بازرگانی موڵک تادێت زیاتر دەتەپێت و ئومێدی بوژانەوەی کەمتر دەبێتەوە، ئەوەش بەهۆی قوڵبونەوەی بەردەوامی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان کە بەوتەی نوسینگەکانی خانوبەرە، بازاڕی ئه و کەرتە بەره و داڕمان دەبات.
جموجۆڵ و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم بەتایبەت ئیدارەی خۆجێیی سلێمانی بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری قەیرانەکان، تائێستا نەیتوانیووە گۆڕانکاری لەبازاڕی خانوبەرەدا دروستبکات و لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا ئه و کەرتە زیاتر پاشەکشە دەکات، لەکاتێکدا هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەر نییە.
گۆران فازڵ، خاوەنی نووسینگەی نینا بۆ خانوبەرە لەشاری سلێمانی ڕەوشی ئێستای کڕین و فرۆشتنی خانو و زەوی بەزۆر خراپ وەسفدەکات و بەخەندانی وت "تەنها بازاڕی باڵەخانەی بازرگانی کەمێک جوڵەی تێدایه و داواکاریی بازار ئەمڕۆ زیاتر بۆ کرێ یە، نەک کڕین و فرۆشتن".
ئه و خاوەنی نووسینگەیە خراپی بازاڕ دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەم دۆخە سیاسەی ئێستا، کە "کاریگەری زۆر خستوەتەسەر دەروونی خەڵک، دەتوانین بڵێین تا ئێستاش پارە لە عێراق و کوردستاندا هەیە، بەڵام خەڵک بەرچاو ڕوون نییە دۆخەکە بەره و کوێ دەڕوات. ئایا ئەمڕۆ ئەیکڕێت بەیانی قازانج دەکات یاخود زیان؟".
لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانی دارایی لەسەرەتای ساڵی 2014 و سەرهەڵدانی داعش لەناوەڕاستی ئه و ساڵە، دواتریش قەیرانی سیاسیی ناوخۆ لەساڵی ڕابردووەوە ئه و بازرگانییەی تائاستی داڕمان بردە خوارەوە.
غالب محەمەد، سەرۆکی لیژنەی بازرگانی و پیشەسازی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەخەندانی وت "نرخی خانووبەرە بۆ نیوە دابەزیوە، ئەگەر خانوویەک پێشتر بە 80 هەزار دۆلار بووبێت، ئێستا 40 هەزار دۆلار دەکات، هاوڵاتیانیش ئه و پارەیەی کە هەیانە نایدەن بەخانوو، بەڵکو هەڵی دەگرن بۆ پێداویستییەکانیان بەهۆی ئەوەی دۆخی هەرێمی کوردستان خراپ و ناڕوونە".
بەبڕوای ئه و بەهۆی ئەوەی موچە کەم بووەتەوه و دوادەکەوێت، ئەوەی زۆر پێویستە خەڵک دەیکڕێت وەک خواردن و پێداویستییە سەرەکییەکان، خانوو و زەوییش له و پێداویستییە سەرەکیانەدا نیە.
قەیرانی دارایی دووساڵەی هەرێمی کوردستان، جگە لەراگرتنی هەزاران پرۆژە و پەککەوتنی چەندین کارگە، بووە هۆی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران لەوادەی خۆیدا سەرباری کەمکردنەوەی بڕەکەی بەپێی سیستەمی پاشەکەوت، ئەوەش ئەوەندەی تر بازاڕی سست کردووە.
عەلی محەمەد، خاوەنی نووسینگەی ترێ بۆ خانوبەرە لەشاری سلێمانی نیگەرانە لەسستی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوبەرە، بۆ خەندان ڕونیکردەوە کە نەمانی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانیش کاریگەری زۆری هەیە لەسەر نەمانی بازاڕی زەوی و خانوو له و ناوچانەی خزمەتگوزارییان کەمە، "گەر ناوچەیەک خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تێدا نەبێت، خەڵک چۆن زەوی و خانوی لێ دەکرێت؟".
لەناوەڕاستی ئەمساڵدا پارێزگاری سلێمانی بڕیارێکی دەرکرد بە مەبەستی "بوژاندنەوەی بازاڕ" ئەویش بەناوکردنی موڵک و ماڵی شاری سلێمانی بوو بۆ سەر هاوڵاتیانی (نا- کورد)، ئه و بڕیارەش هەرچەندە ناڕەزایی بەشێک لەشەقامی کوردیی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام دواجار چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەڵام خاوەنی نووسینگەکانی مامەڵەی زەوی و خانوو لەسلێمانی پێیانوایە ئه و بڕیارە جوڵەیەکی ئەوتۆی نەخستوەتە بازاڕەوە.
خاوەنی نوسینگەی نینا دەڵێت "لەسەرەتاوە کە بابەتەکە گەرم بوو هاوڵاتیان دەهاتن و هەواڵیان دەپرسی، بەڵام بڕگەیەکی تێدایە کە دەبێت ڕەزامەندی ئاسایش وەربگرن بۆ ئه و کەسانەی لەکوردستان موڵک دەکڕن.. ئەوەنە ئەمسه و ئەوسەری پێ دەکرێت هاوڵاتیان بێزار دەبن و نایکڕن".
