دواڕۆژ، هۆگر کەمال
بەڕێوەبەری بانکی بابان لە سلێمانی ئاشکرایدەکات، هەفتەی داهاتوو پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵەکانی (2014- 2015) دابەشدەکەن.
سدیق عەبدوڵا، بەڕێوەبەری بانکی بابان لە سلێمانی، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لە مانگی ڕابردوو دوو چەکی پارەی گەنمی جوتیارانمان بەدەست گەیشت، ڕەوانەی بانکی ناوەندی عێراقمان کردەوە بۆ وردبینیکردن تێیدا.
وتیشی "بەپێی ئەو زانیارییانەی پێمان گەیشتووە بڕیارە هەفتەی داهاتوو پارەکە لە بەغداوە بخرێتە سەر حساب بانکی ئێمە".
ئاماژەی بەوەشدا، هەر کە پارەکە بەدەستمان گەیشت ڕاستەوخۆ جوتیاران ئاگاداردەکەینەوە و دەستبەدابەشکردنی دەکەین".
بەڕێوەبەری بانکی بابان، ڕونیشیکردەوە، بڕیارە بەغدا پارەی گەنمی جوتیارانی هەولێر و دهۆکیش بنێرێت بۆیان، چونکە ئەوانیش چەکیان بۆ کراوە.
لەلایەکی ترەوە ئەمین محەمەد، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە، بە دواڕۆژی وت"مانگی ڕابردوو چەکی پارەی گەنمی جوتیارانمان بەدەستگەیشت، کە هی ساڵەکانی (2014 و 2015)یە ناردومانە بۆ بانکی ناوەندی هەرێم و بانکی بابان لە سلێمانی".
ئاماژەی بەوەشدا "چەکێکیان هی ساڵی (2014)یە، کە بڕەکەی 25 ملیار دینارە، هەروەها چەکەکەی تریان هی ساڵی (2015)یە، کە بڕەکەی 67 ملیار دینارە، واتە هەر جوتیارێک نیوەی پارەی بەرهەمی ساڵەکەی وەردەگرێت لە ئێستادا".
باسی لەوەشکرد "چاوەڕێی وەڵامی بانکین، کە بڵێن پارەمان بەدەستگەیشتووە، ئێمەش چەک دەدەین بە جوتیارەکان بۆ وەرگرتنی پارەکەیان".
ئەگەرچی لە سێ مانگی ڕابردوودا پەرلەمانی عێراق داوای لە حکومەت کرد لە ماوەی 10 ڕۆژدا شایستە داراییەکانی جوتیاران خەرج بکات، بەڵام بە بیانووی نەبوونی پارە ڕایگەیاند کە لەم کاتەدا ناتوانێت ئەو بڕە پارەیە خەرج بکات، ئێستاش لەژێر فشاردا بانکی ناوەندی نیوەی پارەی ساڵانی (2014- 2015)ی بۆ جوتیاران دابین کردووە، بەڵام هێشتا جوتیاران نیوەکەی تری ئەو دوو ساڵە و پارەی گەنمی 2016 شیان لای حکومەت دەمێنێت.
- 12-10-2016