رۆژنیوز هاوکار مستەفا
جیاواز لەوەی کە خاکی سنوری شارۆچکەی پێنجوێن و دەوورووبەری زۆر گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی تەماتە و شووتی، بەڵام لە ئێستادا بەرهەمی پەتاتەش بە ڕێژەیەکی زۆر لە ناوچەکە بەرهەمدەهێنرێت و تەنها لەمساڵدا دوو هەزار و 500 تۆن پەتاتە بەرهەمهێنراوە و جوتیارانیش نیگەرانن.
لەگەڵ بەرهەمهێنانی ئه و بڕە زۆرەی پەتاتە لە زەویە کشتوکاڵییەکانی پێنجوێن، بەڵام جوتیاران نیگەرانن لەوەی کە حکومەت سەرەڕای ئەوەی هاوکاری مادییان ناکات لەهەمان کاتیشدا سنورەکان بەڕووی هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکیدا داناخات.
هەرێم ئەردەڵانی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارەدێی گەرمک، هاوکات وەک جوتیارێکیش دەستی بە چاندنی پەتاتە کردووە، بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد وتی: لەگەڵ ئەوەی کە زەوی ناوچەی پێنجوێن خاکێکی بەپیتە و بۆ زۆربەی جۆرەکانی کشتوکاڵ دەستدەدات، بەڵام خۆشبەختانە توانیومانە لە بەرهەمهێنانی جۆرێکی تری بەرهەم سود له و زەویە کشتوکاڵییە وەربگرین، کە ئەویش بەرهەمی پەتاتەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد: بەهاوکاری چەند جوتیارێکی سنوری شارەدێی گەرمک ئەمساڵ لە ڕووبەری 65 دۆنم زەویدا دەستمان کرد بە چاندنی بەرهەمی پەتانە کە بۆ ئه و مەبەستەش بڕی 50 تۆن پەتاتەمان وەک بنەتۆو بەکارهێناوە، لە ئێستاشدا دەستمان کردووە بە چنینەوەی بەرهەمی پەتاتە و خۆشبەختانە توانیمان ڕێژەیەکی باش پەتاتە بەرهەمبهێنین.
وتیشی: "لە ڕووبەری ئه و 65 دۆنمە زەوییە توانیومانە بڕی دوو هەزار و 500 تۆن پەتاتە بەرهەمبهێنین، بەڵام ئەوەی بوەتە گرفت بۆ ئێمە و جوتیاران ئەوەیە، کە بەهۆی دانەخستنی سنورەکانەوە و هاوردەکردنی پەتاتە لە مەرزەکانی پەروێزخان و مونزیریەوە، نرخی پەتاتە لە بازاڕەکانی هەرێم لە بەرژەوەندی جوتیاران نیە، چونکە بۆ هەر کیلۆیەک بڕی 250 دینار لەسەر ئێمە دەکەوێت، بەڵام له و نرخە کەمتر دەیفرۆشنەوە هەندێک جار نەبێت دەگاتە بڕی 400 دینار".
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمک ئاماژەی بەوەشکرد: وەک ئەوەی حکومەت ناتوانێت هاوکاری جوتیاران بکات و پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکات، خۆ دەتوانێت سنورەکان دابخات و ڕێ بە هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی نەدات، بەڵام بەداخەوە ئەوەشی نەکردووە، ئەوەش لە بەرژەوەندی جوتیاران و بەرهەمی خۆماڵیدا نییە.
14-10-2016