هەروەها خاوەنی نوسینگەی ترێ هەمان بۆچونی هەیه و دەڵێت کە ئه و بڕیارە شتێکی ئەوتۆی لەبازاڕ نەگۆڕیوه و "عەرەبەکان ئێستا دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان".
بازرگانیکردن بەموڵک و خانوبەرە چەند ساڵێک لەهەرێم بەخێرایی گەشەی سەندو لەماوەیەکی کەمدا لەشارەکان جگە لەخانوی تایبەت، چەندین شاری بازرگانیش دروستکران، بەڵام هەر بەخێراییش پاشەکشەی کرد.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەگرنگی بڕیارەکەی پارێزگای پێشوی سلێمانی کەمدەکاتەوە و پێیوایە، "کاتی خۆیشی وتمان کە دۆخی هیچ شوێنێک چاک ناکات جگە لەوەی چەند کەسێک سودمەند دەبن ئەوانەی کە شوقه و خانویان هەیه و دەیانەوێت ساغی بکەنەوە".
غالب محەمەد هۆکاری سەرەکی گرفتەکە دەبەستێتەوە بەنرخی نەوتەوە و ڕونیکردەوە "ئەگەر دابەزینی نرخی نەوت بۆ حکومەتی عێراق یەکجار خراپ بێت، بۆ هەرێمی کوردستان دووجار خراپە، بەهۆی ئەوەی بەغدا بودجە بۆ هەرێم نانێرێت، بەوهۆیەوە حکومەتی هەرێم ناتوانێت موچە بدات، ئەوەش کاریگەریی دەبێت لەنەمانی بازاڕو کزی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان".
دابەزینی نرخی نەوت لەدوو ساڵی ڕابردوو قەیرانی دارایی له و وڵاتانە دروستکرد کە داهاتی سەرەکییان لەسەر ئه و کەرتەیە، هەرێمیش له و نێوەندەدا بوو کە لەناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە سەربەخۆ نەوتی خۆی هەناردەدەکات و دەیفرۆشێت، دوای ئەوەی لەگەڵ بەغدا ڕێکنەکەوتن.
غالب محەمەد جەختیکردەوە "تا دۆخی نەوت باش نەبێت، عێراق دۆخی باش نابێت و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستانیش خۆی یەکلابکاتەوه و داهاتەکانی ڕادەستی بەغدا بکات و بودجەی 17% وەربگرێتەوە، ئەوکات دەتوانێت موچە دابەشبکاتەوه و دۆخی بازاڕ ببوژێنێتەوە".
لەپاڵ ئه و قەیرانەدا، هەرێم زیاتر لەدوو ساڵە بەدرێژایی هەزار کیلۆمەتر لەشەڕدایە دژی داعش، ئەوەش بارگرانی دارایی زیاتری دروستکردووە و وایکردووە، هاوڵاتیانیش کەمتر ڕوو لەکڕین و فرۆشتنی خانوبەرە بکەن.
"وردە وردە لەدوای ساڵی 2014 و هاتنی داعش بازاڕ بەرەوی کزی هاتووە، بەڵام ئه و بارودۆخە سیاسیەی دروستبوو کاریگەریی زیاتری له و شەڕە دروستکرد، شەڕەکە لەدەرەوەی کوردستانە، بەڵام سیاسەتەکە لەناوخۆی کوردستانه و هیوای خەڵکی لەباربردووە" خاوەنی نووسینگەی نینا وایوت.
گۆران فازڵ دەڵێت "لەراگەیاندنەوەکانەوە خەڵک هەست بەرەشبینی دەکات ئەوەش وادەکات ئه و پارەیەی هەیەتی هەڵیبگرێت و نەیخاتە بازاڕەوە".
سەرباری قەیرانەکانی دارایی و شەڕی داعش، لایەنە سیاسیەکانیش لەساڵی ڕابردووەوە لەململانێی ناوخۆییدان دەربارەی چەند پرسێک لەنێویاندا دۆسیەی سەرۆکایەتی هەرێم، بەهۆیەوە پەرلەمان پەکیکەوتووە و لەچەندین کۆبوونەوەدا نەیانتوانیووە ڕێکبکەون.
هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئه و قەیرانانەدا، نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی شارەکانی عیراق و سوریای لەخۆگرتووە، هەرچەندە ئەوان پێشتر وەکو هۆکارێک بۆ بوژانەوەی بازاڕ لێکدەدەرانەوە، بەڵام لەئێستادا ئه و کاریگەرییەیان کەمبۆتەوە.
خاوەنی نووسینگەی ترێ بۆ خانوبەرە ئاماژەی بەوەدا کە ئه و جوڵە کەمەی چەند مانگی پێشوو هەبووە لەلایەن هاوڵاتیانی عەرەبەوە ئێستا نەماوە بەهۆی گەڕانەوەیان بۆ ناوچە ئازادکراوەکانیان.
- 09-10-2016