دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەڵەبجە ئاشکرایدەکات، زیاتر لە دوو هەزار مامەڵەی نوێی کەمئەندامانمان ڕەتکردوەتەوە کە شایستەی ئەوەن موچە وەربگرن و مەرجەکانیشیان تێدایە.
سالار فەتاح، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەڵەبجە، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبونی بودجە و موچەوە مامەڵەی زیاتر لە دوو هەزار خاوەن پێداویستی سنورەکەمان ڕەتکردوەتەوە و وەرمان نەگرتووە لەکاتێکدا هەموو مەرجەکانی خاوەن پێداویستی تایبەتیان هەبوە و لیژنەی پزیشکیش پشتگیری کردوون چونکە دەزانین حکومەت موچەیان بۆدابین ناکات و ئێمەش نامانەوێت خەڵکی بخەینە چاوەڕوانییەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێانی کۆمەڵایەتی هەڵەبجە، حەوت هەزار و 40 خاوەن پێداویستی تایبەتی تۆمارکراون و موچەیان بۆ بڕاوەتەوە بەڵام ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە هیچ خاوەن پێداویستیەکی تایبەتی دیکە ناوی نەخراوەتە ناو لیستی موچەوە و موچەی بۆ نەبڕاوەتەوە ئەوەش بەهۆی بەردەوامی قەیرانی دراییەوە.
بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەڵەبجە، وتیشی"هۆکاری دەستبەکارنەبونی لیژنەی تایبەت بە دوبارە پشکنینەوەی خاوەنپێداویستیەتایبەتەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجەدا ناتوانرێت ئەو لیژنە تەندروستیە دروستبکرێت کە وەزارتی کاروباری کۆمەڵایەتی پەسەندی دەکات بەڵام لەلایەن وەزیری تەندروستی و بەرپرسانی هەڵەبجەوە بەڵێنمان پێدراوە کە ئەو لیژنەپزیشکیەی لە ئێستادا لەسلێمانی کار دەکات دوای تەواوبوونی کارەکانیان بگوازرێنەوە بۆ هەڵەبجەو دەست بە دوبارە پشکنینەوەی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانی سنورەکە بکەن".
- 07-10-2016