بەپێی شیکارییەکی نوێ ڕێکخراوی #داعش# لەعیراق و سوریا زیاتر لە چوار یەکی ئەو خاکەی لەسەرەتای ساڵی 2015 لەژێر دەستیدابوو، لە ئێستادا لەدەستی داوە.
شیکارییەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەت بەشیکاریکردن و دابیکردنی زانیاریی بۆ حکومەتەکان ئەنجامدراوە بەناوی(IHS) تێیدا دۆخی داعش لەئێستادا بەراورد دەکات بە سەرەتای 2015 کە ئەوکات زۆرترین ناوچەی لەژێردەستدابووە.
بەپێی شیکارییەکە، لە نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا داعش 78 هەزار و 65 هەزارو 500 کیلۆمەتر دووجا خاکی لەدەستداوە کە دەکاتە ڕووبەری وڵاتێکی وەک سریلانکا.
لەگەڵ ئەوەشدا لە سێ مانگی کۆتاییدا پڕۆسەی ئازادکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش کەمی کردووە، بەشێوەیەک لە مانگی تەموزەوە تەنها 2 هەزارو 800 کیلۆمەتر دووجا لەژێر دەستیدا دەرهێنراوە.
ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمکردنەوەی بۆردومانەکانی فڕۆکە ڕوسییەکان دژ بە داعش، بەشێوەیەک لەسەرەتادا 26%ی بۆردومانەکانی ڕوسیا داعشی دەکردە ئامانج، بەڵام لەهاوینەوە ئەو ڕێژەیە بۆ 17% دابەزیوە.
ڕوسیا وەک هاوپەیمانێکی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد بەشداری لەجەنگی سوریادا دەکات و سەرباری داعش هاوکات بۆردومانی هێزە ئۆپۆزسیۆنە نەیارەکانی حکومەتی دیمەشق دەکات.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە داعش ڕووی لەلاوازی کردو چەندین پێگەی گرنگی خۆی لەدەستدا.
لەهەرێمی کوردستانەوە هێزەکانی پێشمەرگە زۆرینەی زۆری خاکی کوردستانیان کۆنتڕۆڵ کردەوەو چەکدارانی داعشیان دوورخستوەتەوە.
سوپای عیراقیش توانی ئەنبارو فەلوجەو گەیارەو چەند ناوچەیەکی دیکەی گرنگ کۆنتڕۆڵ بکاتەوەو ئێستاش لەدواین هەنگاوەکانیدایە بۆ ئازادکردنەوەی موسڵ.
بەهەمان شێوە لەخاکی سوریا داعش لەچەند لایەکەوە پاشەکشەی کردووەو بەشێک لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لەدەستداوە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرابەرایەتی یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە) توانییان لەناوەڕاستی ئەمساڵدا شارۆچکەی مەنبەجی ستراتیژی کۆنتڕۆڵ بکەن و داعش لەو ناوچەیە دوور بخەنەوە.
هەروەها هەر لەمساڵدا پەیوەندی داعش بەتەواوی بەسنوری تورکیاوە پچڕێندرا کە وەک سەرچاوەی ئەو ڕێکخراوە بۆ پەیوەندیکردنی چەکداری نوێ دادەنرا.
#09-10-2016#