لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بۆ ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی ئەنجامدەر و هاوکارانی هێرشە تیرۆریستییەکەی ڕۆژی هەینی کەرکووک، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی کەرکووک، توانرا پێنج تیرۆریست لەناو شاری کەرکووک دەستگیربکرێن:
بەناوەکانی (وسام محمود محمد سلیم ناسراو بە ابو وچاح) و (مروان فیصل محمد سلیم) و (عمار فیصل محمد سلیم) و (رعد فیصل محمد سلیم) و (عبد فیصل محمد سلیم) کە هاوکاری چەکدارانی گروپی تیرۆریستی داعش بوون، لە هێرشەکەی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی (21-10-2016)ی شاری کەرکووک.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و زانیارییە هەواڵگرییەکان، دەرکەوت برایەکی تیرۆریستی دەستگیرکراو (ابو وچاح) بەناوی (سلام محمود محمد سلیم البیاتی) ناسراو بە (ابو قدامە) یەکێک بووە لە بەرپرسە سەربازییەکانی گروپی تیرۆریستی داعش لە حەویجە و بەرپرسی چەکدارانی بەشداربووی هێرشەکەی ڕۆژی هەینی کەرکووک بووە، لەبەرئەوەی ناوبراو پێشتر لە کەرکووک ژیاوە، بۆتە ڕێنیشاندەری چەکدارە تیرۆریستەکان لە هاتنەناوەوەیان بۆ شارەکە، لە هەمانکاتدا ئەرکی دەستبەسەرداگرتنی باڵەخانەی پارێزگای کەرکووکی لە ئەستۆ بووە. دوای بەرپەرچدانەوەی هێرشە تیرۆریستیەکەی داعش، لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانی کەرکووکەوە، تیرۆریستی ناوبراو خۆی لە نزیک چەمی خاسە حەشاردا بوو، بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان شوێنی خۆحەشاردانی دەستنیشانکرا و لە ئۆپەراسیۆنێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی کەرکووک، ئێوارەی ئەمڕۆ، تیرۆریست (ابو قدامە) گەمارۆدرا و دواتر لە ڕووبەرووبونەوەیەکدا، کوژرا.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
24-10-2016