاری بۆ ماوەتەوە.
هەرچەندە حکومەتی هەرێم مانگی ڕابردوو نەوتی زیاتر فرۆشتووە بەراورد بە مانگی 8، بەڵام پارەی کەمتری بۆماوەتەوە بەراورد بەو مانگە، لەبەرئەوەی قەرزی زیاتری داوەتەوە.
مانگی 8 حکومەتی هەرێم 12 ملیۆن و 763 هەزارو 566 بەرمیل نەوتی هەناردە کردووەو داهاتەکەی 413 ملیۆن و 994 هەزارو 993 دۆلار بووە، لەو مانگەدا لەدوای دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکان و پارەی پترۆ دۆلار بە کەرکووک، هەرێم نزیکی 350 ملیۆن دۆلاری بۆماوەتەوە.
- 07-10-2016