هەڤاڵ محەمەد
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی بایکۆتی دەوام لەلایەن نزیکەی 47 هەزار مامۆستاوە دەرگای سێ هەزار قوتابخانە هەفتەیەکە داخراوە، بەهۆیەوە 700 هەزار خوێندکار لەخوێندن دابڕاون.
ماوەی هەفتەیەکە مامۆستایان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجه و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بایکۆتی وەرزی نوێی خوێندنیان کردووە کە کۆتایی مانگی ڕابردوو دەستیپێکرد، ئەوەش بەهۆی ناڕەزاییان لەدژی دواکەوتنی موچه و سیستەمی پاشەکەوت.
عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بەخەندانی ڕاگەیاند "لەسلێمانی و کۆیه و ڕاپەڕین و هەڵەبجە نزیکەی 47 هەزار مامۆستا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووه و دەرگای سێ هەزار خوێندنگەیان داخستووە، به و هۆیەوە زیاتر لە 700 هەزار خوێندکار لەخوێندن دابڕاون".
بەپێی ئامارەکانی یەکێتی مامۆستایان، لەهەرێمی کوردستاندا نزیکەی 126 هەزار مامۆستا و یەک ملیۆن و 700 هەزار خوێندکار هەیە، کە لەئێستادا زیاتر لە 700 هەزاریان بەهۆی بایکۆتی دەوام لەلایەن مامۆستایانەوە لەخوێندن دابڕاون.
تائێستا بایکۆتکردنی دەوام لەلایەن مامۆستایانەوە بەردەوامه و مامۆستایان هەفتانە لەناوچەکانیان گردبونەوەی ناڕەزایی ئەنجام دەدەن.
ئەمە یەکەمجار نییە مامۆستایان بایکۆتی دەوام بکەن، ساڵی ڕابردوو مامۆستایانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دوو مانگ بایکۆتی خوێندنیان کرد، بەهۆی دواکەوتنی موچەکانیان.
عەتا ئەحمەد وتی "بایکۆتەکانی ساڵی ڕابردوو زیانی نەبوو، هیوادارین ئەمساڵیش داواکاریەکانی مامۆستایان جێبەجێبکرێت و بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن و بایکۆتەکەیان کاریگەری دروستنەکات، بەتایبەت کەلەئێستادا چەند هەوڵێک دراوە".
جەختیشیکردەوە، بایکۆت لەروی عەمەلیەوە کاریگەری خراپی زۆر هەیە "ساڵی ڕابردوو کاریگەری هەبووە لەسەر ڕێژەی دەرنەچونی خوێندکار و دابەزینی ئاستی زانستی خوێندکار، زۆربەی خوێندکارەکانی ساڵی ڕابردوو مەنهەجیان بەتەواوەتی نەخوێندووە، لەروی نەفسیشەوە خوێندکار دابڕاوە، ئەمە جگلە لەلایەنە فەرمیەکەی کەنزیک بوو لەوەی خوێندن بفەوتێت".
جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان باسی لەوەکرد، بەپێی ستانداردی جیهانی پێویستە هەموو ساڵێک 900 کاتژمێر دەوام بەردەوام بێت، بەڵام لەحاڵەتی ئاسایدا کوردستان 500 کاتژمێر دەوامی کردووە، ساڵی ڕابردوو لەهەرێمی کوردستان نزیکەی 350 کاتژمێر دەوامکرا، بەڵام هەمیشە حساب بۆ ناوچەیەک دەکرێت کە شەڕی تێدابێت.
تائێستا دیار نییە بایکۆتی مامۆستایان تاکەی بەردەوام دەبێت و ئایا وەرزی نوێی خوێندن له و شوێنانەی بایکۆت تێیدا هەیە بەردەوام دەبێت یان نا.
هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی پەروەردە دڵنیایی خۆی نیشاندا لەوەی مامۆستایان دەچنەوە هۆڵەکانی خوێندن و خوێندکاران لەخوێندن بێ بەش ناکەن، بەڵام تائێستا مامۆستایانی ناڕازیی جەخت لەبەردەوامی بایکۆت دەکەنەوە.
بەردەوامی ئه و دۆخە لەکاتێکدایە، سەرەتای ئەم مانگە لەقوتابخانەکانی سنوری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا، بەپێچەوانەی ناوچەکانی ترەوە که مامۆستایان لەسەرشەقام گردبوونەوە و زەنگی بایکۆتیان لێدا.
- 08-10-2016