پێنەجەمین کۆنگرەی پژاک بەڕێوەچوو و تیایدا، سیامەند موعینی و زیلان ڤەژین وەک هاوسەرۆکانی نوێ هەڵبژێردران.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) پێنجەمین کۆنگرەی خۆی لە ڕۆژانی 15 و 16ی ئۆکتۆبەر بە بەشداری82 کەس لە ئەندامانی خۆی لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەڕێوەبرد.
لە کۆنگرەکەدا، پژاک کار و چالاکی دوو ساڵەی ڕابردووی خۆی نرخاند و ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش بە کۆنگرە کرد، کە تیایدا ئاماژە بەوە کراوه، کە پژاک وەک پارتێکی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەبێت ڕۆڵ و بەرپرسیارێتی خۆی بۆ جێگیرکردنی سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک لە کوردستان و ئێران پێکبهێنێت.
لەو کۆنگرەیەدا ئەندامانی ئەنجومەنی پژاک بە ڕێگای هەڵبژاردن دیارکران و هەروەها سیامەند موعینی و زیلان ڤەژین وەک هاوسەرۆکانی نوێ هەڵبژێردران.
پژاک لەم کۆنگرەیەدا وێڕای ڕەخنە لە ڕژێمی ئێران جەختدەکاتەوە، کە دەیەوێت پرسی گەلانی ئیران بە ڕێگای سیاسەتی دیموکڕاتیک چارەسەر بکرێت و لەسەر ئەو باوەڕەیە ئەگەر بێتو ڕژێمی ئێران ویست و داخوازیە دیموکراتیکەکانی گەلانی ئێران بەتایبەتی گەلی کورد لەبەر چاو نەگرێت، شەپۆلی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئه و وڵاتەش دەگرێتەوە.
هاوکات پژاک داوا لە سەرجەم هێزە سیاسیەکان و کۆمەڵگای مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات کە هەوڵەکانی خۆیان بۆ سازکردنی بەرەیەکی هاوبەش بۆ دیموکراتیزە کردنی ئیران چڕتر بکەن.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان کە ساڵی 2004 لەلایەن هەندێک لە خوێندکارانی تەڤگەری ئازادی کوردستان دامەزرا و لە ماوەی 12 ساڵ خەبات و چالاکی خۆی بەردەوام هەوڵیداوە کێشەی کورد لە ئیران بە زمانێکی سیاسی و دیموکراتیک چارەسەر بکات، بەڵام ڕژێمی ئێران هەرکات وەڵامی داخوازیەکانی بە هێرش و گرتن و سێدارە داوەتەوە.
24-10-2016